بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرەی گەل ڕوونیکردەوە، بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردوولایان لە لووتکەی بێباکی و بێخەمیدان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان.
دەشڵێت، ئەوەی ڕوودەدات و هەر رۆژە و درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە، دووبارە بوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنیانە شکستی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وایکردوە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات.
بەرەی گەل دەڵێت، ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبوونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنوورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت.
بەرەی گەل، لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەگەینێتە کەس و کاری ئەو دوو شەهیدە رۆژنامەوانە، بەرپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق.
لای بەرەی گەل ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سوورە و دەبێ ئەو بە ئامانجگرتن و تیرۆر و تۆقاندنە سنوری بۆ دابنرێ نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێ.
Your Comment