وردەکاریی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە زمانی بەقاییەوە/ ڕۆژێکی چارەنووسسازە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕۆژێکی چارەنووسسازە و ئامانجەکەشی مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێرانە، وتی: گفتوگۆی ناڕاستەخۆی ئێران و ئەمریکا نزیکەی کاتژمێر ۳ و ۲۰ خولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس جەختی لە ناڕاستەوخۆبوونی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند: "دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان عێراقچی، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نێوەندگیری بەدر ئەلبوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان دەستیپێکرد."

بەقایی ئاشکراشی کرد: "ئەم گفتوگۆیانە لە شوێنی پلان بۆ دانراو و بە میوانداری عومان بەڕێوەدەچن و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە هۆڵی جیاواز دادەنیشن و لایەنەکان لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە دیدگا و هەڵوێستی خۆیان بە یەکتر دەگەیێنن."

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان رایگەیاند، ئێران هەوڵی رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و شکۆمەندانە" لەگەڵ ئەمریکا دەدات.

عەباس عێراقچی گوتیشی، "نیازمان وایە لە روانگەی یەکسانەوە بگەینە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و شکۆمەندانە. ئەگەر لایەنی بەرامبەریش بە هەمان هەڵوێست هاتبێتە پێشەوە، پشتیوان بە خودا دەرفەت بۆ لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی کە دەبێتە رێخۆشکەر بۆ رەوتێکی دانوستاندن."

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا زۆر پرسی سەرەکی و بنەڕەتی روون دەکرێنەوە و گوتی: "ئەگەر ئیرادەی پێویست لە هەردوولا هەبێت، بڕیار لەسەر خشتەی کاتیش دەدەین، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە، "ئەوەی ئێستا روونە ئەوەیە کە دانوستاندنەکە ناڕاستەوخۆ دەبێت و لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمییە و بە ئیرادەی پێویست بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە لە پێگەیەکی یەکسانەوە بێت و ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران، بەڕێوە دەچێت".

News Code 225205

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha