ئەگەری هەیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم مانگی داهاتوو دەستپێبکاتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ئەگەری هەیە هەناردەکردنەوەی نەوت "مانگی داهاتوو" دەستپێبکات، ئەمەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە وەستانی هەناردەکردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی؛ ڕایگەیاند: ئەو بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بابەتی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە هەولێر گەنگەشە بکات. دەکرێت ئەمە ببێتە نەخشەڕێگەی کردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، هەرچەندە گوتیشی، دانوستاندنی زیاتر لەگەڵ بەغدا دەبنە دیاریدەری ئەوەی چەند نەوت بۆ بەکاربردنی نێوخۆ دەستنتیشان دەکرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: "ئێستا لەلای ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان هەناردە بکەین. ئێمە پێشبینیی دەکەین کۆتایی مانگی ئادار هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە."

 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هەفتەی پێشوو بە هەمان ئاژانسی گوت، عێراق کار لەسەر نەهێشتنی کێشە تەکنیکییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی بۆرییەکان دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە.

۲۵ـی ئاداری ۲۰۲۳، هەناردەی زیاتر لە ۴۵۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیێکی نێوبژیوانی لە پاریس ڕایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ ڕەزامەندی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ڕێککەوتنێکی ساڵی ۱۹۷۳ـی پێشێلکردووە.

ئێستا دەستپێکردنەوەی نەوت کێشەیێکی دیکە بۆ عێراق دروست دەکات، ئەویش وڵاتەکە پابەندکراوە بەوەی بەگوێرەی مەرجەکانی ئۆپێک نەوت دەربهێنێت و ڕێژەکەشی کەم بکاتەوە.

لە ماوەی ۲۲ مانگی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتدا، هەناردەی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و ۷۵ هەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکەوە وەستاوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی ۱۲ـی ساڵی ڕابردوو، مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە ڕووداوی ڕاگەیاند، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "۲۳ تاوەکوو ۲۴ ملیار دۆلار."

گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو. رۆژی ۲ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەموواری یاسای بوودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە ۶ دۆلارەوە کردە ۱۶ دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی ۶۰ رۆژە و لیژنەیێک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی لە ۱۴ـی شوبات بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کرد، لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکە لەگەڵ چەندین سەرکردە و بەرپرسی رۆژئاوا و جیهان کۆبووەوە، لەوانەش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایکرد ئەمریکا لە پشتیوانیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوامبێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەربازەکانی لە عێراق و سووریا نەکشێنێتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سنوورەکانی ئوردن، سووریا و عێراق گوتی: "گەورەترین نیگەرانیی ئێمە پەڕگیری و تیرۆریزمە. داعش بۆ سەر عێراق و ناوچەکە هەڕەشەیەکی گەورەیە".

News Code 224886

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha