بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەناڵ۸ بڵاوی کردەوە: "شاندى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان داوایکردووە بەغداد تەواوکاریى مووچەى مانگى حەوت بنێرێت، بەڵام بەغداد سوور بووە لەسەر ئەوەى جگە لە ۳۶ ملیار دینارەکە پارەى دیکە نانێرێت و بەو هۆیەوە لەسەر مووچەی مانگی حەوت هیچ رێککەوتنێک نەکراوە".
بەگوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى کەناڵ۸، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنى عێراقى سوور بوونى خۆى نیشانداوە بۆ ئەوەى سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان بایۆمەتریی بکەن و هەروەها داواشیکردووە مووچەى فەرمانبەر و مامۆستایانى ناوچە دابڕێنراوەکان بگوازرێتەوە سەر وەزارەتى دارایی حکوومەتى فیدراڵ.
لەدوێنێوە شاندێکى وەزارەتى دارایی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسى مووچەى مانگى تەمموز سەردانى بەغدادى کردووە، بڕیاریشە لەگەڵ دیوانى چاودیرى دارایی فیدراڵ کۆ ببێتەوە.
چوونى شاندەکە پاش ئەوە هات، بەغداد بڕیارى خەرج کردنى تەنیا ۳۶ ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگى ۷دا، پارەکەى دیکەى لەبرى ۵۰٪ـى داهاتى نانەوتى وەرگرتووەتەوە، کە بڕەکەى ۹۲۸ ملیار دینارە، هاوکات بڕیارى خەرج کردنى ۵۵۰ ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگى هەشت داوە.
Your Comment