هەسەدە ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی بەرەکانی شەڕ بڵاو کردەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت "لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٧ چەکدار کوژراون و ٢١ی دیکەش بریندارکراون، لەگەڵ ئەوەشدا سێ زرێپۆشی سەربازی لەناوبراوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانمان لە هەموو بەرەکانی شەڕ لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە بەرخۆدان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی".

ئەوەش هاتووە: "کاتەکانی بەیانی دوێنێ، دەوڵەتی تورکیا تۆپبارانی بەنداوی تشرین و دەوروبەری، گوندی عەتشانە، گوندی خربە زمالە کرد، دوای ئەنجامدانی هێرشی هێزەکانمانیش جارێکی دیکە بە قورسی تۆپبارانی ئەو ناوچانە کرایەوە".

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە: "یەکینەکانی شەهید هاروون لە سنووری شارەدێی ئەبوقەلقەل کۆبوونەوەی چەتەکان و کەرەستە و زرێپۆشە سەربازییەکانیانی بە ئامانج گرتووە، بە هۆیەوە ١٧ چەکدار کوژراون و ٢١ی دیکەش بریندارکراون کە چوار دانەیان سەربازی دەوڵەتی تورکن".

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە چالاکییەکانی یەکینەکانی شەهید هاروون سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سەربازی لەناوبراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدەدا باسی ئەوەشکراوە، لە بەرەی دێرحافر، یەکینەکانی شەهید هاروون ئۆتۆمبێلێکیان لە جۆری تۆیۆتا لەناوبردووە، هەروەها چەکداران بە دوو دڕۆنی خۆکوژەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی بەرخۆدانمان هیچ زیانێکمان پێ نەگەیشت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، لە چالاکییەکانماندا شەڕڤانێکمان گیانی لەدەست داوە.

News Code 224739

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha