٣٠ کانونی یەکەم ٢٠٢٤ - ٠٩:١٣

چاودێری سیاسی کورد لە پەنێلی تایبەتی کوردپرێس (بەشی سێیەم):

ئایا گۆڕانکارییە ناوچەییەکان مەترسین بۆسەر ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان؟

"ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەتییەکانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان پاش گۆڕانکارییە جیاهانی ناوچەییەکان"
ئایا گۆڕانکارییە ناوچەییەکان مەترسین بۆسەر ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان؟

پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد و گۆڕانکاریی گەروە لە پێکهاتەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بۆتە پرسێکی جدیتر لەچاو ڕابردوودا. ئەم گۆڕانکارییانە بەتایبەت لە بابەتی ئەمنی و ئابووری نیشاندەری ڕکاربەریی نهێنیی نێوان ئەمتەرە ناوچەیی و جیهانییەکانە. دڵشاد مەجید شرۆڤەکاری بابەتە سیاسییەکان، دۆخی ئێستاکەی ناوچەکە تاوتوێ دەکات. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە ئەگەرچی مەترسی پێکدادان لە هەرێمی کوردستان کەمترە، بەڵام گرژییە ناوچەییەکان و جووڵەی گرووپە جیهادییەکان دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بارودۆخی ئەم ناوچەیە ئاڵۆزتر بکات.

کوردپرێس

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕەوشی ئەمنی و سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ژێر کاریگەری پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە. یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکان لەو بارەوە، تەشەنە سەندنی نائارامی و گرژییەکان بووە، کە بەهۆی شەڕی غەززە و ڕووخانی حکوومەتی ئەسەدەوە دزەی کردۆتە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا هەندێک لە گرووپەکان ئەم هەڕەشەیە بە جددی دەزانن، شرۆڤەکارانیش پێیان وایە لە پشت نیگەرانیی ئەم لایەنانوەە سیاسەتی ناشەفافی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان هەیە. دڵشاد مەجید، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای پرسە ناوچەییەکان لەم پانێلەدا، ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانانە و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و هەرێم کوردستان دەکۆڵێتەوە و ئاسۆی داهاتووی ناوچەکە لە پێوەندی لەگەڵ پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەکان شی دەکاتەوە.

کوردپرێس: یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەم دواییە ئەوەیە کە دەرئەنجامەکانی شەڕی غەززە کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش دروست بکات. ئایا ئەو نیگەرانییەی کە ڕەنگە ئەم شەڕە تەشەنە بکاتە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هێشتا بوونی هەیە؟

دڵشاد مەجید: نەخێر، لە ئێستادا حیزبی دیموکرات و گرووپە سوننەکان ئەم بابەتەیان تۆخ کردووە. بەڵام نە ئەمریکا و نە ئێران نایانەوێت عێراق بچێتە ناو ئەم شەڕەوە. عێراق هێڵێکی ستراتیژییە بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا. عێراق وەک ڕێڕەوێک بۆ تورکیە، سعوودیە، ئوردن، سووریا و هتد زۆر گرنگە. ئەم پێگەیەی عێراق لە ستراتیژی جیهانیدا زۆر گرنگە، چ لە ڕووی وزە و چ لە ڕووی سەقامگیریی ناوچەکەوە. لە ئێستادا عێراق گەڕوویەکی گرنگی هەناسەدانە بۆ ئێران. ئێران لە زۆر بابەتدا تەحەمولی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی عێراق بە شێوەیەک بەڕێوەببات کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەبێت. واتە لە زۆر حاڵەتدا ئێران ڕێگە بە عێراق دەدات کار بکات بەبێ ئەوەی هەستیاری بۆ ئەمریکا دروست بکات، چوونکە ئەگەر عێراقیش بخرێتە ژێر سزای ئابووری و گوشاری توندی ئەمریکا، ئێران زیانی پێدەگات.

کوردپرێس: ئەمریکا چی؟ ئایا بەنیازی کشانەوەیە لە عێراق، بەوشێوەیە کە لە ئەفغانستان کشایەوە؟

دڵشاد مەجید: بە بڕوای من ئێران نایەوێت کە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان. ئێران ئەوەی دەوێت کە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت لە هەولێر بمێنێتەوە. ئێران و ئەمریکا لەسەر هەندێک ناوچەی نفووز لە هەرێمی کوردستان کۆکن و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە. سەقامگیری هەرێم کوردستان بۆ هەردوولا گرنگە. بۆچی یەکەم: ئەمریکا دەیەوێت لەم ناوچەیەدا ئامادە بێت. دووەم: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا پاراستنی ئیسرائیلە لە ڕێگەی هەولێرەوە. ئەگەر ئەمریکا له هەولێر ئاماده نەبێت ناتوانێت له سووریا بمێنێتەوه، ئەگەر سووریاش جێبهێڵێت ناتوانێت بەرگری له ئیسرائیل بکات. بەشێک لە ستراتیجی ئەمریکا لە سووریا پەیوەستە بە مانەوەی لە هەرێم کوردستان.

کوردپرێس: ئایا جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەمدواییەدا، هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو؟

دڵشاد مەجید: سەبارەت بەوەی ئایا ئێران بەنیازە لەوێ بمێنێتەوە، دەبێت بڵێین بەڵێ، ئێرانیش دەیەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە. بەڵام بۆچی؟ ئەگەر ئێران کێشەی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت و لەم ناوچەیەدا نەبێت، ناچارە لە ڕێگەی قەتەر، ئیمارات یان سعوودیەوە فشارەکانی خۆی بخاتە سەر. بەڵام ئەگەر لە هەولێر و هەرێمی کوردستان بێت، هەر ناکۆکییەک لەگەڵ ئەمریکا لەم ناوچەیەدا هەیە، دەتوانێت بەڕێوەی ببات. بۆ نموونە بە ناردنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دروستکردنی فشار لە ڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە، ئەمریکا ناچار دەبێت پاشەکشە بکات. ئەمریکا ئەمە دەزانێت، بەڵام بۆ ئەوەی قەیرانەکە گەورەتر نەبێت، پێی باشترە کێشەکانی لەگەڵ ئێران لەم ناوچەیەدا چارەسەر بکات و پاڵی نەنێت بۆ ئاستێکی تر. ئێران مانۆڕ دەکات. لەگەڵ هاتنی پزیشکیان و گۆڕینی سیاسەتی ئێران بۆ جۆرێک لە سیاسەتی نەرم، بە بڕوای من ئێران نایەوێت ببێتە بەشێک لە سیاسەتی چین و ڕووسیا، بەڵکوو هەوڵ دەدات ببێتە جەمسەرێکی سەربەخۆ لەنێو ئەو زلهێزانەدا. بۆیە ئێران بە ڕۆژئاوا دەڵێت ئەگەر ئێوە پشتگیریم بکەن دەتوانم لە دەرەوەی بریکس کار بکەم. لە ڕاستیدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە ئەگەر دوو وڵات بە فەرمی ململانێیان هەبێت، لەم ناوچەیەدا هاوکاریی نافەرمییان هەیە. ئێران و ئەمریکا بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە پشتیوانی یەکترە. بۆ نموونە لە بابەتە ئەمنییەکان، ئێران بوونی هێزی پێشمەرگەی کورد قبووڵ دەکات، چوونکە ئەو هێزانە وەک هێزێکی لۆکاڵی بەرامبەر هەڕەشە هاوبەشەکان، لەوانە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە کارد دەکەن.

کوردپرێس: بەو پێیەی کە هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە و ئێستا خەریکی ئەزموونی پەیوەندیی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیە ، ئایا ئەگەری ململانێ و ئاڵۆزی لە ئایندەیەکی نزیکدا لەم هەرێمە هەیە؟

دڵشاد مەجید: بە بۆچوونی من لە کورتخایەندا مەترسی ململانێ لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە، بەڵام ئەم دۆخە ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قەیرانە جیهانی و ناوچەییەکانەوە هەیە. هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئەمنی عێراق یان لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکادا دەتوانێت بە خێرایی کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت. یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەتوانێت ئەم دۆخە ئاڵۆزتر بکات، زیادبوونی جموجۆڵی گرووپە جیهادی و ئیسلامییەکانە کە کاریگەرییان لە ناوچەکەدا هەیە. لەوانەیە ئەم گرووپانە هەر ناسەقامگیرییەک لە هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بقۆزنەوە.

بەڕای من لە ئێستادا هەرێمی کوردستان توانایە لە تێپەڕاندنی ئەو مەترسیانەی کە ئێستا بوونیانهەیە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی ئەمنی عێراق و سووریا ئاڵۆزتر بێت، لەوانەیە هەرێمیش بکەوێتە ژێر فشار. پێویستە ئێران و ئەمریکا لەم بوارەدا زۆر وریا بن و ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن کە دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر وابەستەی ستراتیژییە ناوچەییەکانە.

کوردپرێس: لە کۆتاییدا دوورنواڕی پێوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟

دڵشاد مەجید: بەڕای من لە درێژخایەندا پێوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە قاڵبێکی چەند لایەنی و پێچەڵاوپێچدا دەبێت. ئێران دەیەوێت نفووزی خۆی لە هەرێم بهێڵێتەوە، بەڵام دەبێت ئەمەش لەبەرچاو بگرین کە هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت پێوەندیی خۆی لەگەڵ زلهێزەکان گەشە پێبدات. ئەم دۆخە ڕەنگە لە داهاتوودا بگاتە هاوسەنگیەکی نوێ، تا شوێنێک کە پێوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان تەنانەت ئەگەر بەتەواوێتیی ستراتێژیش نەبێت لز پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش بردەوام دەبێت.

لە کۆتاییدا، پێوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردەوام لەژێر کاریگەریی پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەکان دەبێت و هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە پێشهاتەکاندا لێکەوتەی گرینگ لەسەر ئەم پێوەندییە دروست دەکات.

 

لینکی بەشی یەکەمی پانێلەکە:

http://ku.kurdpress.com/x4cbY

لینکی بەشی دووەمی پانێلەکە:

ku.kurdpress.com/x4cx3

ئەم دیمانەیە لە چوار بەشدا بڵاو دەبێتەوە، دەقی تەواوی پانێلەکە لەسەر ئەم لینکە ببینە:

https://www.aparat.com/v/qtr6q84

News Code 224625

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha