ڕۆیتەرز: فیدان لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا تەرکیز لەسەر شەڕی PKK دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۶ی کانونی دووەمی ۲۰۲۵، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە تورکیاوە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "سبەینێ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا دەكات بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە شەڕ دژ بە چەكدارانی كورد (پەکەکە) و پرسە ئەمنی و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان".

ئاماژەی بەوەکردووە، "بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە تورکیا لەسەر سنوور دژ بە پەکەکە ئەنجامی دەدات كە لە ناوچە شاخاوییەكانی باكووری عێراق جێگیربوون، چەند ساڵیكە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات گرژی تێكەوتووە".

ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی، "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات باشتر بووە لە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەغدا پەکەکەی وەک "رێکخراوی قەدەغەکراو" دەستنیشانکرد و هەردوو وڵات رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی ئەمنی ئاست بەرز".

سەردانەکەی فیدان لە کاتێکدایە کە تورکیا چەندین جار داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە مانگی رابردوودا کردووە، ئەنقەرەش سوێندی داوە دەستدرێژی نوێ بکاتەوە ئەگەر چارەسەری نیگەرانییەکانی نەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "فیدان لەم سەردانەدا لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆ دەبێتەوە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لەسەر پێویستی وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە کە بەیەکەوە لە دژی هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت و زەمینە کاربکەن، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بازرگانییەکان لە بەرنامەی کاردا دەبن".

News ID 224782

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha