بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆران لە پەیامێکدا کشانەوەی بزووتنەوەکەی لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و خۆجێی ڕاگەیاند.
لە پەیامەکەی رێکخەری گشتیی گۆڕاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤات بڕیاردرا، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە.
دەشڵێت: "بڕیاری کشانەوەیان لە حکوومەت، وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانخوازانی ناو پەیکەری ڕێکخراوەیی و دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزووتنەوەکەمانە".
راشیگەیاند، "بڕیاری کشانەوەمان لە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی خۆجێی؛ بەشێکە لە زنجیرەیەک گۆڕانکاری و هەڵوێست و بڕیار، کە دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکەمان، بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی و هەڵسوڕاوی دەرەوەی بزووتنەوەکەمان، دەستمان پێکردوە و بڕیارمانداوە بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕان بەهێزبکەینەوە".
ئەوەش هاتووە، "لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی بەشداریکردنمان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە شاهێدی خەڵک و هەڵسوڕاو و دەنگدەرانمان، سەرکەوتوو نەبوو، ئەو کارنامەی بۆ چاکسازی و خزمەتی گەلەکەمان نووسرا؛ حکوومەت جێبەجێی نەکرد، بۆ ئەو ئەنجامەش دووبارە داوای لێبوردن لە میللەتەکەمان دەکەین، ئەگەرچی بڕیارێکی درەنگ وەختیشە، بەڵام ڕاست و پێویستە، هەربۆیە سوپاسی سەبر و چاوەڕوانیتان دەکەین و بەڵێن دەدەین هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە".
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "بزووتنەوەی گۆڕان بە ستراتیجێکی نوێی سیاسیەوە دێتەوە مەیدان، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەرنامە سیاسیەی کاک نەوشیروان لە سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان؛ بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی هەرێم خستیەڕوو، ستراتیجێک ڕوو لە خەڵک و پشت لە پلە و پۆست و دەسەڵات، ستراتیجێک بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی توانا و وزەی شەقام و خەڵک و گەنجان و ژنان و هەڵسوڕاوانمان".
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بانگەواز بۆ هەموو ئازادیخوازان، دەنگدەرانی کوردستان، کەسایەتی و گۆڕانخوازانی ڕازی و ناڕازی دەکات، لەم قۆناغەدا لەگەڵیان بن و بەیەکەوە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی موعارەزەی سیاسی و نوێنەرایەتی کردنی ڕاستەقینەی خەم و خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئامادە بکەن، بەیەکەوە گوڕ بدەنەوە بە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان.
Your Comment