بۆچی پارتی کرێکارانی کوردستان وازی لەشەڕ هێنا؟

گۆڤاری ئینگڵزبێرگ ئایدیاز لە شیکارییەکدا، بە پێداچوونەوەیەک بە کتێبی نوێی ئێلیزا مارکۆس، ئاماژە دەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) نە بەهۆی گۆڕانێکی ئایدیۆلۆژیی، بەڵکوو لە ئەنجامی فشارە سەربازییەکان، گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکان و لەدەستدانی پاڵپشتی دەرەکی، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بەردەوامبوون لە خەباتی چەکداری چیتر ڕێگای چارەسەر نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاتر لە چوار دەیە لە دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دژی دەوڵەتی تورکیا تێدەپەڕێت، ئەم ڕێکخراوە جارێکی دیکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە ستراتیژیی شەڕی چەکداری واز لێ دێنێت و ڕوو لە گفتوگۆکانی ئاشتی دەکات. بە بڕوای هانا لوسیندا سمیث، نووسەری ئەو وتارەی لە گۆڤاری Engelsberg Ideas بڵاوکراوەتەوە، ئەم گۆڕانە نە بەرهەمی گۆڕانێکی لەناکاوی ئایدیۆلۆژییە، بەڵکوو ئەنجامی کۆبوونەوەی فشارە سەربازییەکان، گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکان و پێداچوونەوە بە ڕاستییەکانی ناوچەیە؛ گۆڕانکارییەکانی کە پ.ک.کیان گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی کە بەردەوامبوون لە شەڕ چیتر هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگی بۆ دروست ناکات.

وتارەکە، لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە کتێبی تازەی ئێلیزا مارکۆس، توێژەر و ڕۆژنامەنووسی بەئەزموونی پرسی کورد، نیشان دەدات کە پ.ک.ک لە ماوەی ژیانی خۆیدا چەندین جار توانیویەتی خۆی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکان بگونجێنێت. ئەم ڕێکخراوە کە لە دەیەی ١٩٨٠ بە ئایدیۆلۆژیی مارکسیستی–لێنینیستی و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، خەباتی چەکداریی دەست پێکرد، دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەوە. ئۆجەلان لە زیندانەوە بانگەوازی وەستاندنی توندوتیژی کرد و ڕێکخراوەکەش بە شێوەیەکی هێواش هێواش لە داواکاریی سەربەخۆیی تەواوەتی دوور کەوتەوە و بەجێی ئامانجەکانی پێشوو، چەمکەکانی وەک «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی» و بەشداریکردنی سیاسی خستە شوێنیان.

بەڵام، ئەم گۆڕانە بە مانای وازهێنانی تەواو لە ئامرازی سەربازی نەبوو و پ.ک.ک لە ساڵانی دواتریش هێزی شەڕی خۆی پاراست و هاوکات هەوڵی دەدا بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتی سیاسی و نێودەوڵەتی.

بەپێی نووسینی ئێلیزا مارکۆس، ئاگربەستی دەیەی ٢٠٠٠ بۆ PKK تەنها ماوەیەک بۆ وەستاندنی شەڕ نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێکخستنەکان، پێداچوونەوە بە تاکتیکەکان و فراوانکردنی نفووزی لە سووریا. دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٤ لە قامیشلۆ، ئەم ڕێکخراوە هێز و کادرە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی بۆ باکووری سووریا نارد و تۆڕێکی نهێنی دامەزراند کە دواتر، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی سووریا، بووە بنەمای نفووزی لە ناوچە کوردنشینەکان. کاتێک قەیرانی سووریا دەستی پێکرد، PKK بە پێچەوانەی زۆربەی گرووپە دژبەرەکانی دەوڵەتی دیمەشق، لە چوونە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ دژی ڕژێمی ئەسەد خۆی پاراست و بە پاراستنی جۆرێک لە تێگەیشتنی کردارى لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، توانی پێگەی خۆی جێگیر بکات. ئەم بڕیارە لە کۆتاییدا ئەو دەرفەتەی پێدا کە لە بارودۆخێکدا کە زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکان تووشی ناکۆکیی ناوخۆیی و توندڕەوی بوون، ڕێکخستنی یەکگرتووی خۆی بپارێزێت.

دەرکەوتنی داعش خاڵێکی وەرچەرخانێکی گرنگی دیکە بوو. بەرخودانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە کۆبانی و دواتر هاوکاریی نزیکیان لەگەڵ ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خەبات دژی داعش، پێگەی هێزە پەیوەندیدارەکان بە پ.ک.ک لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بێ وێنە بەرز کردەوە. ئەمریکا، بۆ ئەوەی لە هەستیارییەکانی پەیوەست بە بوونی پ.ک.ک لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دوور بکەوێتەوە، پشتگیری لە چوارچێوەی «هێزە دیموکراتییەکانی سووریا» (SDF) کرد، بەڵام لە ڕاستیدا ستوونی سەرەکیی ئەم هێزانە پێکهاتبوو لە کادرە بەئەزموونەکانی پ.ک.ک. ئەم هاوکارییە وای لە پ.ک.ک کرد بڕوا بکات کە بۆ یەکەم جار پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە.

بەڵام، بە بڕوای نووسەر، هەر ئەم سەرکەوتنانە بوونە هۆکاری یەکێک لە گەورەترین هەڵە ستراتیژییەکانی PKK ئەم ڕێکخراوە بە پشتبەستن بە دەستکەوتەکانی لە سووریا، لە ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە ڕاپەڕینی چەکداری لە ناوخۆی تورکیا دەستپێکردەوە و هەوڵی دا بە دروستکردنی سنگەر و شەڕی شار لە ناوچە کوردنشینەکان، خودموختاری بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنێت. وەڵامی دەوڵەتی تورکیا زۆر توند بوو؛ شارە کوردنشینەکان ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرینەکان بوونەوە، هەزاران کەس ژیانیان لەدەست دا و بەشێکی بەرچاو لە ژێرخانی شارەکان وێران بوو. لە دیدگای ئێلیزا مارکۆس، ئەم بڕیارە نەک تەنها پ.ک.کی نەگەیاندە ئامانجەکانی، بەڵکو بەشێکی گرنگ لە پشتگیریی کۆمەڵایەتیی کوردانی تورکیایشی لەم ڕێکخراوە سەندەوە و نیشانی دا کە ڕێبەرانی لە هەڵسەنگاندنی هاوسەنگیی هێز و ڕاستییە جیوپۆلیتیکییەکاندا تووشی هەڵەی هەژمارکردن بوون.

لە هەمان کاتدا، هیوای PKK بە پشتگیریی درێژخایەنی ڕۆژئاواش بە شێوەیەکی هێواش کز بووەوە. دوای شکستدانی داعش، ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی ئەوەی نەبوو بۆ سەرپێچیکردن لە تورکیا لەسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا. هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و ئۆپەراسیۆنەکانی دواتر، بۆ ڕێبەرانی PKK ئەو پەیامەی هەبوو کە هاوکاریی واشنگتۆن تەنها لەسەر بنەمای پێداویستییە کاتییەکانی ئەمریکا لە خەبات دژی داعش دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای پابەندبوونێکی هەمیشەیی بە پڕۆژەی سیاسیی کوردەکان. بە گوێرەی گواستنەوە لە یەکێک لە فەرماندە پێشوەکانی ئەم ڕێکخراوە: «بۆ ئەمریکا، ئێمە تەنها دەرفەتێک بووین.»

هاوکات، تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە، بە پشتبەستن بە فرۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر و تەکنەلۆژییە ناوخۆیییەکان، فشاری سەربازی لەسەر بنکەکانی پ.ک.ک لە باکووری عێراق و دواتر لە سووریا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد. ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکان دژی فەرماندەکان و ژێرخانی ئەم ڕێکخراوە، بوارەکانی جووڵەی سنووردارتر کرد. لە لایەکی دیکەوە، ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ و دروستبوونی ڕێکخستنێکی نوێ لە سووریا، بارودۆخی هێزە کوردییەکانیش ئاڵۆزتر کرد. هەرچەندە گفتوگۆ بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە چوارچێوەی نوێی سووریا دەستی پێکرد، بەڵام ئەم پرۆسەیە بە هێواشی پێش چوو و چەندین جار کاریگەریی شەڕە مەیدانییەکانی لەسەر کەوت.

لە وەها بارودۆخێکدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠٢٥ جارێکی دیکە لە زیندانەوە بانگەوازی وازهێنان لە چەک و دەستپێکردنی خولێکی تازە لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئەنقەرە کرد. نووسەری وتارەکە پێی وایە ئەم بڕیارە زیاتر لەوەی دەربڕی گۆڕانێکی ئایدیۆلۆژیی بێت، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە PKK دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ، چیتر هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ڕێگەی خەباتی چەکداری نەدەبینی. فشاری سەربازیی تورکیا، کەمبوونەوەی پشتگیریی دەرەکی، گۆڕانی هاوسەنگییە هەرێمایەتییەکان و شکستدانی ستراتیژیی شەڕی شار، هەموویان ئەم ڕێکخراوەیان گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامبوون لە شەڕ، تێچوویەکی زیاتر لە دەستکەوتە ئەگەرییەکانی دەبێت.

وتارەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە PKK لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا چەندین جار توانیویەتی خۆی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکان بگونجێنێت؛ لە بزووتنەوەیەکی مارکسیستیی دژی ئیمپریالیزم گۆڕاوە بۆ هاوپەیمانێکی مەیدانیی ئەمریکا لە شەڕ دژی داعش و ئێستاش بە ئاراستەی گفتوگۆ و ئاشتی هەنگاو دەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، نووسەر پێی وایە ئەزموونی ساڵی ٢٠١٥ نیشانی دا کە ئەم ڕێکخراوە هێشتا زۆرتر لە ڕادە بە بڕیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وابەستەیە، هەندێک جار تواناکانی پشتگیریی نێودەوڵەتی زیاتر لە ڕاستی هەڵدەسەنگێنێت و لە کۆتاییدا، لە بارودۆخی شەڕ و نائارامی زۆر کارامەترە لە سەردەمی جێگیری و ململانێی سیاسی. لەبەر ئەوە، سەرکەوتنی ڕێبازی نوێی ئاشتی، پێش هەر شتێک بە توانای پ.ک.ک لە گونجاندنی خۆی لەگەڵ ژینگەیەکی سیاسیی جێگیر و وازهێنانی تەواو لە منطق و ڕوانگەی خەباتی چەکدارییەوە بەستراوە.

News ID 227650

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha