ساڵح موسلیم سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس باسی لە چەن پرس و بابەتی گرینگ کردووە کە بەمشێوەیە:
پەیوەندیی ئیدارەی خۆسەری کوردستان و حکوومەتی نوێی کاتی لە دیمەشق.
ساڵح موسلیم: وەک کاک مەزڵووم عەبدی ئاماژەی پێکرد، لە ڕۆژانی سەرەتادا کۆبوونەوە هەبوو، بەڵام تەنها لەسەر ئاستی سەربازی بوو، بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان ئێمە و ئەوان لە حەلەب و دێرەزوور نەهێڵین. دیدارەکان بەردەوام بوون و دواتر کاک مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دانیشتن. کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوەچوو. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا کە لیژنەیەکی نوێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی پێکبهێنرێت. ئەم لیژنانەی کە پێکدەهێنرێن لەسەر ئاستی سیاسی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ پێکهێنانی ئەو لیژنانە چوونکە دەمانەوێت هەمووان لەو لیژنانەدا جێگیر بکرێن، واتە پێکهاتەکانی کوردی و عەرەبی و سریانی دەچنە پاڵ ئەو لیژنانە. لە لایەکی ترەوە دەمانەوێت هەموو هێزە کوردییەکان لەو لیژنانەدا بەشداری بکەن.
لە لایەکی دیکەوە گرووپەکانی دەوڵەتی تورک کە بە "سوپای نیشتمانی" ناسراون، هێشتا بەردەوامن لە هێرشەکانیان و شەڕەکە نەوەستاوە و ئەم هێزەش لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی نوێدا نییە. هیوادارین ئێمە و حکوومەتی نوێ بەرامبەریان بوەستینەوە.
لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ئێمە لە سەرێ کانییەوە تا کۆبانێ و عەفرین شەڕێکی سەختمان لە دژی جیهادییەکان و سەلەفیەکان، چ داعش یان نوسرە ئەنجامداوە. ئەو خەڵکەی لە دیمەشق هاتنە سەر دەسەڵات لەوانەن. بۆ نموونە جۆلانی خۆی پێشتر بەشێک بووە لە قاعیدە، دواتر بووە بە داعش، دواتر بووە بە نوسرە و دواتر تەحریریی شامی پێکهێناوە. بەڵام لەگەڵ ئەو دەرفەتانەی لە سووریادا هاتوونەتە ئاراوە، لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمێک کە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارە، و قسە نەرمەکانی ئەحمەد شەرع، هیوادارین شتەکان بگۆڕدرێن. من باوەڕم وایە ئەم کەسانەی ئاڵای داعشیان هەڵگرتبوو هەموویان دەڕۆن، ئەگەر نەڕۆن دەرئەنجامی خراپی دەبێت و شەڕێکی ناوخۆی نوێ سەرهەڵدەدات. چاوەڕوان دەکرێت کە تەحریر شام ئەو گروپانە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام بەداخەوە ڕووداوەکانی حمس، کەناراوەکانی (لازقیە)، هیوایەک نابەخشن. ڕوونە کە کۆمەڵێک لەوان هەرچی لە مێشکیان بیانەوێت دەیکەن و ئەمەش زیانێکی گەورە دەگەیەنێت.
هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە.
ساڵح موسلیم: هەبوون یان نەبوونی هێزەکانی (هەسەدە) پەیوەستە بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ هەموو سووریا، واتە (هەسەدە) بەیەک وشە دانەمەزراوە تا بەیەک وشەش (هەسەدە) بڕوات. هەسەدە ئەمڕۆ لەشکرێکە نەک گروپێک کە پێیان بڵێن بچنەوە ماڵەوە.
ڕۆڵی کورد لە پاڵپشتی کردنی کوردستانی سووریا.
ساڵح موسلیم: ئەو پڕۆسەیەی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت و ئەوەی بەسەر کورددا هاتووە، ئەرکێکی خستۆتە سەر شانی کورد، ئەو ئەرکەش ئەوەیە کە گەلی کورد دەبێت پرۆسەیەکی دیموکراسی بەڕێوەببات. بە واتایەکی تر ئەو هەڵانەی لە سەدەی ڕابردوودا سەبارەت بە کورد و گەلانی دیکە کران، ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە ئەو هەڵانە چارەسەر بکرێن. ئایا ئەمڕۆ بەرپرسانی کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی ئەم بەرپرسیارێتییە دەبنەوە کە بەداخەوە دەبینم زۆرێکیان بەهۆی بەرژەوەندی کەسی یان ترسەوە ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ ناکەن، بە واتایەکی تر کورد هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پێویستە ڕۆڵێکی مێژوویی بگێڕێت. ڕاستە پەیوەندی و هاتن و ڕۆشتن هەیە، بەڵام ئەمە بە تەنها بەس نییە. کورد دەتوانێت ڕۆڵی گەورەتر ببینێت و ئەمەش تەنها لە ڕێگەی یەکڕیزییەوە ڕوودەدات. ئەوەی دەترسێت ناتوانێت یەکڕیزی دروست بکات. داوا لە هەموومان دەکرێت بە عەقڵ و ڕوانگەیەکی نوێ لە ڕۆڵی مێژوویی کە چاوەڕوان دەکرێت لە گەلی کورد مامەڵە بکەین.
شەڕی هێزەکانی سەر بە تورکیا لەدژی هێزە کوردەکانی سووریا.
ساڵح موسلیم: سەرەتا پێویستە بزانین بۆچی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدرێن؟ لەگەڵ هاتنی تەحریر شام بۆ دیمەشق، دەوڵەتی تورکیا ئەمەی وەک دەرفەتێک بینی و چەکدارەکانی ڕەوانەی ناوچە کوردنشینەکان کرد بۆ قڕکردنی کورد. ئەم پلانە لە شەَهباوە دەستی پێکرد بۆ داگیرکردنی مەنبەجَ، ئەوانەی ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین پاشماوەی داعشن کە پێشتر هەڵاتوون و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەوێ کۆکراونەتەوە و چەکداریان کردوون. هۆکاری زیادبوونی هێرشەکان لەم ماوەیەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلانەکەی دەوڵەتی تورک شکستی هێنا.
سەبارەت بە هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بنەمای شەڕی تیرۆر ڕێککەوتوون و نایانەوێت بەناوی ئێمەوە شەڕی تورکیا بکەن. بەڵام دەبێ بڵێم هێزە نێودەوڵەتییەکان زۆر ناڕەحەتن بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا. چونکە هێزەکانی ئێمە ناچار بوون هێزەکانیان لە شەڕی داعش بکشێننەوە وەک دێرەزۆر و ڕەقە و بیابانی سووریا و ئێستا وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدەنەوە. لە ئەنجامدا داعش جارێکی دیکە بەهێزتر بووەتەوە، هەر بۆیە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لەم بابەتە ناڕەحەت دەبن و دەیانەوێت شەڕی ئێستای دەوڵەتی تورکیا ڕابگرن بۆ ئەوەی هێزەکانی هێزەکانی (هەسەدە) بتوانن درێژە بە شەڕی داعش بدەن.
هەوڵی ئەمریکا هەیە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا.
ساڵح موسلیم: بەڵێ هەوڵ و نێوەندگیری هەیە، دوێنێش فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی کرد. ئەمریکا ناچارە ئەم کارە بکات، چونکە هێرشەکانی تورکیا ڕێگە بە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات. بەڵام هێشتا بەرپرسیارێتی خۆی بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا خۆی دەزانێت ئەوانەی ئێستا هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاک پاشماوەی داعشن. تورکەکان خۆیان لە نێو پاشماوەکانی داعش هێرش دەکەن.
پێشبینی لەسەر ئایندەی سووریا.
ساڵح موسلیم: لەگەڵ هاتنی تەحریری شام پرسیارێک کە دێتە پێشەوە ئەوەیە، ئایا تەحریر شام خۆی دەسەڵاتی بنیاتنانی ئەو سووریا نوێیەی هەیە کە گەلی سووریا دەیەوێت؟ کێشەکە لێرەدایە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە تەحریری شام بە بیری خۆیەوە ناتوانێت سووریایەک بنیات بنێت کە لەگەڵ خواستی گەلی سووریادا بێت. بەڵام دەرفەت هەیە بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ و گرنگە بۆ ئێمە وەک کورد.
ئەمڕۆ ئێمە هێزێکین کە دەکرێت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرگری بکەین و خۆمان جێگیر بکەین، هێز هی ئێمەیە. پڕۆژەکەمان بۆ هەموو سووریاش کاریگەرە. بە بڕوای من سووریایەکی نوێ دروست دەکرێت، بەڵام چۆن دروست دەکرێت و تا چەند دەخایەنێت، پێویستی بە زۆر شتی هەیە. ئەمڕۆ داوامان لێدەکرێت پێشەنگایەتی بکەین لە ناساندنی سووریای نوێ و سووریای نوێ دەبێت چۆن بێت. ئێمە هیوامان بە سووریایەکی ئارام هەیە، بەڵام نازانم ئەم ئاشتییە لە ساڵێک یان دوو ساڵی تردا ڕوودەدات یان نا. بەڵام بیری تەحریر شام هی ئەوە نییە، دەبێت بگۆڕدرێن.
دیالۆگی کورد و کورد.
ساڵح موسلیم: هەر لە سەرەتاوە بەشدار بووین لە هەوڵەکانی یەکخستنی هێزە سیاسییە کوردییەکان و هەمیشە دەستمان درێژ کردووە. بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر ئازاد نەبوو، واتە کێشەکە لە دیوەکەی ترەوە سەری هەڵدەدا. بەڕای من کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی و کاک مەسعوود بارزانی کۆتایی بە هەموو کێشەکان دەهێنێت، ئەگەر ڕاستگۆ بین. چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین، بەڵام دەتوانین بڵێین کۆبوونەوەی نێوان عەبدی و بارزانی زۆر گرنگ بوو. بەڕای من لە پرۆسەیەکی نوێداین.
بوونی هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی سووریا.
ساڵح موسلیم: پرسی پێشمەرگەی ڕۆژ لەژێر گفتوگۆدایە، ڕاستگۆیانە نازانم لە کۆبوونەوەی نێوان عەبدی و بارزانیدا باسی چی کرا؟ ئێمە دەمێکە دەڵێین، هەموو خەڵکی کوردستانیش دەڵێن دوو هێز لە وڵاتێکدا خراپن، بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا، پێویستە هەموو هێزەکان یەکگرتوو بن. ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوویدا بۆ ئێمە نموونەیە. کاتێک دەچووینە باشووری کوردستان پێمان گوترا کە ئەزموونی باشووری کوردستان نابێت لە ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە. ئەگەر پێشمەرگەی ڕۆژ بیەوێت بێنە ڕۆژاڤا، دەبێ دیالۆگێک لەگەڵ هەسەدە سەبارەت بە چۆنیەتی پەیوەستبوون بە هەسەدەوە بکەن. پێشمەرگەی ڕۆژ کوردی ئێمەیە، دەتوانێ بچێتە ناو هێزەکانی هەسەدەوە و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
Your Comment