بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعوود بارزانی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد پەیامی سەرۆکی پارتی خوێندەوە کە تیایدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی کورد لە سووریا و داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ لەو وڵاتە بە گرنگ دەزانێت کە "گەرەنتی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە سووریا مسۆگەر بکات".
دەقی پەیامەکەی بارزانی لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
خوشک و برایانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز..
زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرینگەدا سڵاوى خۆم بە ئێوەى بەڕێز و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگەیەنم.
ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کورد و دەستەبەربوونی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەلی کورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات و هەروەها ببێتە هۆی بەشداریتان لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت دەستخۆشی لەو هەوڵانەی بەڕێز مەزلووم عەبدی و یەک بە یەکی ئێوەى خۆشەویست بکەم لە ڕێخۆشکردن و ئامادەکاری بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە. هیوادارین هەمووتان لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە نێوان ڕیزەکانى گەلەکەماندا.
ئاشکرایە گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى بێبەشبوون و نکۆڵی و چەوساندنەوە دەناڵێنێت. ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە سووریا و ناوچەکەدا ڕوویان داوە و لە داهاتووشدا ڕوو دەدەن، دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەکەمان هاتۆتە ئارا و ئێوە بەرپرسیاریەتێکى مێژوویى گرانتان لە ئەستۆدایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و داڕشتنی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەى گونجاو کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو و ئازاد و دیموکراسیدا.
لەبەر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ئێستاى ناوچەکەمان، گرنگیی خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیانە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان بەدیار دەکەوێت. لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی ئەمڕۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان زۆر لە جاران گرنگترە و ئەنجامی باشتریشی لێ دەکەوێتەوە.
ئێوەى بەڕێز زۆر باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە بەرچاوەکانی شەڕ و توندوتیژی لەسەر گەلی سوریا بوون، کە بووە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و شێوانی شیرازەی ژیان و بەهێزبوونی مەترسیەکانی توندڕۆیی و تایفەگەری و تیرۆر.
هەربۆیە ئێمە پشتگیری لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێى دیموکراسیی و فرەیی و یەکسان دەکەین کە تیایدا مافەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکرێت و ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت نەمێنێت. هەروەها پشتیوانی لە داڕشتنی دەستوورێک دەکەین کە گەرەنتی ئەم پرەنسیپانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵات مسۆگەر بکات و بپارێزێت، ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو سوورییەکان، کە گەرەنتی مافە مەدەنی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاووڵاتییان بکات.
بەڕێزان دەمەوێ دووپات بکەمەوە کە یەکگرتوویی کورد و بنیاتنانی پێگەیەکی هاوبەش دەروازەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردیی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دمشق، هەنگاوێکی پێویستە بەرەو هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کاریگەرانە لە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری گەلی سوریاى دراوسێمان دەکەینەوە. چەسپاندنی ئاشتی مەدەنی و پشتیوانیکردن لە کولتوری لێبوردەیی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سوریا لەسەر بناغەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوڵاتیبوونی یەکسان دادەمەزرێ کە بنچینەى سەرەکین بۆ بنیادنانى وڵاتێکى سەقامگیر و ئارام بۆ هەمووان.
لە کۆتاییدا داواى سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەکەم و هیوادارم دەرئەنجامەکانى ببنە مایەى بەهێزترکردنی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان و لە ئاستى ئازار و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورد بێت. پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردنبێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.
Your Comment