بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە توندی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکۆنە دەکات، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی دەوڵەتانە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوش داوە: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ و بەپەلە کاربکات بۆ کۆتایی هێنان بەو دەستدرێژیانە و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دووپات دەکەینەوە و هەر جۆرێک لە جۆرەکانی گرژی ڕەت دەکەینەوە، هەروەها دووپاتی دەکەینەوە پشتیوانی لە فەلەستینیەکان دەکەین بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان لەسەر خاکی نیشتمانیی فەلەستین".
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە کاری بەپەلە بکرێن بۆ کۆتایی هێنان بە دەستدرێژی بۆ سەر براکانمان له غەززه و لوبنان و گەیشتن به چارەسەرێک، کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت".
Your Comment