حکوومەتی دیمەشق گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی بەسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبدا سەپاندووە

هەسەدە دەڵێت ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات، ئەنجامی ڕاستەوخۆی هەوڵی گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی کاتییە و ئەوان پێشتر سەرجەم هێزەكانیان كشاندوەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگەشەی ناڕاست بڵاودەکەنەوە کە گوایە هەسەدە بازگە و خاڵەکانی پشکنینی سەر بە چەکدارانی حکوومەتی دیمەشقیان کردوەتە ئامانج لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب.

ئاماژەی بەوەش كرد، جەخت دەکەینەوە کە ئەو بانگەشانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نین، چوونکە هێزەکانمان لە ناوچەکەدا بوونیان نییە لە دوای کشانەوەیان بەپێی لێکتێگەیشتنی ۱ی (نیسان/۴).

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ڕودەدات، ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دووبارەیە کە لەلایەن گرووپەکانی حکوومەتی دیمەشقەوە دژی دانیشتوانی مەدەنی ئەنجام دەدرێت.

دەشڵێت، "ئەوان گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیییان بەسەردا سەپێندراوە و هاوکاری و پێداویستی پزیشکییان بڕیوە، چەندین هاوڵاتییان ڕفاندووە، و بەردەوام بوون لە وروژاندنی ڕۆژانەی دانیشتوان لە بازگە و دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە، و لەم دواییانەشدا سەنگەری گڵیان لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە بەرز کردوەتەوە و گەمارۆیان سەپاندووە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "لە هەڵکشانیەکی مەترسیداردا، ئەو گرووپانە هەوڵ دەدەن بە تانک و زرێپۆشەوە بچنە ناوچەکە و گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بە گولـلەهاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی  مەدەنی و زیانێکی زۆریش بە موڵک و ماڵ گەیشتوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕەفتارانە بوەتە هۆی وروژاندنی دانیشتوان و پاڵنانیان بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، هاوشان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو دوو گەڕەکە، کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

هەسەدە باسی لەوەش كردووە، حکوومەتی دیمەشق بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بەرپرسیار دەزانن لە بەردەوامبوونی گەمارۆ و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، و لە هەڵکشانی مەترسیداری ئەم دواییانە کە ئازارەکانی دانیشتوان زیاتر دەکات و هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات، و بێباکی بە ئەنقەستی خۆی بەرامبەر بە ژیان و کەرامەتی خەڵک ئاشکرا دەکات.

دەشڵیت: "داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین بەپەلە و بە شێوەیەکی کاریگەر هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ نادادپەروەرە، و ڕاگرتنی هێرش و وروژاندنە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی".

News ID 226211

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha