کوردپرێس: به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق؛ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پێشوازیی له هاکان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا کرد، له میانه‌ی دیدارێکدا په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد، گفتوگۆیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک پرسی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هاوبه‌ش کرد، به‌تایبه‌تی پێشهاته‌کانی ناوچه‌که و ڕووداوه‌کانی سووریا، هه‌ر له دیداره‌که‌دا دوایین پێشهاته‌کانی سووریا و غه‌ززه و لوبنان تاوتوێ کران و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی پابه‌ندبوون به ئاگربه‌ست کرایه‌وه.
له به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا باس له گرنگی یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کانی نێوان وڵاتانی ناوچه‌که کرا، به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی کردن له سه‌قامگیرییه‌که‌ی، له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له ئاماده‌یی عێراق کرده‌وه بۆ هه‌ماهه‌نگی کردن له نێوان وڵاتانی ناوچه‌که، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ تورکیا سه‌باره‌ت به ئه‌و پێشهاتانه‌ی که له گۆڕه‌پانی ناوچه‌یی به‌دی کراون و جه‌ختی له ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی عێراق کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سووریا ببێته گۆڕه‌پانی ململانێکان وتیشی: "عێراق کار ده‌کات بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری له سووریا به‌هۆی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌که به‌گشتی".
سه‌باره‌ت به هاوکاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تورکیا، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌سه‌ر به‌دواداچوونی حکوومه‌ت کرده‌وه، بۆ دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کان و جێبه‌جێ کردنی ئه‌و یاداشتنامه لێکتێگه‌یشتنانه‌ی که له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ئه‌نقه‌ره له مانگی (نیسان/۴)ی ساڵی ڕابردوو واژۆ کران.
له لای خۆیه‌وه هاکان فیدان سڵاوی سه‌رۆک کۆماری تورکیای گه‌یانده سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و خواستی وڵاته‌که‌ی ده‌ربڕی بۆ هه‌ماهه‌نگی کردن له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر پێشهاته‌کانی ناوچه‌که، ئاماژه‌ی به خواستی تورکیا کرد بۆ په‌ره‌پێدانی هاوکاری له په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کاندا، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ڕۆشنایی هه‌ردوو سه‌ردانه هاوبه‌شه‌که‌ی سودانی و سه‌رۆک کۆماری تورکیا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا جه‌ختی له‌سه‌ر جدیه‌تی وڵاته‌که‌ی کرده‌وه بۆ کارکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ڕێگای گه‌شه‌پێدانی ستراتیژی و ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به هاوکاری له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاداشتنامه لێکتێگه‌یشتنانه‌ی که له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا له بواره‌کانی وزه و په‌روه‌رده ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاری بانکی و بواره‌کانی تر واژۆ کراون.
Your Comment