بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان برینێکی هەمیشەیی لە بیرەوەریی گەلی کوردستاندا جێهێشتووە، و ئێزدییەکان تەنها بەهۆی کوردبوونیان، ڕەسەنایەتی و باوەڕی ئایینییانەوە بوونەتە ئامانجی جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆڤانەی داعش.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو تاوانانە درێژکراوەی زنجیرەی کارەسات و کۆمەڵکوژییە مێژووییەکانن کە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، و دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی تەواوی لە خواست و مافەکانی ئێزدییەکان دەکات. هەروەها بانگەوازی یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە نێوان کۆمەڵگەی ئێزدی کرد بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها جەختی کردەوە کە دۆخی ئێستای شەنگال بەم شێوەیە زۆر ناخایەنێت، و پێویستە ئێزدییەکان بە سەربەرزی و کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەکانیان بۆ بکرێتەوە.
لایخۆیەوە نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا یادی قوربانییەکانی جینۆسایدی ئێزدییانی کردەوە و ڕایگەیاند کە تاوانی کۆمەڵکوژی، بەسەبیکردنی ژنان و کچان و تێکدانی پەرستگاکان، برینێکی کراوەی دڵ و دەروونی گەلی کوردستانە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە، لەگەڵ تێپەڕبوونی دوازدە ساڵ، ئێزدییەکان هێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و بوونی هێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن. بۆیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق پێویستە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتننامەی شەنگال لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، ناوچەکە لە هێزە نایاسایییەکان پاک بکرێتەوە و ڕێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان خۆش بکرێت.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دڵنیایی دایە ئێزدییەکان کە هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و ئاشکراکردنی چارەنووسیان بەردەوام دەبێت، هەروەها کار بۆ ناساندنی تەواوی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید لە ئاستی نێودەوڵەتی درێژەی دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی خەڵکی میوانپەروەری دهۆک و بادینانی کرد کە لە کاتی کارەساتەکەدا پەنایان بە هەزاران ئاوارەی ئێزدی دا، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دەربڕی کە تاوانەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە و یارمەتییان بە قوربانییەکان داوە.
ناوبراو هەروەها سڵاوی ئاراستەی خۆڕاگریی کۆمەڵگەی ئێزدی و گیانی شەهیدان و هەموو پێشمەرگەکانی کرد کە بە فەرماندەیی مەسعوود بارزانی بەشداری ئازادکردنی شەنگال و تێکشکاندنی داعشیان کرد.
Your Comment