بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەی گەل، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ۳۷ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی رەفتار فاشی، لە هەشت قۆناغی یەک لەدوای یەکدا پرۆسەی ئەنفالی کوردی ئەنجام دا و بەهۆیەوە پێنج هەزار گوند خاپوور کراو، دوو هەزار ۹۰۰ مزگەوت و هەزار و ۸۰۰ خوێندنگە لەگەڵ زەوی تەخت کرا، سەرەنجام دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان لە منداڵ و ژن، لە پیر و گەنج لە بیابانەکاندا بەشێوەیێکی دڕندانە و دوور لەهەر بەهایێکی مرۆڤانە و نامۆ بە هەر داب و نەریت و کلتوری گەلان و ناکۆک بەهەر مۆراڵێکی مرۆڤبوون زیندەبەچاڵ کران.
بەرەی گەل ئاماژەی بەوەش كرد: "بەعسیەکان مەڵۆیێکی گەورەی تریان خستە سەر خەرمانی کار و کردەوە ڕەگەزپەرستەکانیان و قەتماغەی برینی کیمیابارانی هەڵەبجە، پرۆسەی تەفسیری کوردانی فەیلی، تەبعیس و تەعریبی کۆی گەلی کوردیان لەویژدانمان هەڵدایەوە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "لەئێستادا ئەوەی کە ئەم برینانە بەسوێ تر دەکات، ئەوەیە کە رۆژانە بە بەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوان سەدان تانکەری نەوتی قاچاغ ئاودیوی سنورەکان دەکرێت. ناوچەکانی ئەنفال بونەتە ناسنامەی گەندەڵی و ناعەدالەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم".
بەرەی گەل ئەوەشی خستەڕوو، "ناوچەکانی ناسنامەی ئەنفال لە سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بوەتە شوێنی بەخشینەوەی زەوی گرانبەها بەکوری بەرپرسەکان و داگیرکردنی بیرە نەوت و کاری مافیایی و سەرانە سەندن، لەولایشەو سەدان گەنجی پاشماوەی ئەنفال بەبێ کار دەسورێنەوە و بەبروانامەی بەرزیشەوە دانامەزرێن".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی بەرەی گەل: "ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ کە قوڵایی ئەنفالستانن، بەهۆی دەوڵەمەندی سامانی سروشتی لە نەوت و گاز، دەبوایە خۆشگوزەرانترین ناوچەی هەرێم بان، بەڵام بەهۆی دزی و چاوچنۆکی دەسەڵاتدارانی حزبی و حکومی بونەتە رەمزی پشتگوێخستن و نەبونی پێداویستیە سەرەتاکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە، هەربۆیە ساڵانە لەیادی ئەنفالدا بەرپرسان جورئەتی ئەوە ناکەن بەشداربن و بێنە ناو خەڵک. کەدڵنیاین ئەمانە رۆژێک دێت بەتەواوی لەلایەن گەلەوە رسواو شار بەدەر دەکرێن".
بەرەی گەل باسی لەوەشكردوە، ۱۴ی ۴ی هەموو ساڵێک کەیادی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەکانە. لەقوڵایدا دەرفەتێکیشە بۆئەوەی کەجارێکی تر تیشک بخەینە سەر کۆمەڵێک داواکاری بنەرەتی و کێشەی جەوهەری کەبەدرێژایی ساڵانی رابردو فەرامۆشکراون و بەهەڵپەسێرراوی ماونە، وەك جێبەجێکردنی تەواوەتی پرۆسەی ناساندنی تاوانی ئەنفال وەک جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی عیراقی بەهەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادگەری و یاسادانانەوە.
هەروەها، حکوومەتی عیراق پەلە بکات لە جێبەجێ کردنی پێداویستەیەکانی تایبەت بەهێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوەکانمان کە ژمارەیان زیاتر لە ۱۷۰ هەزار هاوڵاتی دەبێت و بەهۆی کێشەی پشکنینی DNA و پاساوی ئەمنی و سستی لەهەنگاوەکانی پرۆسەکە هەتا ئێستا کەسوکاریان لەچاوەروانی ئێسک و پروسکی ئازیزانیان دەستەوسان راوەستاون.
بەرەی گەل دەشڵێت، هەردو حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێم هەوڵی جدیان نەداوە بۆ ناساندنی کەیسی ئەنفال وەک جینۆساید لەئاستی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش ناهەقیەکی ترە بەرامبەر کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیەکانیان. هەروەها دابینکردنی زەوی و شوێنی نیشتەجێکردن بۆ پاشماوەی کەسوکاری ئەو ئەنفالکراوانەی کە بەهەر هۆیەک بێت بێ بەشکراون لەو مافە رەوایەی خۆیان.
بەرەی گەل بەڵێنیش دەدات: "کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانیان دەبین ، لەبەدیهاتنی داواکاری و مافەکانیان".
Your Comment