بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق دەست بە کارەکانی دەکات و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە ڕایگەیاندووە: کۆنگرەکە رۆژی یەکەم ۲۴ی شوباتی ۲۰۲۵ پێشوازی لە میوانەکان دەکات و ڕۆژی دووەم، ۲۵ی هەمان مانگ لە دیمەشق دەست بە کارەکانی دەکات.
عەبدولحەکیم بەشار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەو و نەجاح حێڤۆ، سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەورووپای ئەنەکەسە و هەروەها حەواس عەگید، نوێنەری ئەنەکەسە لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی ئاشتی و ئازادی، وەکو کەسایەتی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگهێشت کراون، بەڵام بڕیاریان داوە بەشداری نەکەن.
عەبدولحەکیم بەشار ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ ئەنەکەسە لە ڕاگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.
حەواس عەگید ڕایگەیاندووە: ئەوان وەکوو کەسایەتی بانگهێشت کراون، لە کاتێکدا بەشێکن لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد. هەروەها گوتیشی، چەندین تێبینییان لەسەر کۆنگرەکە هەیە لەکاتی ئامادەکردنی کۆمیتەی ئامادەکارییەوە و پێیان وایە ئەندامە بەشداربووەکان ناتوانن لە ۶ کاژێردا دۆسیە گرنگەکانی وەکو پرۆسەی سیاسی، دەستوور و دادپەروەریی قۆناخی گواستنەوە گفتوگۆیان لەسەر بکەن.
حەسەن دغێم، گوتەبێژی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا رایگەیاند، کورد وەکوو کەسایەتی و بەناوی خۆیانەوە، نەک وەک شاند، بەشداری کۆنگرەکە دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە، نزیکەی ۴۰۰ بۆ ۶۰۰ کەس بەشداری کۆنگرەکە دەبن.
Your Comment