بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: "ڕۆژی چوارشەممە، لیژنەیێکی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی بە بڕیارێکی فەرمی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری سووریاوە دەرچووە پێکهێنرا و لە حەوت ئەندام پێکهاتبوو".
ئەنەکەسە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەشڵیت: "پێمانوایە پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، کە لە 11ی شوباتدا ڕاگەیەندرا، دەبوو ڕەنگدانەوەی واقیعی فرەیی سیاسی و نەتەوەیی لەو وڵاتەدا بوایە، هەروەها نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی سەرجەم پێکهاتە نیشتمانییەکانی مسۆگەر بکردایە، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئەو شتە لە سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەکی دیالۆگ کە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی جددی بۆ پرسەکانی سووریا بدات".
ڕوونیشی کردەوە: "دەرکردنی نوێنەرایەتی کورد لەم لیژنەیە پێشێلکردنی بنەمای فرەیی پێکدەهێنێت، هەروەها نیگەرانی ڕەوا لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی سووریا وەک هاوبەشی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەدا دەوروژێنێت".
ئەنەکەسە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "ئەنجومەن داوای ڕاستکردنەوەی ئەم بڕیارەی کرد بە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی لیژنەکە، و دەستەبەرکردنی بەشداریی دادپەروەرانە و کاریگەری گەلی کوردستان و هەموو لایەنەکان و هەموو ئەو لیژنانەی تر کە ڕاگەیەندراون".
Your Comment