بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای ململانێکانی سووریاوە، دانیشتوانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب توانیویانە سیستەمێکی ڕێکخراو و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان دابمەزرێنن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیێکی کاریگەر پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەو هێڵە بەرگرییەیان کرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان قوربانییێکی یەکجار زۆریان داوە و دەستکەوتی ستراتیژییان بەدەست هێناوە، ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنیدا بینیوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە کاریگەری و خۆڕاگری ئەو هەوڵە بەکۆمەڵانەیان پشتڕاست کردەوە، چوونکە یەکەکانیان بە ڕێكخراون و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجامدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانیان تەواوبووە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پابەندن بە پرەنسیپەکانی خۆبەڕێوەبردن و ئیرادەی جەماوەری. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی پێداویستییە ستراتیژییەکانی قۆناغی نوێ.
Your Comment