عێراق لەژێر فشاری ئەمریکادا دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگەیاندووە

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" راپۆرتێکی بە ناونیشانی "بۆچی هەناردەی نەوتی هێڵی بۆرییەکانی نێوان عێراق و تورکیا راوەستا" بڵاوکردووەتەوە، تیایدا وردەکاریی فشارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ سەر حکومەتی عێراق ئاشکرا کردووە، لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس: ئاژانسەکە، لە زاری هەشت سەرچاوە لە بەغداد و واشنتۆن و هەولێر، کە ئاگاداری ڕاستەوخۆی ئەو پرسەن، ڕایگەیاندووە، زیادبوونی فشارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بزوێنەری سەرەکی پشت ڕاگەیاندنەکەی وەزیری نەوتی عێراق بوو، کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو وتی،  هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە دەستپێدەکاتەوە.

دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوت.

ڕۆیشتنی نەوت، دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی ململانێیەک کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامەو، ڕێگەی لە هەناردەکردنی ڕۆژانە زیاتر لە (۳۰۰) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم گرتووە لە تورکیاوە بڕژێتە بازاڕە جیهانییەکان.

چوار لەو هەشت سەرچاوەیە وتویانە، ڕاگەیاندنی عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بەپەلە بووەو وردەکاریی تێدا نەبووە، سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە تەکنیکیانەی کە پێویستە چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە.

بەرپرسێکی نەوتی عێراقی وتویەتی: واشنتۆن فشار دەخاتە سەر بەغداد، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی نەوتی خاوی ناوچەکە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێت، نەک بە هەرزان بفرۆشرێت.

دوو بەرپرسی ئیدارەی ئەمریکا دووپاتیان کردەوەتەوە، ئەمریکا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە هەناردەی هەرێم دەستپێبکاتەوە، یەکێکیان وتوویەتی: ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

سەبارەت بە فشارەکانی ئیدارەی ئەمریکاش بۆ سەر عێراق، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت: تەنها بۆ ئاسایشی هەرێمی گرنگ نییە ڕێگە بە هاوبەشە کوردەکانمان بدرێت نەوتی خۆیان هەناردە بکەن، بەڵکوو هاوکارە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دابەزینی نرخی غازیش بکات.

News Code 224915

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha