بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای فەرمیی حکوومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، شەوی سێشەممە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میت سەردانی شاری هەولێری کردووە و لەگەڵ هەریەک لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم کۆ بوەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکاندا پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ کراوە و ئیبراهیم کاڵن جەختی لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردوەتەوە و بە گرنگی زانیوە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا کۆتایی بێت.
وەک میدیای دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکاندا ئاسایشی تورکمانەکان و ڕۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئیبراهیم کاڵن پشتیوانیی تورکیای بۆ تورکمانەکانی عێراق دووپات کردووەتەوە.
لە دیدارەکاندا سەرۆکی میت ڕایگەیاندووە، لە قۆناخی داهاتوودا ئەنقەرە دیدار و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەکات.
Your Comment