ئاشتی لەسەر لاشەی کوردانی سووریا بەدینایەت

فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت: تورکیا و سعوودیە و قەتەر و ئوردون و ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا پاڵپشتی ئەو پلانەن کە دەیەوێت شوێنک بۆ كورد نەهێڵنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تیڤی" سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی حکوومەتی کاتی سووریا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند: ئەو هێرشانەی لە ۶ی ۱ی بەکرێگیراوانی دەستەی تەحریر شام و دەوڵەتی تورکیا لە حەلەبەوە دەستیپێکرد، شتێکی ئاسایی نین، ڕوونە کە ئەمە پیلان و پلانێکی گەورەیە.

قەرەیلان وتیشی: "ئەوان دەیانویست بە پێی رێککەوتنی سایکس پیکۆ نەخشەی ناوچەکە بکێشنەوە، ئێستاش دەستیان کردووەتەوە بە دووبارە کێشانەوەی نەخشەکە، ئەمجارەیان لە ناوخۆی سووریاوە، نەخشە نوێیەکە هیچ شوێنێک بۆ کورد ناهێڵێتەوە، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاواش ئامانجیان دروستکردنی مەهابادی دووەمە".

قەرەیلان دووپاتی کردەوە، "ئەم هێرشانە رەزامەندی وڵاتانی هەرێمایەتی و هێزە نێودەوڵەتییەکانی هەیە، ئەم پلانە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەیی وەک تورکیا و سعوودیە و قەتەر و تەنانەت ئوردنیشەوە پاڵپشتیکراوە، جگە لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.

ئاماژەی بە بانگەوازەکەی عەبدوڵان ئۆجەلانیش کرد لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ کرد و وتی: ئامانجی بنەڕەتی ئەم بانگەوازە برایەتی نێوان گەلانە، لە کاتێکدا ئەم پیلانگێڕییە هەوڵی چاندنی دوژمنایەتییە لە نێوانیاندا.

پەیامێکی روونیشی ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا کرد و رایگەیاند: "پێویستە سەرۆک ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لەوە تێبگەن، ئاشتی لەگەڵ کورد لەسەر جەستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەدی نایەت".

News ID 226796

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha