تۆمەتبارکردنی نووری مالیکی بە تووندڕۆیی ستەمێکی گەورەیە

ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی لە کاردانەوەیێکدا بۆ هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر نووری مالیکی، دەڵێت: " تۆمەتبارکردنی نووری مالیکی بە تووندڕۆیی ستەمێکی گەورەیە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەدوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر مالیکی شبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی و یەکێک لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری ئێکس، بەرگری لە نووری مالیکی، بەربژێری چوارچێوەکە دەکات و دەڵێت: "تۆمەتبارکردنی مالیکی بە تووندڕۆیی و دروستکردنی پشێوی ستەمێکی گەورە و چەواشەکردنی رای گشتییە".

زەیدی نووسیوێتی: "داعش دروستکراوی ئەمریکییە و لەلایەن ئۆباما، بایدن و هیلاری کلینتۆنەوە دروستکراوە".

سەبارەت بە بنەماکانی سیستمی سیاسی لە عێراق، شبل زەیدی دەڵێت: "دابەشکاریی نەتەوەیی و تائیفی لەلایەن پۆڵ برێمەرەوە و لە رێگەی چەسپاندنی سیستمی پشکپشکێنە لە ئەنجوومەنی حوکمدا داهێنرا کە تاوەکو ئێستاش عێراق بەدەست لێکەوتەکانی ئەو سیستمەوە دەناڵێنێت".

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەشڵێت: "لەو کاتەی عێراق کەوتبووە نێو پیلانگێڕیی شەڕی تائیفی،(نووری مالیکی )سیمبوولی پیاوی دەوڵەت و میانڕۆیی بوو و یەکێکە لە بونیاتنەرانی گرنگی دەوڵەتی نوێی عێراق و کۆڵەکەیەکی پرۆسەی سیاسییە".

زەیدی پەیامەکەی بە پەندێک کۆتایی پێدەهێنێت و دەڵێت: "تۆمەتەکەی خۆی خستە پاڵ من و خۆی لێ دەرچوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەوانەی مالیکی تۆمەتبار دەکەن، خۆیان هۆکاری کێشەکانن.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی ئاڕاستەی عێراق کرد و ڕایگەیاند: "لە سەردەمی دەسەڵاتی مالیکیدا عێراق کەوتبووەناو پشێویی و هەژارییەوە و نابێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەریش مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بگەڕێتەوە واشنتن چیتر هاوکاری بەغدا ناکات".

News ID 226795

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha