بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "لەم يادهدا، بە رێز و شکۆدارييهوه شەهیدانی ئەنفالکراو بەبیر دههێنینەوە و سڵاو له بنەماڵە و کهسوکارى خۆڕاگریان دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەرپرسیارێتيی یاسایی و ئەخلاقیی هەیە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان له ههموو روويهکهوه." هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت کە حکوومەتی فیدراڵی، "بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانى عێراق جێبهجێ بکات، کە ئەنفالی وەکو جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووه."
لە بەشێکی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی جهختی لەوە کردووەتەوە: "ههموو لايهنه پهيوهنديدارهکانى ههرێمى کوردستان کار دهکهن بۆ پێشکێشکردنی پشتگیری و چاودێری بۆ بنەماڵەی شەهیدان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئەنفالکراوەکان، دۆزينهوه و گێڕانهوهى رووفاتهکانيان بۆ نيشتمان، هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتيی تەواو بە تاوانی ئەنفالدا وەکو جینۆساید."
ناوبراو دەشڵێت: "قەوارە و دهستکهوتهکانى هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی شەهیدانن. لەم یادەدا، داکۆکى له یەکڕیزی و پێکەوەيى بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشترى پڕ له دادپەروەری و ئاشتی بۆ گەلى کوردستان، دهکهينهوه".
ساڵی ۱۹۸۸ لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە زیاتر لە ۱۸۲ هەزار منداڵ و ژن و پیاوی کورد لە شاڵاوی ئەنفالدا کرانە قوربانی؛ ئەمڕۆ ۳۷ ساڵی بەسەردا تێپەڕی.
Your Comment