ڕووداوی تیرۆر کردنی گەنجێکی کورد لە تورکیا نامۆ نیە، ساڵانە دەیان حاڵەتی وا ڕوودەدات، بگرە لە حاڵەت دەرچوەو بوە بە دیاردە، کوردەکان هەمیشە باجی دڵسافی و دڵپاکیان بەرانبەر گەلانی ناوچەکە داوە، لەناو هەموو گەلانی ناوچەکەدا کورد زیاتر لە لایەن تورکەوە سزادراوە، بەشێوەیەکی گشتی چەوساندنەوەی کورد لە دوای ساڵی ١٩٠٨ و پەیدابونی ئیتیحاد و تەرەقیەوە زیاتر بووە، ئێمەی کورد لە دوای نەمانی خەلافەتەوە وەک میوان و وەک بێگانە لەسەرخاکی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵکراوە و سزا دەدرێین، تورکەکان کە میوانن و کاتی خۆی لە ترسی مەغۆلەکان هەڵاتن و لەم ناوچەیە گیرسانەوە ئێستا وەک خاوەن ماڵ بەرانبەر کورد ڕەفتار دەکەن، ئەم گەلە وا ڕاهێنراون کە بە زمانی کوردی ئاخاوتن لایان کوفرەو پۆشاک و کەلتوری کوردیش وەک تیرێک لەسەر دڵیان دەبینن، نەگبەتیەکەش لێرەدایە کەسانێک پێیان وایە ئەم زوڵمە ئاساییە و تورک سونەیە و برای مەزهەبیمانە و کار بۆ خەلافەت دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا هەر خودی تورکە چەپەکان بون کە خەلافەتیان هەلا هەلا کرد و تا ئێستاش موسوڵمانان لە جیهاندا باجەکەی دەدەن !
بەپێی قسەی هەندێک کەسایەتی کورد ئێمەی کورد هەرچۆن بین نەیارەکانمان هەر بەچاوی دووژمن لێمان دەڕوانن، بەڵام من دژی ئەو بۆچونەم، ئەگەر بەخێرایی تەماشای پەنجا ساڵی ڕابردوو بکەن دەبینین کە ئێرانی شیعە لە تورکیای سونە باشتر بون بۆمان، ئەمە عاتیفە نیە بگرە بەکارهێنانی ئەقڵ و واقیع بینیە، خودی بەندە لە چەندین پارێزگای ئێراندا گەڕاوم لە زۆربەی کاتەکانیشدا پۆشاکی کوردیم پۆشیوە، ئەو ڕێزەی کە فارسەکان لە جل و بەرگی منیان گرتوە کوردەکانیش نەیانگرتوە، زمانی کوردی قسەکردن زۆر ئاساییە و کەس بە مەترسی لەسەر خۆی نابینێت، ڕاستە مافی کورد لە ئێراندا وەک پێویست نیە و ڕەنگە لەهەندێ بواردا تورکەکان باشتربن، بەڵام ئیدی ئەوەش سیاسەتی ناوخۆی دەوڵەتان خۆیانە، بۆمنی کوردی هەرێمی کوردستان و موسوڵمان و سونی - وڵاتی ئێرانی فارسی شیعی سەدجار لە تورکی موسوڵمانی سونی باشترە. من لێرە لە هەرێمی کوردستان بەیانی لەخەو هەستام بەبێ ڤیزە پاسپۆرتەکەم دەبەم و دەچمە تاران، هەر نەخۆشیەک هەبێت بە ئاسانی دەستمان بە دکتۆری باشدەگات لە ئێران، بەڵام گەر بمەوێ سەردانی ئەنقەرە بکەم دەبێ نزیکەی دووهەزارو پێنسەد دۆلار بدەم و دوای مانگێکیش ئەگەر قەبوڵی بکەن، ئەوە لە سوکایەتی بگەرێ کە ئیدی لێرەدا زۆر درێژە دەکێشێت ئەگەر باسی بکەم.
سیاسیەکانی ئێمە تا ئێستاش بە ڕقی مەزهەبیەوە سیاسەت دەکەن و ڕق بەسەر ئەقڵیاندا زاڵ بوە، کوردی بێکەس تا ئێستاش بەخاتری ناوی یەزید شەڕی خوێنی حسێن بە شیعە دەفرۆشێت، ڕای جێگری بەندە بەم جۆرەیە: کە جوگرافیا تەحلیل دەگۆڕێت، سونەکان لە ئیدلیب سەرەڕای ناکۆکیان لەگەڵ ئێران بەڵام وەک یەکەم لایەن هاوکارییان نارد بۆ غەزە، باشیش دەزانن حاکمانی غەزە هاوپەیمانی ئێرانی دژیانن، ئەو ڕەفتارە پێی دەڵێن واقیعبینی و تێگەیشتن لە بارودۆخ، بۆیە دەبێ ئێمەی کوردیش تەماشایەکی پەنجا ساڵی ڕابردوو بکەین و بزانین کێ زیاتر دۆستی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێمەیش زیاتر هاوپەیمانیان لەگەڵ بکەین.
کوردەکان هەمیشە باجی دڵسافی و دڵپاکیان بەرانبەر گەلانی ناوچەکە داوە، لەناو هەموو گەلانی ناوچەکەدا کورد زیاتر لە لایەن تورکەوە سزادراوە.
News Code 224018
Your Comment