بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر چەلیک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن تی ڤی" وتی: پرۆسەکە بەو شێوەیەی کە ئێمە پێشبینیمان دەکرد بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانیش دەکەین لە ماوەی چەند رۆژێکدا چەکدانان ڕووبدات، ئەمەش واتە ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیێکی فیزیکی دەستی پێکردووە، عێراق لە پێشینەی کارەکانیدا دانراوە، پرۆسەی داماڵینی چەک لە عێراق جیاواز دەبێت لەگەڵ پرۆسەی داماڵینی چەک لە سووریا.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بە هیچ شێوەیێک نامانەوێت لایەنی سێیەم دەستوەردان بکات، ئەمە پڕۆژەیێکی کۆماری تورکیایە، تورکیایێکی دوور لە تیرۆر سەرچاوەی ئیلهام دەبێت بۆ هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە.
وتەبێژی ئاکپارتی باسی لەوەشکرد: پرۆسەی داماڵینی چەک دەبێت لە ماوەی (٣-٥)مانگدا تەواو بێت، ئەگەر زیاتر لەوە بخایەنێت، ئەوا تووشی کێشە دەبێت.
لەبارەی دۆخی سوورياش وتی: رێبازی ئێمە لە سووریا ئەوەیە، سووریا سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی بپارێزێت، یەک سوپای هەبێت.
داماڵینی چەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتيش تەنها لەڕێی تێکەڵبوونی بە سوپاوە بەدی دێت، پێویستە تێکەڵ کردنی هەسەدە بە سوپای سووریا تەواو بێت و ببێتە بەشێک لە سوپا.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئامۆژگاری من بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەیە کە پرۆسەکە خێراتر بکەن، ئەگەر چەکەکانیان دانەماڵن، دەبێتە هەڕەشە بۆ هەردوو وڵاتی سووریا و هەم بۆ کۆماری تورکیا، پێویستە هەسەدە ببێت بە بەشێک لە سوپای سووریا.
Your Comment