بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی ۱۸ـی نیسانی ۲۰۲۵، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مەبەستی بەشداریی لە دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا، گەیشتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکە ئاشکرای کرد لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو واتا ۲۶ـی نیسان، ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارشەممەی تیمە تەنکییەکانی هەردوو وڵات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
هاوکات دەڵێت: هۆکارێک بۆ گەشبینی و ڕەشبینی نییە، هەروەها تیمەکانی هەردوولا چوارچێوەیەکی گشتیی بۆ ڕێککەوتن دادەنێن.
هەر لەبارەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند، دانوستانەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو و لە دوو ژووری جیاواز بەڕێوەچوو.
هەروەها باسی لەوە کرد، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، گوتەکانی هەردوو شاندی بۆ یەکتر دەگواستەوە و زانیارییەکانی نێوانیانی ئاڵوگۆڕ دەکرد.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئامانجی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانە.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران هاوڕابوون لەسەر ئەوەی درێژە بە دانوستانەکانی نێوانیان بدەن، تا لە قۆناغەکانی داهاتوو بگەن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی هەفتەی ڕابردووی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەرێنی بوون، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی دانوستانەکان بۆ مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن کردەوە.
Your Comment