بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا باس کرا.
سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی دیدارەکەدا ڕاگەیاند، "عێراق هەر دەستێوەردانێک کاریگەر لەسەر خاکەکەی ڕەت دەکاتەوە و پێویستە ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەربەخۆیی عێراق بگیرێت".
لەتیف ڕەشید دەشڵێت: "گرنگە کە هەردوو وڵات پابەند بن بەوەی کە هیچ کامیان سەکۆی بازدان نین بە مەبەستی هەڕەشەکردن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوی تریان و ئاماژەی بەوەدا کە عێراق بەردەوامە لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق".
لەتیف ڕەشید جەختی لەوەکردەوە، عێراق بەپەرۆشە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە پێشکەوتوەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە ئەو یاداشتنامەیەی لێکتێگەیشتنە کە لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا ساڵی ڕابردوودا بۆ عێراق لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرابوو بەمەبەستی خزمەت کردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و تورکیا جێبەجێ بکرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کاری هاوبەش و هاوکاری ناوچەیی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، سەرۆک کۆماری عێراق هیوای خواست ئیدارەی نوێ لە سووریا کار بکات بۆ پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و پێکهێنانی حکوومەتێک کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەدی بهێنێت و پارێزگارییان لێ بکات و مافەکانیان بۆ بەشداری سیاسی بپارێزێت بەشێوەیەک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بۆ برایانی سووریا بەدی بهێنێت.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، پشتیوانی حکوومەتەکەی بۆ سەقامگیری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەربەخۆیی و گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپات کردەوە و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی کرد کە عێراق و سووریا و ئوردن و تورکیا لەخۆ بگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و لەناوبردنی خاڵە گەرمەکانیان و وشک کردنی سەرچاوەی دارایییان بەشێوەیەک کە سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشی تورکیا بۆ پشتیوانی کردن لە دەرفەتەکانی هاوکاری و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاو و ژینگە کرد و هیوای خواست ئاستی پەیوەندییە ئابورییەکان بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر بەرز بکاتەوە.
Your Comment