کوردپرێس
دوای پێشهاتە ئاڵۆزەکان و قەیرانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بانگهێشتی دەلشاد مەجید، شرۆڤەکاری باڵای بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و پانێڵێکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئێستا و ئاسۆی داهاتووی ناوچەکە سازکرد. لەم دیدارەدا، دڵشاد مەجید کە یەکێکە لە شرۆڤەکارە پێشەنگەکانی دانیشتووی سوید، لایەنە جیاوازەکانی قەیرانی غەززە، کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی نوێی ئێرانی لە گۆڕەپانی جیهانیدا شی کردەوە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی کرد بە سیاسەتەکانی ئەمریکای لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوان گرفتە نوێکان لەبارەی پێوەندیی لەگەڵ سعوودیا و ئیسرائیل و کاریگەریی پێوەندیی ئێران بە بریکس و هاوکاریی لەگەڵ چین و ڕووسیا. هەر لەم وتووێژەدا، دڵشاد مەجید باسی لە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ و کاریگەریی لەسەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان کردەوە. ئەم پانێڵە بە تایبەتی تیشکی خستە سەر پەیوەندییە ئاڵۆز و هاوبەشەکانی قەیرانە ناوچەیی و جیهانییەکان کە کاریگەریی دوور مەودایان لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
شەڕی غەززە و قەیرانی ئامادەبوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: پێوەندیی پرسی فەلەستین لەگەڵ داهاتووی ناوچەکە
ئیسرائیل یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پاڵپشتیی ئۆکراینای کرد لەو شەڕەی کە تووشی بووە، واتا ئەگەر ئیسرائیل لەو شەڕە خۆی بەدوور بگرێت (چوونکە ئیسرائیل هەم لە ڕووی تەقەمەنییەوە هێزی گەورەیە هەم بەشێکی گەورەیە لەو شەڕە) لە قازانجی ڕووسیایە، بۆیە شەڕ غەززە بۆ ئیسرائیل دروست کرا. ڕوودانی شەڕی غەززە بۆ پێش شەڕی ئۆکرانیا نەبوو بۆ پاش ئەو شەڕە بوو؟ ئێستا سەیر کەن کە جهوودی ئەمریکی هەمووی ڕووی کردۆتە شەرقولئەوسەت و وازی لە ڕووسیا هێناوە؛ واتا ڕووسیا خەریکی سەرقاڵ کردنی ئەمریکایە. ئێستا هێزەکانی ئەمریکی لە مەترسین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەش بەهۆی شەڕی غەززەوە. ئەوانەی هەمووی بەڕای من ئەرگومێنت و فاکتن ئێستا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مەربووتە بە جێگیر کردنی ئاشتی ئەگر ئاشتی نەکرێت ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەسڵی بابەتەکە باتی فەلەستینە چوونکە ئەگەر بابەتی فەلەستین یەکلایی بکرێتەوە کاریگەریی لەسەر لوبنان و میسر و هەموو ناوچەکە دەبێت. لێرە شەڕەکە لەسەر سەیتەرەیە لەسەر دەروازە ئاوییەکان لەوان هۆرمۆز و بابولمەندەب کەناڵی سویز.
ڕێێکەوتنە نەوتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: دەسپێکی ئامادەبوونی ستراتێژیک و ململانێ جیهانییەکان
تەوەری دووەم لەبارەی ئەمریکایە، ئەم وڵاتە لە ساڵی 1908وە لەڕێگەی ئیتیفاقێکەوە بەناوی «خەتی ئەحمەر» لەگەڵ بەریتانییەکان لەمەسەلەی نەوت و دەرهێنانی لەگەڵ شەریکاتی ئەمریکی هاتنە ناو شەرقولئەوسەت (عێراق و ئێران و وڵاتەکانی خەلیج) بەڵام لە ساڵی 1944 یەعنی ساڵێک پێش تەواو بوونی جەنگی جیهانی ئیتیفاقێک کرا لە بەینی ڕۆزوێلت و چرچیل کە پێی دەڵێن ڕێککەوتنی ئەنگلۆ-ئەمریکی بۆ نەوت. لەوێوە ڕۆزوێلت بە چرچیل دەڵێت نەوتی فارس بۆ ئێوە نەوتی سعوودیا بۆ ئێمە و نەوتی عێراقیش بۆ هەردوومان. ئەوە بوو کە پاش ئیتیفاقی یاڵتا یەکسەر ڕۆزوێلت هەر لەوێ چوو بۆ سعوودیا و لەوێوە ئەمریکییەکان لەڕێگایە کۆمپانیاکانەوە هاتنە نێو ناوچەکە. دوای درووست بوونی ناتۆ بۆ گەمارۆدانی سۆڤیەت ئەمریکا گرنگیی بەوە دەدات کە شیووعیەت نەگاتە ئەورووپا. ئەگەر دیقەت بکەین دوو مەبدەع لەو کاتەدا سەریانهەڵدا، سۆڤیەت شیعارێکی هەبوو کە هاوکاریی نەتەوە و حەرەکاتی قەومی و نیشتیمانیی ئەو وڵاتانە دەکات؛ لەو لایش ئەمریکییەکان کە مەبدەعی تورمان بوون کە یارمەتیی ئەو وڵاتانەیان دەدا کە هەوڵیان بۆ دیموکراتیەت دەدا. ئەوانە دەیانەویست هەر کەسێک عەسکەرێکی هەبێت بۆ ئەوەی کە ئەوی دی نەگاتە شوێنەکانی ژێر کونترۆڵیان. لێرەوە حەلەقەکانی دەوری ڕووس دروست بوو ڕووسەکان دەیانویست دەستیان بە ئاوە گەرمەکان بگات و حەلقەی یەکەم بشکێنن و بێنە حەلقەی دوای ئەوە یەعنی مەسەلەن عێراق و میسر و ئەو وڵاتانە، بۆیە ئەگەر سەیری بکەین لە ساڵانی 50کاندا کۆمەڵێک ئینقیلاباتی عەسکەری کرا کە زۆربەیان بە پشتگیریی سۆڤەیت کران، لە عێراق و لە سووریا و میسر و سوودان و تەنانەت لە ئێرانیش ئینقلاب کرا، ئینقلابی محەمەدی موسەدق کە بە هاوکاریی حزبی توودە تەئمینی نەوتی کرد، هەر ئەمەش بوو کە بەریتانییەکان بە یارمەتیی ئەمریکییەکان حکوومەتی موسەدیقیان ڕووخاند. ئەگەر دیقەت بدەن ئەوە سۆڤیەت بوو کە هەموو ئەمانەی دروست کرد و ئەو هێز و حکوومەتە نوێیانە هاتن هەموویان بۆ شکاندنی ئەو حەلقەیە بوو، لێرەدا بوو کە ئەمریکا ترسا کە پشتی لێبگریردرێت بۆیە ئەگەر سەیری بکەین ئێمە هیچ سەقامگیریەکی سیاسی لەم ناوچەیەدا لە 50کانەوە تا 70کان و نەمانی سۆڤیەت نەبووە و بەردەوام ئەم ناوچانە ئاژاوە و ئینقلاب کراوە. ئەمریکا بەردەوام پشتگیریی دوو تەیاری دەکرد یەکەم تەیاری ئیسلامی و دووەم تەیاری قەومی و ناسیۆنالیستی بەس بۆ ئەوەی کە نەبنە شیووعی.
ستراتێژیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئامانجە سەرەکی و گۆڕانکارییە ستراتێژییەکان پاش شەڕی کوەیت
ئەمریکا چوار ئامانجی ستراتیجی لە شەرقولئەوسەت هەیە: 1- دەروازە ئاوییەکان، 2- وزە، 3- نزیکترین ڕێگا لە ئەورووپا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، 4- ئیسرائیل (پشتگیری لە دۆستی ستراتێژیکی خۆی واتا ئیسرائیل). ئەمریکا ئەم چوار ئامانجە ستراتیجییەی لە شەرقولئەوسەت هەیە و بەردەوام ئیش لەسەر ئەم چوار ئامانجە دەکات. ئەگەر سەیر بکەین وتمان ئەو ناوچانەی حەلقەی دووەم واتا حەلقەی دوای تورکیا و ئێران ئەوندە ململانێ و شەڕ و ئاژاوە و دائیم ئینقلاب هەبووە کە وای لێهات تەنانەت گۆڕانکاریی لە ئێران ڕووبدات بە هاتنی کۆماری ئیسلامی بۆ لاواز کردنی شەڕی ئێران و عێراق ڕوویدا کە ئەمریکا و دوەلی خەلیج دەوری باڵایان هەبوو لەڕوودانی ئەو شەڕەیدا. لێرەدا سیاسەتەکانی ئەمریکا بەکار گیردران کاتێک زانی کە چەندین مەترسی لەسەر هەژمۆنی ئەو لە ناوچەکەدا هەن، کاتێک کە هێزە قەومییە عەربییەکانیش لەوان عێراق و سووریا و لیبی بوون بە دژی مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، بۆیە ئەم چوار خاڵە (ئێران و عێراق و سووریا و لیبی) ناویان لێنیا «دوەلی ماریقە». ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین لەو فەترەیەدا جۆرێک لە سیاسەتی موزدەوەج دروست بوو هەم بەرامبەر ئێران پاش شەڕەکە هەم بەرمبەر عێراق لێرەوە ئەمریکا نەیتوانی بەسەر کێشەکاندا زاڵ بێت ئەوە بوو شەڕی کوەیت یەکەم هەنگاو بوو کە هێزی سەربازی بێنێتە شەرقولئەوسەت لەوێوە ئەمریکییەکان بەشێوەی عەسکەری ئامادەبوون، تا ئێستا ئامادەبوون و هێزەکانیان ئەمنی و ئیستیخباری بوو بەڵام لەپاش شەڕی کوەیتەوە بوو بە ئامادەبوونی سەربازی. لە دوای 11 سپێپتێمبێرەوە ئەم ئامادەبوونە سەربازییە بوو بە سەرچاوەی جووڵان و هێز بۆ لەناو بردن و نەهێشتنی ئەو هێزانەی کە دژی ئەمریکان. ئەو هێزان جووڵەیان پێکرا لە ئەفغانستان بەرەو عێراق و تەنانەت بەهاری عەرەبی بەشێک بووە لەم ئامادەبوونی سەربازییەی ئەمریکا کە دەستی بووە تێیدا. سیاسەتی ئەمریکا لێرەوە لە حاڵەتی گوشاری ئابووری و سیاسییەوە بوو بە سەربازی.
ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کەمبوونەوەی نفووز و هەڕەشەی نوێ لە شەڕی غەززە
لە ناو هەموو ئەم مەسەلانە، گرنگترین کێشە بۆ ئەمریکا چی بوو، کە چینیشی بۆ زیادکرا؟ ئەوە پرسی عەرەب و ئیسرائیل بوو، کە هۆکارێکی بەردەوامی ناسەقامگیری لەم ناوچەیەدا بووە، بۆیە ئەگەر بە وردی سەیری بکەیت، ئەمریکا هەمیشە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی داوە لە ڕێککەوتنی کامپ دەیڤدەوە (سەردەمی کارتەر) تا ڕێککەوتنی ئۆسلۆ، چونکە بە تەواوی پەیوەندی بە ئامادە بوونی هێزەکانی ئەوانەوە هەیە. ئێستا بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بەشی سەرەکی پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە، مەترسی شەڕی غەززە بۆ ئەمریکا چییە؟ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێواش هێواش لاواز دەبێت. توانای سەربازیی خۆی لەدەستداوە، وەک لە ڕابردووشدا ناتوانێت بە بەکارهێنانی تواناکانی سی ئای ئەی حکوومەتەکانی تر بڕوخێنێت، ئێستا تەنها فشاری ئابووری بەکاردەهێنێت، بۆیە ئەگەر چارەسەرێک بۆ شەڕی غەززە نەدۆزرێتەوە، بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا مەترسی دەکەوێتە سەر، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن لە مەترسیدایە؟ سەیرکە لە وڵاتانی سعوودیە و ئیماراتدا یاسای ئەمریکی هەیە، بەڵام هاوکات لەگەڵ بریکسیشدا کاردەکەن.
ڕێککەوتنی ئێران و سعوودیا: هەنگاوێکی سەرەکی لە گۆڕانکاریە سیاسییەکانی ناوچەکە و زەبرێک لە سیاسەتی ئەمریکی
گەورەترین ھەنگاو کە چین ھەڵیگرت ڕێکەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە بوو، ئەم ڕێککەوتنە گەورەترین زەربە بوو لە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆچی؟ چوونکە ئێستا هەموو کێشەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی ئێران و سعوودیەوە چارەسەر دەکرێن، بۆ نموونە مەسەلەی فەلەستین و یەمەن و سووریا، ئەم دوو وڵاتە پێکەوە هاوکاری دەکەن، بۆ نموونە گەڕانەوەی سووریا بۆ مەخفەلی عەرەبی و کۆنگرەی عەرەبی کە بەڕێوەچوو، ئەوە سعوودیە بوو کە ڕێگەی دا بگەڕێتەوە بۆ ئەم کۆبوونەوانە، واتە ئەگەر سەیری دیوەکەی تری کەیسەکە بکەین، واتە ئەگەر گرنگی بەم کارەی سعوودیە بدەین بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ بازنەی وڵاتانی عەرەبی، دژی سیاسەتەکانی ئەمریکایە، بەڵام سعوودیە بە ئاشکرا کار ناکات، ئامانجی بایدن ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان بوو ئەگەر سعوودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە دواتر هەموو وڵاتانی عەرەبی پێوەندییەکانیان ئاسایی دەبێەوە و هیچ کێشەیەک نابێت، دەستی چینیش لاواز دەبێت بۆ دەستوەردان، ئێستا کێشەی سعوودیە چییە؟ ئەگەر لە بەهاری عەرەبیەوە تا ئەم دواییانە (پێش شەڕی غەززە) سەیر بکەین، تورکیا هۆکاری سەرەکی گرژییەکان بوو، ئەمریکا هەموو کێشەکانی بەهاری عەرەبی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کردبوو. تورکیە دەستوەردانی کرد؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سعوودیە، لەگەڵ ڕووسیا، لە بواری پرسی نەوت و کەمکردنەوەی و ئۆپێک دژایەتی ئەمریکایان کرد، چوونکە ئەمریکا لەم ڕووەوە سعوودیای پشتگوێ خستبوو؛ لەم دۆخەدا دەرفەتێک بۆ سعوودیە ڕەخسا، چوونکە لە ئێستادا ڕێژەی بازرگانی نێوان سعوودیە و چین زیاترە لە وڵاتانی دیکە؛ تەنانەت هەندێک پڕۆژەی گەورە لە شارەکانی سعوودیە لەلایەن چینییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. مەبەستم ئەوەیە سعوودیە دەڵێت تا کێشەی فەلەستین چارەسەر نەکرێت لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نابینەوە، چوونکە مەرجێکی سەختی بۆ ئەمریکییەکان داناوە، چوونکە ئێستا دەڵێت پێویستە دەوڵەتی فەلەستین دروست ببێت.
بۆچی تا ئەم کاتەش ئاگربەست لە غەززە ڕانەگەیێندراوە؟
بۆچی ئەمریکا دوای ساڵ و نیوێک لە سەرهەڵدانی شەڕەوە ئاشتی نەچەسپاند؟ ئەم ئاشتییە، کە تەنانەت حکوومەتە عەرەبییەکانیش پێی ڕازین، نابێت ئاشتبوونەوە بێت لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا، هەر بۆیە هەموو هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی ئەم دوو هێزە و جیهادی ئیسلامی دەدرێن و ئەگەر ئاشتییەک بەرقەرار بێت، نابێت ئەم سێ لایەنە ڕۆڵیان تێدا هەیە، ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن ئەوان دەیانەوێت ئەم سێ لایەنە لاواز ببن، ئەوکات ئاشتی جێگیر دەبێت، گەورەترین هۆکارە بۆ ئەوەی ئەمریکا بەسەر ئیسرائیلدا زاڵە هەر ئەمەیە، (زۆرێک پێیان وایە ناتانیاهۆ گوێ بە قسەکانی ئەمریکا نادات؛ نەخێر، وا نییە، بۆ نموونە لە هێرشی سەر ئێراندا، ئەوە ئەمریکا بوو کە نەیهێشت ئیسرائیل ئەو حەماقەتە بکات و پێگە نەوتییەکانی ئێران بکاتە ئامانج) ئیسرائیل لەو فەترەیەدا خۆی بەژێر کەوتوو دەزانێت. حەماس سەرکەوتوو بوو، یەعنی ئیسرائیل دەیویست سەرکەوتنێک هەبێت بەڵام هەتا ئێستا دیلەکانی ئازاد نەکردووە، تا ئێستا حەماسی لەناو نەبردووە بۆیە ئیسرائیل چاوەڕێی سەرکەوتنێکە، هەر بۆیەش ئێستا ئیسرائیل تۆزێک پشووی هاتۆتەوە کە سەرکەوتوو بووە بە کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا و یەحیا سینوار و ئیسماعیل هەنییە. بەڵام هێشتا ئیسرائیل بەدوای سەرکەوتنێکدایە کە ئەوەش لاواز کردنی ئەم سێ حزبەی مقاومەیە. لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاشتی جێگیر دەبێت ئەگینا ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
ترامپ و گۆڕانکاریی گریمانەکراو لە سیاسەتەکانی ئەمریکا؛ لە شەڕ لەگەڵ ئێرانەوە تا ئاشتی لە غەززە
لێرەدا گەڕانەوەی ترەمپ چ گۆڕانکارییەک لە ئەم هاوکێشەیەدا دروست دەکات؟ ڕەنگە وا هەست پێبکرێت کە ڕەنگە ترەمپ بەدوای ئاشتیدا نەگەڕێت و لەگەڵ ئێراندا بچێتە شەڕەوە بە بۆچوونی من چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ (خولی پێشوو) زۆر جیاوازە لە ئێستا، ئەم جیاوازییە چییە؟ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئێران بەتەنها لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا بوو، بەڵام ئێستا زلهێزێکە و دەکەوێتە ناو میحوەرەکەی بریکس و پەیوەندی بە چین و ڕووسیا هەیە، بۆیە ترەمپ ناتوانێت وەک ڕابردوو کراوە بێت بەرامبەر ئێران. من پێم وایە ئامانجی ترەمپ لە داهاتوودا ڕاگرتنی چینە ئێستا ئەم شەڕانە لە ناوچەکەدا، جا شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت یان شەڕی ڕووسیا، بوونەتە فاکتەری دابینکردنی وزەی هەرزان بۆ چین، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر چین بەرهەمێک بە 2 دۆلار بکڕێت، ئێستا 1 دۆلاری تێدەچێت چوونکە بە وزەی هەرزان ئەم کارە دەکات، ترەمپ دەتوانێت پرۆسەی ئابووری چین بوەستێنێت بۆ ئەوەی چین دەستی بەو وزە هەرزانە نەگات و نرخی کاڵاکان بەرزبێتەوە و ئەمریکا باجی زیاتری لەسەر کاڵاکان دابنێت ، بۆیە من پێم وایە توندی توندوتیژییەکانی ترەمپ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کەم دەبێتەوە و ئەویش شەڕی ئۆکرانیا ڕادەگرێت و جۆرێک لە ئاشتی لە غەززەدا جێگیر دەبێت، بەڵام ئەم ئاشتییە لەگەڵ حەماسدا نابێت؛ ڕەنگە لەگەڵ ڕێکخراوی فەلەستین بێت. ئێستا هەموو کێشەکان ئەوەیە کە غەززە تەسلیمی سوڵتەی فەلەستینی بکرێت؛ بەڵام ئیسرائیلییەکان دەڵێن ئێمە مینبەری سەلاحەدین (مزگەوتی ئەقسا) بەرنادەین، ئێستا کێشەکە ئەمەیە. ئیسڕائیلییەکان هێشتا لە حەماس دەترسن، ئەم بزووتنەوەیە هێشتا هێزێکی سەربازییە، مەبەستم ئەوەیە ئەمریکا ئێستا لە دۆخی بەرگریدایە، نەک لە دۆخی هێرشبەریدا، جا چ لە عێراق بێت یان سووریا یان لە ناوچەکەدا، ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا دووبارە بێتەوە ناوچەکە چونکە ئەگەر لە داهاتوودا ئاشتیێک بکرێت کێ ئەم ئاشتییە دەپارێزێت؟ دەبێت خودی ئەمریکا بێت! بۆیە پێویستە ئەمریکییەکان بەم شێوەیە بگەڕێنەوە ناوچەکە، بەرقەرارکردنی ئاشتی حەتمییە. ئێستاش نیشانەکانی ئاشتی دەرکەوتووە.
هەژموونیی ئێران لە ناوچەکە؛ ستراتێژیی مێژووی و هەڕەشە ژیئۆپۆلۆتیکیە فەرهەنگییەکان
لە تەوەری سێهەمدا حەز ئەکەم باسی ئێران و هەژموونی ئەم وڵاتە بکەم ئەگەر سەیری سیاسەتی ستراتیژی ئێران بکەین تەنانەت لە سەردەمی سەفەوی و ئیمپراتۆریەتی فارسیشدا هەتا ئەمڕۆ ئێران هیچ کێشەیەکی نییە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیەوە نییە بەڵکوو هەموو کێشەکان کە تووشی بووە لە دیوی ڕۆژئاوای وڵاتەکەیەوە بووە. ئەگەر ئاوڕ لەو هێرشانە بدەین کە لە دژی ئێران سەریانهەڵدا و ئێرانیان داگیر کردوو، هەموویان لە ڕۆژئاواوە بوون. ئەسکەندەری مەقدوونی هات و تەبریزی داگیر کرد، ئیسلام تاقی کەسرای (ئیڤان مەداین)ی داگیر کرد و دواتر عوسمانییەکان هاتن و لە شەڕی چالداران بەشێک لە ئێران دابڕا و لە شەڕی سەدامیش بە هەمان شێوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران دەبێت نیگەران بێت لە بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی و هێرشەکان هێشتا بەردەوامن، زۆرێک دەپرسن بۆچی ئێران پشتیوانی لە شیعەکانی ناوچەکانی تر دەکات؟ ئێران بەردەوام نیگەرانە و بۆ پاراستنی ئەمنی قەومی و سنووری خۆی لە ناوچەکەدا ئەم کارە دەکات. ئەگەر تەماشای سەردەمی شا بکەین، هەمان ستراتیجی بووە، ئێرانیش ڕووبەڕووی سێ مەترسی دەبێتەوە، کە پێیان دەوترێت 1-مەترسیی سوور، 2- مەترسیی ڕەش و 3- مەترسیی جیۆپۆلەتیک (جیۆپۆلیتیکی کولتووری). مەترسیی ڕەش لەگەڵ لایەنە قەومییەکان و ئیسلامی توندڕودایە، خەتەری سووریش لەگەڵ خەتەری ئەفکاری چەپ و مارکسیستییە و خەتەری فەرهەنگیش کە لایەنی کولتووریی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج. سیاسەتی ئەم جیۆکلتوورە هیلالی شیعە و هیلالی نەورۆز دەگرێتەوە. هیلالی نەورۆز ئەو نەتەوانە دەگرێتەوە کە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن و هیلالی شیعەش ئەوانەن کە باوەڕیان بەم ئایینە هەیە. ئێران بەو دوو ئاڕاستەیە کاری کرد، بەڵام شا دوای ڕێککەوتنەکانی جەزائیر لەو سیاسەتانە کشایەوە؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمەی بەتەواوەتی کردە بەشێک لە ستراتیژەکەی و ئێستاش بەردەوامە، چونکە ئێران هێزی خۆی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەم وڵاتە دەیەوێت بەم شێوەیە خۆی بپارێزێت، ئەم دیوی ڕۆژئاوای ئێران بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە سەیری هەموو هێرشەکان بکەن، تەنانەت داعشیش، مەبەستیان گەیشتن بە ئێران بووە، مەبەستم ئەوەیە کە ئێران ستراتیژیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان هەیە بۆ پاراستنی ئەمنی قەومیی خۆی و میللەتەکەی ئەم ستراتیژییانە بەکار دێنێت.
ئێران و ستراتیژیی هێزی نەرم بۆ پاراستنی هەژموونی ناوچەیی خۆی؛ تەعامولی ئابووری و سیاسی لەبری دەستوەردانی سەربازی
ئێران ئێستا بۆتە بەشێک لە ستراتیژیی جەمسەرگەریی بریکس بۆیە زۆر پەلە دەکات بۆ چوونە ناوی بریکس چوونکە زەرەرمەندی سەرەکیی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمدا ئێران و ڕووسیان. ئێستا ئێران بە چ شێوەیەک دەتوانێت هەژموونیی خۆی لە ناوچەکانی (هەرێمی کوردستان و عێراق) بهێڵێتەوە.
ئێران دەبێت لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانە بێت، واتە هێزی نەرم بەکار بێنێت وەک چینییەکان، چینییەکان کە لە ڕێگەی ئابوورییەوە زاڵن بەسەر بڕیارە سیاسییەکانی زۆرێک لە وڵاتان، ئەگەر ئابوورییەکی بەهێز هەبێت، دەتوانرێت لە بڕیارە سیاسییەکاندا جێی بکرێتەوە؛ چوونکە ئەوە ئابوورییە کە تەحەکوم بە بڕیارە سیاسییەکان دەکات. هەروەها ئەمریکا لە زۆر شوێن هێزی نەرم بەکاردەهێنێت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ڕکابەرەکانی.
ئەگەر ئێران بتوانێت تەعامولی ئابووری و سیاسی خۆی وەک ئەمریکا و چین دابمەزرێنێت، یان لە ڕێگەی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ عێراق هەژموونی خۆی بپارێزێت، دەبێتە هێزێکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا و سنوورەکانی دەپارێزێت و ئەمەش تەنها بە هێزی چەکدار ناکرێت و لە داهاتوودا زیانی پێ دەگەیەنێت. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان ئێران پشتیوانی لە دوو هێز دەکات و تەعامولیان لەگەڵ دەکات، پارتی و یەکێتی کە دوو هێزی چەکدارن ئەمەش ئەمری واقیعە، بەڵام ئەگەر ئێمە سەیری بکەین ئێران هیچ ئیستیفادەیەکی لەو هێزەی چەکداریی کورد نەکردووە لە 19991ەوە کە دروست بوونە هیچ ئیشێکیان بۆ ئێران نەکردوو. کەواتە کێ ئەو حیزب و هێزانەی بەکارهێناوە؟ ئەمریکییەکان و تورکەکان. ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە کە ئەم کارە لەگەڵ هێزی مەدەنی و دەسەڵاتی سیاسی دەبێت بکرێت، چوونکە ئەو هێزە مەدەنیانە پاڵپشتی دەسەڵاتی جەماوەرییان هەیە، پشتیوانی سەربازییان نییە، کاتێک پشتیوانی جەماوەری بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ئەمانە ئەو کەسانەن کە ڕوو لە ئێران دەکەن، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان خەڵکی ئاسایی هیچ دژایەتییەکیان بۆ ئێران نییە، بەڵام بە توندی ڕقیان لە تورکیایە، چوونکە ئێران هیچ دەستێوەردانێکی سەربازیی نییە و هەمیشە هاوکاریی لە پرسەکاندا کردووە و کێشەکانی کەمکردووەتەوە و نائارامی و ناسەقامگیریی لەسەر سنوورەکان وەکوو ئەوەی تورکیا دەیکان، دروست نەکردووە. بەڕای من پێویستە ئێران سیاسەتی خۆی ئاراستەی یارمەتیدانی خەڵکی ئاسایی و هێزی سیاسی نوێ بکات نەک هێزە چەکدارەکان، بۆ نموونە بۆچی ئەمریکا کەرەستەی سەربازی قورس (تۆپخانەی ئەلیکترۆنی) بۆ کورد دابین دەکات؟ ئەو هێزانە بەهێز ناکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و تورکیا، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق، بۆ نمونە شەڕی حەشدی شەعبی و حکوومەتی شیعە، ئەمەش دواجار دژی ستراتیژی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
بەشی یەکەمی پانێلەکە:
ئەم دیمانەیە لە چوار بەشدا بڵاو دەبێتەوە، دەقی تەواوی پانێلەکە لەسەر ئەم لینکە ببینە:
Your Comment