بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا ئەنقەرە و بەغدا دوای کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ بەدوای داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاریی وزەیی دەگەڕێن، گرنگترین دەستکەوتی تورکیا نە بەڵێنی گواستنەوەی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەڵکوو چوونەناوی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی ئەو وڵاتە بۆ ناو پێکهاتەی خاوەندارێتیی گەشەپێدانی میدانە نەوتییەکانی کەرکووکە؛ هەنگاوێک کە پێگەی ئەنقەرە لە ڕێگایەکی تێپەڕاندنی نەوتەوە بۆ یاریزانێکی ڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانی نەوتی باکووری عێراق بەرز دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری فۆربزی ئەمریکا، ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ لەنێوان عێراق و تورکیا، کە زیاتر لە پەنجا ساڵ چوارچێوەی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆری کەرکووک–جەیهان دیاری دەکرد، ئێستا کۆتایی هاتووە و هەردوو وڵات لە گفتوگۆدان بۆ دروستکردنی ڕێککەوتنێکی فراوانتری وزەیی. ئەم ڕێککەوتنە، بە پێچەوانەی چوارچێوەی کۆن، تەنها لەسەر گواستنەوەی نەوت ناوەستێت، بەڵکو بوارەکانی وەک گاز، کارەبا و هاوبەشیی سەرمایەگذاریش لەخۆ دەگرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای دیدار لەگەڵ عەلی الزیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی نەوتی نێوان هەردوو وڵات کۆتایی هاتووە و پێویستە چوارچێوەیەکی تازە بۆ هاوکارییەکانی وزە دابنرێت.
لە ڕوانگەی شیکردنەوەی گۆڤاری فۆربز، ئەم گۆڕانکارییە تەنها کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو نیشانەی هەوڵی ئەنقەرەیە بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی خۆی لە هاوکێشەکانی وزەی باکووری عێراق.
گرنگترین بەشی ئەم گۆڕانکارییە، چوونەناوی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی تورکیا (TPAO) بۆ پڕۆژەی گەشەپێدانی میدانە نەوتییەکانی کەرکووکە.
بەپێی ڕێککەوتنی ئەنجامدراو، ئەم کۆمپانیایە ١٥ لە سەدی پشکی کۆمپانیای گەشەپێدەری میدانە نەوتییەکانی کەرکووک بەدەست دەهێنێت. دوای تەواوبوونی پێکهاتەی خاوەندارێتی، پشکەکان بەم شێوەیە دابەش دەبن:
٤٣٪ بۆ کۆمپانیای بەریتانیایی BP
٤٢٪ بۆ کۆمپانیای ئەمریکی ConocoPhillips
١٥٪ بۆ کۆمپانیای TPAOی تورکیا
ئەم پڕۆژەیە گەشەپێدانی چەندین میدان و گومبەدی گرنگی نەوتی کەرکووک لەخۆ دەگرێت، لەوانە بابا، ئاوانە، بای حەسەن، جەمبور و خەباز.
هەرچەندە ئەم پشکەی ١٥ لە سەدە بەو مانایە نییە کە تورکیا کۆنترۆڵی نەوتی کەرکووکی بەدەست هێناوە، بەڵام بۆ یەکەم جار شوێن و پێگەیەکی فەرمی بە ئەنقەرە دەدات لە زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوتی باکووری عێراق.
تورکیا، کە پێشتر بە شێوەیەکی سەرەکی تەنها ڕۆڵی وڵاتی خانەخوێی ڕێگای گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکانی دەگێڕا، ئێستا لە بەشی سەرەتایی پیشەسازی نەوت و خاوەندارێتیی بەرهەمهێنانیشدا ئامادەیی دەبێت.
لەبەر ئەوە، شیکردنەوەی فۆربز جەخت دەکاتەوە کە گرنگیی ڕاستەقینەی ڕێککەوتنی نوێ دەبێت لە پێکهاتەی خاوەندارێتی بگەڕێندرێتەوە، نەک تەنها لە ژمارە سیاسییەکان سەبارەت بە بڕی هەناردەی نەوت لە داهاتوودا.
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی تورکیا و عێراق باس لە ئەگەری گواستنەوەی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بۆ تورکیا کردووە؛ ژمارەیەک کە لە سەرەتاوە نیشانەی هەبوونی دەرفەتێکی گەورە بۆ هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتە.
بەڵام، فۆربز پێی وایە کە ئەم ژمارەیە لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر ئامانجێکی سیاسییە تا ئەوەی ببێتە ڕاستییەکی کردارگێڕی.
لە نێوان توانای ناوی هێڵی بۆری کەرکووک–جەیهان، ئامانجە درێژخایەنەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان و بڕی ڕاستەقینەی ئەو نەوتەی دەتوانرێت بگاتە بازاڕ، جیاوازییەکی گەورە هەیە.
توانای ناوی هێڵێکی بۆری، بەو مانایە نییە کە هەمان بڕی نەوت دەتوانرێت دەستبەجێ لە ڕێگەی ئەوەوە بگوازرێتەوە؛ چونکە بەرهەمهێنانی میدانەکان، گرێبەستەکانی فرۆشتن، ئاسایشی ڕێگای گواستنەوە و ڕێککەوتنە یاساییەکانیش دەبێت دابین کرابن.
ئەم بابەتە دوای ناکۆکیی یاسایی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەی سەربەخۆی نەوت، گرنگیی زیاتری وەرگرت.
لە ساڵی ٢٠٢٣، دیوانی داوەریی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕایگەیاند کە تورکیا بە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ پەسەندکردنی حکومەتی فیدراڵی عێراق، ڕێککەوتنی هێڵی بۆری شکاندووە.
دوای ئەم بڕیارە، هەناردەی نەوتی باکووری عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ وەستێنرا و ناکۆکییە دارایی و یاساییەکان هێشتا یەکێکن لە گرنگترین بەربەستەکان لە ڕێگەی گەڕانەوەی تەواوی هەناردەی نەوت.
لەبەر ئەوە، هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە دەبێت، جگە لە بابەتی گواستنەوەی نەوت، بابەتە گرنگەکانی دیکەش دیاری بکات؛ لەوانە ڕۆڵی کۆمپانیای بازاڕگەری نەوتی عێراق (سۆمۆ)، میکانیزمی دەرکردنی مۆڵەتی هەناردە، و شێوازی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پێشوو.
بەڵام، گرنگیی کۆریدۆری باکووری عێراق تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە نییە. بەپێی شیکردنەوەی فۆربز، ئەم ڕێککەوتنە بەشێکە لە ململانێی فراوانتری وزە لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە بارودۆخێکدا کە هەر ئاڵۆزییەکی ئەگەری لە تەنگەی هۆرمز، گرنگیی ڕێگا جێگرەوەکانی هەناردەی وزە زیاتر دەکات.
لەو ڕوانگەیەوە، هێڵی بۆری کەرکووک–جەیهان بۆ تورکیا تەنها ڕێگایەک بۆ گواستنەوەی نەوت نییە، بەڵکو بەشێکە لە تۆڕێکی ستراتیژی کە دەتوانێت ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە ئاسایشی وزەی ناوچەکە بەهێزتر بکات.
هەروەها، بەشداربوونی کۆمپانیای TPAO لە پرۆژەی میدانە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەو دەرفەتە بە ئەنقەرە دەدات کە جگە لە بەڕێوەبردنی ڕێگای گواستنەوەی نەوت، لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم کۆریدۆرەش بەشداری هەبێت.
لە کۆتاییدا، بابەتی سەرەکی لە ڕێککەوتنی نوێی وزەی نێوان عێراق و تورکیا ئەوە نییە کە ئایا هێڵی بۆری نەوت دووبارە کار دەکات یان نا؛ بەڵکو ئەوەیە کە کێ یاسا و ڕێساکانی داهاتووی ئەم ڕێڕەوە دیاری دەکات، و کێ بڕیار دەدات لەسەر بڕی هەناردە، تێچووی گواستنەوە، وەبەرھێنان و خاوەندارێتی سەرچاوەکان.
لە دیدی فۆربز، کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە؛ قۆناغێک کە تێیدا ململانێ لەسەر «دەسەڵات بەسەر کۆریدۆری وزە» دەستپێدەکات. لەم قۆناغەدا، هێڵی بۆری نەوت، هاوکارییەکانی گاز و کارەبا، و پشکی خاوەندارێتی لە میدانە نەوتییەکانی کەرکووک، دەبنە گرنگترین توخمەکانی هێز.
بەپێی ئەم چوارچێوەیە، پشکی ١٥٪ی تورکیا لە میدانە نەوتییەکانی کەرکووک دەستکەوتێکی کردارتر و گرنگترە لەو بەڵێنەی کە باس لە گواستنەوەی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت دەکات.
Your Comment