بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕۆژی شەممە، ۲۸ی حوزەیرانی ۲۰۲۵ بڵاوی کردەوە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەراورد بە پێشتر، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی و سنووری زێی گەورە زیادیان کردووە.
هەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای تورکیا لە ڕۆژانی ۲۱ - ۲۶ی حوزەیراندا لە ڕێگەی درۆنەوە ۹ جار لە ناوچەکانی نزیک لە ڕووباری زێی گەورە و ۱۱ جاریش لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان، بۆردوومانی پێگەکانی پەکەکەی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی هەپەگە، گەریلاکانی پەکەکە لە ڕۆژانی ۲۴ - ۲۶ی ئەم مانگەدا بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.
هەپەگە ڕەخنەی لە حکوومەتی تورکیا گرتووە و دەڵێت، هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکەن.
هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ۲۷ی شوباتی ۲۰۲۵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
۱۲ی ئایاری ۲۰۲۵ پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی ۱۲ی خۆی ڕاگەیاند، کە لە ۵ - ۷ی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
Your Comment