بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا لەبارەی دەست بەکار کردنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێکە کە ببێتەهۆی گواستنەوەیێکی سیاسیی گشتگیر، کە کۆتایی بە ئازارەکانی سوورییەکان بهێنێت و بناخەیێک دابمەزرێنێت بۆ دەوڵەتێکی دیموکراتیی نا ناوەندیی، فرەنەتەوە و ئایین و کلتوور، کە دەستوورەکەی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات، لە پێش هەموویانەوە مافەکانی گەلی کورد بەپێی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆنگرەیە بۆ کۆکردنەوەی نوێنەری هەموو سووریاییەکان و بۆ وەرگرتنی راوێژە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە.
ئەنەکەسە دەڵێت: "بەستنی کۆنفرانسەکە بەم پەلەیە و ڕاگەیاندنی تەنیا یەک ڕۆژ پێش بەستنی، پەراوێزخستنی پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکان بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیشەوە لە ئامادەکاری و خۆئامادەکردن، پێشێلکارییە بۆ بنەما و مافی هاوبەشی نیشتمانیی گەلی کورد، کە دەبێت بەردی بناخە بێت بۆ هەر گفتوگۆیەکی جدی کە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە بدات."
پێشتر لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگەوازی بۆ دانیشتنێکی دیالۆگ لە چوارچێوەی "رێڕەوی دیالۆگی نیشتمانی" بۆ خەڵکی پارێزگای حەسەکە لە دیمەشق کردبوو، بەڵام هیچ حیزبێکی کوردی بانگهێشت نەکرابوو، تەنیا چەند کەسایەتییەکی کورد بەشداریان کرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا پێیوایە: "ئاراستەکردنی بانگهێشتەکان بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی و تاکەکەسی، بەدوور لە پێوەری روون کە گەرەنتی نوێنەرایەتییەکی هاوسەنگ بکەن، بۆ هێزە سیاسییە جیاوازەکان و پێکهاتە سوورییەکان، بە بزووتنەوە سیاسیی کوردیشەوە، پرسیاری جەوهەری دەوروژێنێت سەبارەت بە سوودی کۆنفرانسەکە."
دەشڵێت، سەرباری کورتکردنەوەی ماوەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە و رەچاو نەکردنی بارودۆخی بەشداربووان لە ناوخۆی سووریا و دەرەوەیدا، "دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەرفەتەکانی سەرکەوتنی لە بەدیهێنانی ئامانجە خوازراوەکانی لە بنیاتنانی سووریای داهاتوودا."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا پشتیوانی هەر پرۆسەیەکی سیاسی دەکات بۆ "دووبارە بنیاتنانەوەی سووریایەکی نوێ، کە جێگەی ستەم و دوورخستنەوەی پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی تێدا نەبێت."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا دەشڵێت: "هیچ گفتوگۆیەکی راستەقینە ناتوانێت بەش بەش بکرێت یان پێکهاتەکانی گەلی سووریا پشتگوێ بخات، ناتوانێت ئامانجەکانی بەدیبهێنێت ئەگەر چارەسەرکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکان گەرەنتی نەکات".
Your Comment