٣٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٤ - ١٥:٠٠

ڕۆژنامەنووسی دیاری کورد لە پەنێلی تایبەتی کوردپرێس (بەشی یەکەم):

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ جیهانییەکان؛ لەشەڕی ئۆکرانیا تا ململانێی ئابووریی برێکس

دڵشاد مەجید: ناسەقامگیر کردن، تەکتیکی ئەمریکایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانێتییە ئابوورییە نوێکان.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ جیهانییەکان؛ لەشەڕی ئۆکرانیا تا ململانێی ئابووریی برێکس

لە پەنێلێکی تایبەتدا کە لە ئاژانسی کوردپرێس بەڕێوەچوو، دڵشاد مەجید، ڕۆژنامەنووس و چاودێری دیاری سیاسی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید، پێداچوونەوەی بە پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان کرد. لەم پانێلەدا تیشکی خستە سەر شەڕی ئۆکرانیا، هەژموونی ئێران، ئامادەبوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی بریکس لە ئابووری جیهانیدا و جەختی لەوە کردەوە کە ململانێ ئابووری و ژیۆپۆلەتیکیەکان ڕوومەتێکی نوێیان داواتە دووجەمسەرگەری جیهانی.

پەنێلی تایبەتی کوردپرێس بە ئامانجی تاوتوێ کردنی گۆڕانکارییە ناوچەی و جیهانییەکان، بە ئامادەبوونی دڵشاد مەجید ڕۆژنامەنووس، بەهارم نەسرۆڵاهی زادە سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی پارێزگای کوردستان، یەعقووب ئەحمەدی و ئومێد عەزیزیان مامۆستانیانی زانستگای کوردستان، بەڕێوەچوو.

ئەم پەنێلە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی بەڕێوەچوو:

۱. شەڕی ئۆکرانیا و گۆڕانگارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: تاوتوێ کردنی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، بەتایبەتی پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پێشهاتانەدا.

۲. گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر دەسەڵات و کاریگەرییەکان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا: دڵشاد مەجید لێکەوتەکانی گەڕانەوەی ترەمپ و کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ ئێرانی شیکردەوە.

۳. شەڕی غەززە و کاریگەریی لەسەر داهاتووی ناوچەکە، بەتایبەت کوردەکانی هەرێمی کوردستان: لەم بەشەدا پێگەی کورد لە هاوکێشە ناوچەییەکان و کاریگەریەکانی شەڕی غەززە لەسەر ئایندەی ناوچەکە و بەتایبەت ئایندەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەم گۆڕانکارییانەدا شی کرایەوە.

دڵشاد مەجید، کە ئەزموونێکی دوور و درێژی لە شیکاریی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەیە و لەسەر بانگهێشتی کۆردپرێس بەشداری ئەم پانێڵە تایبەتەدا کردووە، لە بەشی یەکەمی لێدوانەکانیدا ئاماژەی دا بە گرنگیی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، تاوتوێ کردنی پێوەندیی شەڕی ئۆکرانیا لەگەڵ سیاسەتی جیهانی، کاریگەرییە ئابوورییەکانی بریکس و ڕۆڵی بریکس لە نەزمی نوێی جیهانیدا.

دڵشاد مەجید ڕەهەندەکانی شەڕی ئۆکرانیای شی کردەوە و بە خاڵێکی وەرچەرخانی زانی لە سیاسەتی جیهانیدا. وتیشی: ناکرێت باسی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، بەڵام شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا ئاماژەی پێنەکرێت. ئەمانە ئەو بازنانەن کە بەیەکەوە بەستراونەتەوە. بۆیە دەمەوێت سەرەتا باسی شەڕی ئۆکرانیا و هۆکار و دەرئەنجامەکانی بکەم. پاشان با پرسی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مانەوە و داهاتووی و، لە کۆتاییدا پرسی ئێران و هەژموونەکەی لە ناوچەکە و ئایندەی ئەو وڵاتە بخەینە بەرباس. ئێمە لەم سێ میحوەرەوە دەچینە ناو باسەکەوە، کە ڕەنگە فراوانتر بێت و درێژبێتەوە بۆ بابەتەکانی تر، یان ڕەنگە بابەتەکانی تریش بێنە ناو باسەکەمانەوە.

لە میحوەری یەکەمدا هەمیشە سیاسەت ململانێ و گرژیی بەدواوەیە. سیاسەت لە بنەڕەتدا ململانێیە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکان و گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ژیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکان و مانەوەی کۆمەڵگا. ململانێ جیهانییەکان دەتوانین بەسەر سێ بواردا دابەش بکەین: ۱- ململانێ ناوخۆییەکان، ۲- ململانێی ناوچەیی و هەرێمییەکان ۳- ململانێی جیهانی.

بەڕای من ململانێ ناوخۆییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکان نییە. بەگشتی ناکۆکی جیهانی کاریگەریی لەسەر ناکۆکی ناوچەیی و پاشان ململانێ ناوخۆییەکان هەیە. هەڵەیە کە بۆ نموونە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێران بە تەنیا لۆکاڵی و ناوخۆ بزانین و لەسەر بنەمای ئەو ململانێیە ناوچەییانە شی بکەینەوە. نەخێر، ئەمانە ململانێی جیهانین کە کاریگەرییان لەسەر ناکۆکییەکانی ناوچەیی و دواتر ناوخۆیی هەیە.

شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە سیاسەتی جیهانیدا. زۆر جار وتوومە، ئەگەر مرۆڤ لە مانای ئەم شەڕە تێنەگات، وەک پێویست لە سیاسەت تێناگات. ئامانجی ئەمریکا لەم شەڕەدا داگیرکردنی کەناراوەکانی دەریای باڵتیک تا دەریای ڕەش بوو. ئەمریکا فینلاند و سوێدی کردە ئەندامی ناتۆ و دواتر بە دوای ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا بوو. ئەم کارانە بەو مانایەیە کە ئەمریکا دەیەوێت ڕێڕەوی ئاو لە ڕووسیا وەربگرێت. بابەتەکە تەنها ڕووسیا نییە، بەڵکوو پرسی گەشەپێدانی ئابووری و پلانی چینییەکانە بۆ سەنەدی دوورنواڕی ٢٠٣٠ لە ڕێگەی ڕێگای ئاورێشمەوە. ئامانج ئەوە بوو کە چین دەستی بە ئەورووپا نەگات و ناتۆ بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەو ئاوانەدا، چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە.

ناتۆ شەڕی ئۆکارینای بەسەر ڕووسیادا سەپاند

ئامانجی ناتۆ گەمارۆدانی ڕووسیا و چین و ناچارکردنی ڕووسیایە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەورووپا هاوڕابێت. دواجار ڕووسیا ئاگادار دەکەنەوە کە فشاری لەسەر دروست دەبێت. زۆرینەی ئەوانەی کە لە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی ڕۆژئاواییدان پێیان وایە ڕووسیا ئەم شەڕەی دەستپێکردووە. نەخێر ناتۆ ئەم شەڕەی بەسەر ڕووسیادا سەپاند. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ڕووسیا تەنیا ئەو شارانەی گرتووە کە دەکەونە کەنارەکانی دەریای ڕەشەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ناتۆ و هێزی شەشەمی ئەمریکا بکات بۆ ئەو ناوچانە.

ئەم ململانێیانە فراوانتر بوون و بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دژی ڕووسیا یەکبگرن. بۆیە ڕووسیا شەڕی دیکەی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست کرد تا لەم یارییانە ڕزگاریی ببێت. بۆ نموونە لە هەمان کاتدا لە ئەفریقا پێنج شۆڕش لە دژی فەرەنسییەکان ڕوویدا، چوونکە فەرەنسا سەرکردایەتی یەکێتی ئەورووپای دەکرد دژی ڕووسیا. بۆ نموونە لە وڵاتانێک وەکوو بورکینافاسۆ، نیجەر و مالی ئەم شۆڕشانە لە ماوەیەکی کورتدا ڕوویانداوە.

شەڕی غەززە تەکتیکی ڕووسیا بوو بۆ کەمرکردنەوە گوشارەکانی بەرەی ئۆکرانیا

شەڕی ئیسرائیل یەکێکی دیکە لەو شەڕانەبوو کە ڕووسیا پشگیریی لێکر. بەڕای من غەززە بەشێک لەم یارییە بوو تا ئیسرائیل و ئەمریکا بەم شەڕەوە بگلێن و گوشارەکانی لە بەرەی ئۆکرانیا لەسەر ڕووسیا سووک ببێتەوە. بە ڕوای من تا ئەو ئاستەی کە چین و ڕووسیا دەرویان لە شەڕی غەززە بوو، ئێران ڕۆڵی نەگێڕا.

بریکس و شەڕی ئابووری

لە ئێستادا هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت کە جیهان بەرەوە دوو جەمسەری بوون بڕوات. بەڵام ئەم دوو جەمسەری بوونە وەکوو ڕابردوو سەربازی نییە، بەڵکوو لە ئێستادا ئابووریە. ئەگەر سەرنج لە لووتکەی بریکس لە ئەفریقای باشوور لە ۲۰ تا ۲۲ی ئابی ساڵی ڕابردوو بدەین، دەبینین کە لەو کۆڕبەندەدا دوو بڕیاری سەرەکی دەرکرا: ۱- گەشەپێدان بە بریکس، ۲- دیاری کردنی عوملەی بەدیل (لەجێگای دۆلار).

بەڵام ئەوە بوو کە عوملەی بەدیل نەتوانرا دیاری بکرێت بۆیە لەوێ قەرار درا کە بتوانرێت بە عوملەی مەحەلی یەعنی پارە و دراوی ناوخۆ تەعامولاتی تجاری کار بکرێت. ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین لەپێش لووتکەی برێکس تا ئەوەی کە ئەمساڵ لە قازان لە ڕووسیا بەڕێوە چوو کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕوویدا و کۆمەڵێک شەڕ یەکلا بوونەوە. شەڕەکانی دژی فەرەنسا شەڕی ئازەربایجان کە توانیان ڕووبەڕووی ئەرمەنییەکان ببنەوە چوونکە ئازەری لەبواری سەربازییەوە سەر بە لایەنی ڕۆژهەڵاتی و ئەرمنییەکانیش سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوایین. یەعنی شەڕگەکان یەکلا دەکرێتەوە و سنووری ئەو برێکسە جیا دەکرێ. ئامانجی سنوری برێکس چییە؟ هەدەفی ئەوەیە لەژێر هەژموونی دۆلار بێتە دەر. ئەمریکا ئێستە لەباری ئیستیخباری و سەربازییەوە لاوازە و تەنها دۆلارەکەی ماوە و لەڕێگای ئەم دۆلارەشەوە سزای ئابووری لەسەر وڵاتان و کەسایەتییەکان دەسەپێنێت. تا ئێستا نزیکەی ۹۴ هەزار کەسایەتی لەلایەن ئەمریکاوە سزای ئابووری دراون. ئەگەر بێت ناوچەی برێکس دروست ببێت کە من ناوم لێناوە ناوچەی دژە دۆلار. ئەوەش بوو هەر لەئەمساڵ ۵ وڵات بەڕەسمی چوونە ناویەوە (ئێران، میسر، ئیمارت، سعوودیا و ئیتیۆپی) کە لەئێستادا بووتە ۱۰ وڵات و شەست وڵاتیش داوای ئەندامێتی لە برێکسی کردووە. لەو کۆنگرەیەدا بڕیارێکی گرینگ درا کە (بانکی برێکس) دروست بکرێت کە بە سیتەمی پێدانی چین کار دەکات لەڕێگای ئەبریشەمەوە و ئاڵۆگۆڕە بازرگانییەکان بۆ نموونە لەنێوان ئێران و چین، ئێران و ڕووسیا، ئێران و میسر بەرقەرار بکرێت و لەباتی دۆلار بە عوملەی مەحەلی تەعامولی تیجاری بکەن. ئەم بانکە دێت و ئەم موعاملانە ڕێکدەخات کە ئێستە ئیش لەسەر ئەمە دەکرێت. ئەمریکا لەم بابەتە زۆر هەراسان بووە و زۆر بەجدییەوە دەیەوێت ئەو پرسە ئابوورییە و ئەم جەمسەرگەرییە هەڵبوەشێنێتەوە. واتا برێکس خەتەرە لەسەر تەواجودی ئەمریکی و لەسەر دۆلاری ئەمریکی. ئەمەش حلفێکی سەربازی نییە بەڵکوو هاوپەیمانێتیەکی ئابووریە کە سێ قاڕە دەگرێتەوە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین لەبەرامبە ئوسترالیا و ئەورووپا و ئەمریکا، ئەمەش دەبێتە دوو کوتلەی جەمسەرگەری ئابووری واتا ئێمە بەرەو ئەو قۆناغە دەڕۆین کە جەمسەرگەرییە.

ئێستە کێشەکە چییە؟ ئێستە ململانێکان لەسەر یەکلاکردنەوەی بازاڕەکانە. واتا لەئێستادا هەموو هێزەکان دەیانەوێت ئەو خەتە فاسیلەیە دروست بکەن کە ئەم ناوچانە جیا بکەنەوە مەسەلەن لەئێتادا ململانێی زۆر هەیە کە عێراق جیا بکرێتەوە و تورکیاش لەناو ئەو بەیە و یاری دەکات . ئێمە ئەگەر تەماتشا بکەین لە ئاسیا و مەرکەزی و تورکمانستان و قەزاخستان و تا چین و هیند و ئەمانە هەموو بلە پاکستانیشەوە دەبێتە بازاڕێک. تانانەت بەڕای من کوشتنی عمران خانیش بەشێکە لەم بابەتە چوونکە ئەو هەوڵی دا کە بێتە ناو بریکس و ناو ئەو مەجمووعەیە و ئەمریکا دەستی هەبوو لەوەی کە بەگرتنی دا و سجنی کرد و لەسەرۆکایەتی دووری خستەوە. مەبەستم ئەوەیە کە ئێستا دەبێت ئێمە هەر بەمشێوەیەش سەبری شەڕی غەززە بکەین.

بەڕەئی من ئەمە شەڕی ڕۆشن کردنەوەی مەناتیقی نفووز و جەمسەرگەرییەکانە کە ئەم وڵاتە یا وڵاتێکی دی دەکەوێتە کام جەمسەرگەرییەوە ئێستە لە ئەفریقا میسر و جەزائیر و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقی ئامادەن بێنە ناو برێکس یان بەشێکن لە برێکس، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران بەشێکە لە برێکس کە ئیش دەکات ئەو ناوچانە یەکلا بکاتەوە، لە ئەفریقا جەزائیر و باشووری ئەفریقا، لە ئەمریکای لاتین بەرەزیل و ئەرژەنتین کە دەیانەوێت ئەم هاوپەیمانییە ئابووریە پێکبێنن، مەبەستی من ئەوەیە جیهان بەرەو ئەو جەمسەرگەرییە دەڕوات و هەمووی لەترسی ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت هەژموونی ئابووریی چین ڕابگرێت.

ستراتێژیی ئەمریکا: ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە بۆ ڕێگری کردن لە ئابووری دووجەمسەری

ئەگەر باش ورد بینەوە لە ساڵی ۲۰۰۳وە شەڕگەکان گەورەتر دەبن بۆ نموونە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی دووجەمسەریی ئابووری، شەڕی سونە و شیعە دروست بوو داعش سەریهەڵدا تەنانەت بەهاری عەرەبی بەشێک بوو لەو سترتێژییە کە ناسەقامگیری دروست ببێت بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەرنەگرێت؛ لە هەرشوێنێک ناسەقامگیری هەبوو ئیقتساد ئیشی بۆ ناکرێت یەعنی ئەمریکا بە قەسد و بە عەمدەن ناسەقامگیری دروست دەکات لەو ناوچانەدا. من قەناعەتم هەیە ئەگەر ئێران سونە بایا و دەوەلی عەرەبی هەموویان شیعە بان دووباەر لەنێوان سونە و شیعە هەر ململانێی دروست دەکرد لەنێوانیاندا. ئەمە هەمووی سیاسەتە. ئەمە پێوەندیی بە شیعە بوونی ئێرانەوە نییە. لە ۶۰ و ۷۰کاندا واتا سەردەمی شا ئێران دەوڵەتێکی شیعی بوو بەڵام پۆلیسی ئەمریکا بوو، مەبەستی من ئەوەیە کە ئەم بابەتە بۆ درێژکردنەوەی شەڕەکانە واتا گرژییە جیهانییەکان بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕۆن کە شایەتحاڵی شەڕی زیاتر بین وو ئەمەش دەبێت بۆمان زۆر ئاسایی و نۆرماڵ بێت.

 

ئەم دیمانەیە لە چوار بەشدا بڵاو دەبێتەوە، دەقی گفتوگۆکە لەسەر ئەم لینکە ببینە:

https://www.aparat.com/v/qtr6q84

News Code 224444

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha