ئێران وڵات و ماڵی دوویەمی کوردەکانی عێراقە

پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆڕبەندی سنەدا جەختی لە سەر ئیرادە و خواستی جیدیی بەرپرسانی حیزبی و حکوومیی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ قووڵتر کردنی پەیوەندییەکان و گەشەپێدان بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و وتیشی: ئێمە وەکوو کورد هەمیشە ئێران بە ماڵی دوویەمی خۆمان دەزانین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وتەکانیدا لە کۆبوونەوەی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و سێ پارێزگای ئێرانی دراوسێی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "وەک شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینمان بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و بەتایبەت پارێزگاری بەڕێزی کوردستان هەیە، خۆشحاڵین کە سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارێزگارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دراوسێی ئێران، بەڕێوەدەچێت.

ناوبراو زیادی کرد: کۆبوونەوە هاوبەشەکان کاریگەری زۆر ئەرێنییان لەسەر پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەبووە. ئەمڕۆ سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەش بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێبەری ئێران لە پارێزگای کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و کاربەدەستانی باڵای ئێران بەڕێوەچوو کە ئەمەش دەرخەری گرنگیی ئەم کۆبوونەوەیە.

ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند: بەڕێز ئەسەدی کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دابین کردنی هەلومەرجەکە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوانە گێڕاوە.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە: هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵای حکوومی و حزبی، ئیرادەیێکی جیددی هەیە بۆ پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە هەموو بوارەکانی فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریدا.

ناوبراو زیادی کرد: لە سەرەتای دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە هەرگیز خۆمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە میوان نەزانیوە. ئێران لە سەردەمی ستەمی بەعسدا لە کاتە دژوارەکاندا ماڵ و نیشتیمانی دووەم و سەرەکیمان بووە و ئێمەش سوپاس و پێزانینمان بۆ ئێران هەیە.

ناوبراو وتیشی: دوای دامەزرانی هەرێمی کوردستان، ئێران یەکەم وڵات بوو کە پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. ئێمەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکدا لە یەک سەنگەردا و شان بەشانی ئێران لەدژی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس شەڕمان کردووە، ئێستاش ئیرادەی هاوبەشمان هەیە بۆ خزمەتکردن بە گەلەکەمان.

ئومێد خۆشناو هەروەها وتی: پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هەنگاوی هاوبەشیان ناوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران. یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ پارێزگای قەزوین نموونەیێکی دیکەی ئەم ئیرادە جیددییە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانمانە.

ناوبراو هیوای خواست کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابین کردنی ئاسایش بەدرێژایی سنوورەکان کە درێژییەکەی زیاتر لە ٧٠٠ کیلۆمەترە لەگەڵ ئێران، بەرەوپێش بچێت.

خۆشناو ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و بازاڕی کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کارئاسانی بکەن و بەستێن بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی فەراهەم بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بە سەردانی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق کرد و وتی: ڕوانگەی ئەرێنی و خواستی جیددی جەنابی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاسانکاری و هاوکاری زۆری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کردووە.

ئومێد خۆشناو هیوای خواست کە خولی داهاتووی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی دراوسێی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەبچێت و بەردەوامی ئەو کۆبوونەوانە زیاتر پەرە بە پەیوەندیی هەمەلایەنەی هەردوولا بدات.

لە کۆتاییدا ئومێد خۆشناو بە نوێنەرایەتی شاندی هەرێمی کوردستان یادی شەهید ڕەئیسی و شاندی یاوەری بەرز ڕاگرت و هیوای خواست کە خوای گەورە ڕۆحی برایەتی و ئاشتی و پێکەوە ژیان لە نێوان خەڵکی ئێران و هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە.

News ID 225463

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha