لە تورکیا جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی فەرمی قبووڵ ناکرێت

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە: "چاکسازی یاسایی ناکەین تا پەکەکە و لقەکانی چەک دانەنێن". جەختیش دەکاتەوە، لە تورکیا جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی فەرمی قبووڵ ناکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتییەوە قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، قۆناغی یاسایی پرۆسەی ئاشتی کاتێک دەست پێدەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەنێویاندا ئەوانەی لە سووریاشن، چەکەکانی دادەنێت. دواتر دەست بە هەندێک چاکسازی یاسایی تایبەت بە پرۆسەکە دەکەن.

کورتوڵموش ئاماژەی بەوەش داوە، دوای ئەوەی پەکەکە بەتەواوەتی هەڵوەشایەوە، ڕێکخستنی یاسایی بۆ ئەو ئەندامانەی ڕێکخراوەکە دەکەن کە دەستیان لە تاواندا نییە، بەڵام دۆخی ئەوانەی دەستیان لە تاواندا هەبووە، کەمێک ئاڵۆزتر دەبێت.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەش کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆچوونەکانی خۆی لە ڕێگەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارێزەرەکانییەوە دەخاتە ڕوو، بەڵام تا ئێستا کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ناوبراو لە بەرنامەدا نییە. ئەگەر بخرێتە بەرنامەشەوە، پێویستە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیسیۆن پەسەند بکرێت، ئینجا دەکرێت لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە.

لە تورکیا جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی فەرمی قبووڵ ناکرێت

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردەوە کە تەنانەت ناتوانرێت گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکرێت کە جگە لە زمانی تورکی، هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی فەرمی قبووڵ بکرێت و پرۆسەکە هیچ بابەتێک لەخۆ ناگرێت کە زمانێکی دیکە لە تورکیا بکرێتە فەرمی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ۰۱ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵، دوای دوو مانگ پشووی پەرلەمانی تورکیا، وەرزی نوێی یاسادانان دەست پێدەکات. هاوکات، پرۆسەی ئاشتیش لە وڵاتەکەدا ئەمڕۆ یەک ساڵ تێپەڕاند.

 

News ID 226182

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha