ئایا هێزی سەربازیی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا هەڵدەوەشێتەوە؟

هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە گرنگترین هێزی سەربازیی کوردانی سووریا دادەنران، ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا شوێنیان بدەن بە پێکهاتەیەکی نوێ لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا؛ گۆڕانکارییەک کە دەرئەنجامەکانی تەنها سنووردار بە بوارە سەربازییەکە نابێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاپۆرتی گۆڤاری ئامارجی لەسەر پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێکهاتەی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، وێنەیەک لە قۆناغێکی چارەنووسساز بۆ داهاتووی ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە پێشکەش دەکات؛ قۆناغێک کە ئەگەر تەواو بێت، بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ئەم دوو دامەزراوەیە و دەستپێکردنی چوارچێوەیەکی نوێی سیاسی و ئیداری دەگات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەنن کە هەڵدەوەشێنەوە؛ هەنگاوێک کە بەشێکە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لەنێوان دیمەشق و کوردانی سووریا. لە هەمان کاتدا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گفتوگۆ لەسەر ئاسۆ نوێیەکانی سیاسەتی کوردی و بەشداریی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێکهاتە نوێیەکەی وڵات دەستی پێکردووە.

د. جیهان سەعید حسام، پارێزگاری تازە دامەزراوی ناوچەی قامیشلۆ و یەکەم ژنی سووری کە گەیشتووەتە ئەم پۆستە، بە ئاماژەکردن بە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەڵێت: «هیچ بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمدا نییە.» ئەو هەروەها زیاد دەکات: «وەک ژنێکی کورد، شانازی بەوەوە دەکەم کە لە پێشەوەی بەرپرسیارێتی لە پارێزگای حەسەکەدام و هەموو هەوڵم دەدەم وەڵامی ئەو متمانەیە بدەمەوە کە خەڵک پێیان کردم.»

بەپێی وتەی حسام، ئەو قۆناغەی کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێیدا هەوڵی پاراستنی خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لە خۆی دژی دەوڵەتی ناوەندی دەدا، ئێستا کۆتایی هاتووە. ئەو دەڵێت: «سووریا لە زۆر ناوچەدا لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەدایە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ماوەی چواردە ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای کەمی ئیمکانات و بارودۆخی سەخت، توانی ئەم قۆناغە بەڕێوە ببات. بەڵام قۆناغی داهاتوو گۆڕانکاریی گەورەی لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە نەک تەنها پێکهاتە ئیدارییەکان، بەڵکو ڕاستییە مەیدانییەکانیش دەگۆڕێت.»

سیهانوک دیپو، یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها دانی بەوەدا دەنێت کە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە ڕێگادان، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنها بە مانای کۆتاییهاتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نییە، بەڵکو «گواستنەوە بۆ چوارچێوەیەکی سیاسیی نوێ» ـە.

لە بوارە ئیدارییەکەدا، پرۆسەی تێکەڵکردن بە خێراییەکی بەرچاو پێش چووە. جیهان حسام دەڵێت: «لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستا، ژمارەیەکی زۆر لە پەڕگە و بەرپرسیارێتییەکانمان بە شێوەی هاوبەش بەڕێوە بردووە و ئێستا زۆربەی دامەزراوەکان لەگەڵ پێکهاتەی دەوڵەت تێکەڵ بوون. تەنها چەند دامەزراوەیەک ماون کە چاوەڕێی هاتنی شاندەکانی وەزارەتەکانی دیمەشقن بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردن.»

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٧٠٪ی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت تەواو بووە و بەشەکانی پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، کشتوکاڵ، بازرگانیی ناوخۆ و کولتوور ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندیدا چالاکی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، جیهان حسام جەخت لەوە دەکاتەوە کە خێرایی ئەم پرۆسەیە هەمیشە یەکسان نەبووە. ئەو دەڵێت: «هەندێک جار پێشکەوتن هێواش دەبێت، چونکە بارودۆخی هەرێمایەتی و گۆڕانکارییە گشتییەکانی سووریا کاریگەرییان لەسەر هەیە.» گۆڤاری ئامارجی بە گوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەنووسێت کە پرۆسەی تێکەڵکردن لە سووریا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) هەیە.

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، دوا قۆناغ، واتە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێشتا بە چارەسەرکردنی چەند پەڕگەیەکی هەستیار بەستراوەتەوە؛ لەوانە گەڕاندنەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان، گەڕاندنەوەی موڵکە دەستبەسەرکراوەکان و بە ئەگەری زۆر، دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا.

یەکێک لە گرنگترین بابەتە هێشتا چارەنەکراوەکان، چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) ـە. ئیبراهیم ئۆلابی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامارجی دەڵێت: «ژمارەیەک لە ئەندامانی پێشووی YPJ لە ئێستادا لە هێزە سەر بە وەزارەتی ناوخۆدا تێکەڵ دەکرێن، بەڵام بابەتی پەیوەستبوونیان بە وەزارەتی بەرگری هێشتا جێی گفتوگۆیە.» ئەو جەخت دەکاتەوە: «ئێمە چەندین جار گوتوومانە کە ڕۆڵی ژنان زۆر گرنگە» و ئاماژە بەوە دەدات کە ئێستا ئەکادیمیایەکی تایبەت بە فێرکردنی پۆلیس و هێزە ئاسایشییە ژنەکان لە چالاکیدایە.

لە بوارەی پەروەردە و مافە کولتوورییەکانیشدا، هەندێک پێشکەوتن بەدەست هاتووە. جیهان حسام دەڵێت: «بەرنامەی خوێندنی بە زمانی کوردی کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری جێبەجێی دەکرد، لەگەڵ بڕوانامەکانی قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی، بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن دیمەشقەوە ناسراوە.» ئەو زیاد دەکات: «ئێستا لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی زانکۆکانی ناوچە کوردنشینەکان و دامەزراوەکانی دیکەی خوێندنی باڵای ناوچەکەداین و وەزیری خوێندنی باڵای دەوڵەتی گواستنەوەش بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخ سەردانی پارێزگای حەسەکەی کردووە.»

بەپێی وتەی ئەو، یەکێک لە چارەسەرەکان دامەزراندنی زانکۆیەکی نوێ لە پارێزگای حەسەکەیە. هەروەها وەزیری پەروەردەی سووریا ڕایگەیاندووە کە پێشەکییەکانی ئامادەکردنی بەرنامەی خوێندنی نوێ بە زمانی کوردی بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە جێبەجێکردندایە. جیهان حسام زیاد دەکات: «بە شێوەیەکی فەرمی زمانەکانی کوردی، سریانی و عەرەبی لە پارێزگای حەسەکە ناسراون و ڕێککەوتنە پێویستەکانیش واژۆ کراون. ئێمە ئەم هەنگاوانە بە هەنگاوێکی زۆر پێشکەوتوو دادەنێین و کاریگەرییەکانیان لە داهاتوودا زیاتر دەرکەون.»

ئیبراهیم ئۆلابی هەروەها بە ئاماژەکردن بە هەنگاوەکانی دەوڵەتی گواستنەوە دەڵێت: «ئەوەی پێشتر باسمـان لێوە کردبوو، ئێستا تەنها لەسەر کاغەز نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە کردار.» ئەو بەخشینی هاووڵاتیێتی سووری، ئامادەبوونی کوردەکان لە پەرلەمان، گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و تێکەڵبوونی هەندێک لە فەرماندە پێشوەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) لە وەزارەتی بەرگری، وەک نموونە دەهێنێتەوە و زیاد دەکات: «بە گشتی، کارەکان بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆن. ئەم پرۆسەیە بەڕاستی شتێکی نزیکە لە پەرجوو.» لە وەڵامی ڕەخنەکانیش سەبارەت بە ئاستی نوێنەرایەتیی کەمینەکان دەڵێت: «ئێمە کەمینە و زۆرینە نابینین؛ ئێمە هاووڵاتیانی سووریا دەبینین. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆک کۆمار دڵنیایی لەوە کردووەتەوە کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییان هەبێت.»

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ هاووڵاتیان، دەستکەوتە سیاسییەکان تەنها ئەو کاتە مانایان هەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبێت. جیهان حسام دەڵێت: «ئێستا چەندین پڕۆژەمان لە جێبەجێکردندایە بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی خەڵک. پەروەردە لە پێشەوەی پێشینەکانماندایە و هاوکات تەرکیزمان خستووەتە سەر خزمەتگوزارییە شارستانییەکان. ژێرخانەکان کۆن و فرسودە بوون و چیتر وەڵامی پێداویستییەکان نادەنەوە؛ بۆیە تۆڕی کەناڵاوی، ڕێگا، کارەبا و ئاو نوێ دەکرێنەوە و لە ئێستاشدا دروستکردنی هێڵێکی نوێی کارەبا بۆ شارەکە لە جێبەجێکردندایە.»

بەڵام، ڕاستیی مەیدانی هێشتا سەختە. قەیرانی ئابووری، لابردنی یارمەتییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، ناڕەزایەتییەکی فراوانیان دروست کردووە. محەمەد ئینو، یەکێک لە دانیشتوانی قامیشلۆ، دەڵێت: «خەڵک لە کەمی مووچە، بێکاری، کەمی کارەبا، کەمی بەنزین، خراپیی ڕێگا و کەمی ئاو گازندە دەکەن؛ فرقی ناکات کورد بن یان عەرەب. کێشەکان زۆرن و زۆر کار هێشتا ئەنجام نەدراوە.» ئەو بە بەراوردکردنی بارودۆخی ئێستا لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیاد دەکات: «لە سەردەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا، کاڵاکان هەرزانتر بوون و سووتەمەنی دابەش دەکرا. هەندێک دەڵێن ئەگەر مەبەست لەم تێکەڵبوونە ئەوەیە، ئەوا ئێمە لەناودەبات. ڕەنگە دەوڵەت لە میدیا بڵێت ئەو کارەی کردووە و ئەم کارەی کردووە، بەڵام ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا هیچ باشبوونێک نابینین.»

یەکێکی دیکە لە کێشەکان، دابەشکردنی ناکافی پارە نوێکانی سووریایە. لە کاتێکدا ماوەی کۆکردنەوەی پارە کۆنەکان لە کۆتایی دایە، خەڵک نیگەرانن نەک دەرفەتی گۆڕینی پارەکانیان لەدەست بدەن. محەمەد ئینو پرسیار دەکات: «کاتێک دەوڵەت تەنانەت پارەی نوێی بە قەدەر بۆ ئەم ناوچەیە نانێرێت، خەڵک چۆن دەتوانن متمانەی پێ بکەن؟» لەگەڵ ئەوەشدا، جیهان حسام هێشتا بەهیوایە و دەڵێت: «جیاوازییەکی ڕوون لەگەڵ ڕژێمی پێشوو هەیە؛ ئێستا بەڕێوەبەران لە ناو کۆمەڵگای خۆجێیی هەڵدەبژێردرێن و ئەمە دەسەڵات و مافی زیاتری بە خەڵک دەبەخشێت.»

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەو پەڕگانەی هێشتا چارەسەر نەکراون دەکات کە چارەنووسی کۆتایی پرۆسەی تێکەڵکردن دیاری دەکەن. مەریەم جیندو، ژنێکی ئێزدی خەڵکی عەفرین، دەڵێت: «جا دەتانەوێت یان نا، هەندێک کەس لەم ڕێککەوتنە ڕازی نین و دەیانەوێت بە شکستی بهێنن. ئەم ڕێککەوتنە دەبێت زۆر بابەت چارەسەر بکات؛ لە تێکەڵکردنی سەربازییەوە بگرە تا گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و جێگیربوونی دامەزراوەکان لە پێکهاتەی دەوڵەتدا. من دەخوازم ئەم ڕێککەوتنە تا کۆتایی جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەگەر کێشەی نوێ دروست ببێت، ئەوە ئەم کۆمەڵگایەیە کە زیانی لێ دەکەوێت.»

ڕاپۆرتەکە هەروەها دەڵێت دیمەشق باس لە پێشکەوتن لە بوارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێکانی دەکات، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە هێشتا گازندە لەوە دەکەن کە موڵکە دەستبەسەرکراوەکانیان، کە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ دەستبەسەر کرابوون، پێیان نەگەڕێنراونەتەوە. جگە لەوەش، دیاریکردنی چارەنووسی ونبووەکان هێشتا یەکێکە لە گرنگترین داواکارییەکانی کوردانی سووریا.

محەمەد ئینو دەڵێت: «هێشتا چارەنووسی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە خەڵکی ئێمە دیار نییە. دەوڵەتی گواستنەوە نەیگوتووە ئەوان لە کوێن، کوژراون یان لە زیندانن. زیاتر لە سەد کەسیش بە دڵنیاییەوە لە دەستبەسەردان و هێشتا ئازاد نەکراون. بۆ بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە، دەبێت ئەوان ئازاد بکرێن.» ئەو لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە: «داهاتوو دەبێت بە قازانجی هەمووان بێت؛ کورد، عەرەب، دروزی، عەلەوی و هەموو خەڵکی سووریا. داهاتووی سووریا هی خەڵکی سووریایە. ئێمە دەمانەوێت بەشێک بین لەم پرۆسەیە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بڵێت هەموو شتێک تەنها هی ئێمەیە، ئەوا ئیشەکە زۆر دژوار دەبێت.»

ئامارجی لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە هەڵوەشاندنەوەی ئەگەریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها کۆتایی هاتنی پێکهاتەیەکی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکو دەتوانێت دەستپێکی پێکهاتن و دروستبوونی هێز و چوارچێوە سیاسییە نوێکان بۆ کوردانی سووریا، تەنانەت بۆ داهاتووی سیستەمی سیاسیی ئەم وڵاتەش بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ئەم پێکهاتە نوێیانە چ شێوەیەک وەردەگرن و کام یاریزان لە ناویاندا ڕۆڵی دیاریکەر دەبینن، هێشتا پرسیارێکی بێ وەڵام ماوەتەوە.

News ID 227652

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha