بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیاسەتمەداری کوردستانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (سەباح)ی تورکی، ڕایگەیاند: "نابێت پرۆسەی ئاشتیی تەنها وەک ڕادەستبوونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت".
ناوبراو دەشڵێت: "تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەربکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەکەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بکرێت، بۆچوونەکانتان هەرچۆنێک بێت پێویستە بەشداریی لە پرۆسەی چارەسەردا بکەن و حکوومەتی تورکیا بەجدیی کاری بۆ بکات".
ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوەدا: "توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تائێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی ڕوودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە ڕوون بکەینەوە، دەبێت باس لەوەبکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندیی بە کوردەوە نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
ئەم سیاسەتوانە بەناوبانگەی کورد جەختیش دەکاتەوە: پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەو پێشدەچێت، حساباتەکانی بەوردی دەکات، تەنانەت ڕەخنەکانیش چاوەڕوانکراوەکانیش لەبەرچاو دەگرێت، لەسەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتیی بەشنەکرد، بەڵام لەمدواییانەدا ڕونیکردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات.
ئەحمەد تورک لەبەشێکی دیکى قسەکانیدا دەڵێت: "ئهردۆغان لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆ بووەوە، منیش دەمەوێت بەدیاریکراوی لەبارەی سووریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆ ببنەوە و بڕیار بدەن چی بکرێت، پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرعیش قسە بکەین، بەڵام بەبۆچوونی من، پێویستە لەگەڵ کوردانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچوونەکانیان بگرین".
Your Comment