ڕاگەیێندراوی YPG دوای کشانەوە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب

یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی كوردنشینی شاری حەلەب بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای ململانێکانی سووریاوە، دانیشتوانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب توانیویانە سیستەمێکی ڕێکخراو و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان دابمەزرێنن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیێکی کاریگەر پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەو هێڵە بەرگرییەیان کرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان قوربانییێکی یەکجار زۆریان داوە و دەستکەوتی ستراتیژییان بەدەست هێناوە، ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنیدا بینیوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە کاریگەری و خۆڕاگری ئەو هەوڵە بەکۆمەڵانەیان پشتڕاست کردەوە، چوونکە یەکەکانیان بە ڕێكخراون و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجامدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانیان تەواوبووە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پابەندن بە پرەنسیپەکانی خۆبەڕێوەبردن و ئیرادەی جەماوەری. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی پێداویستییە ستراتیژییەکانی قۆناغی نوێ.

ڕاگەیێندراوی YPG دوای کشانەوە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب

News Code 225154

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha