دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريم لە لووتکەی بێ‌خەمیدان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردستان

بەرەی گەل دەڵێت، بە توندی سەركۆنەی هێرشەکەی قەزای سەیدسادق دەکات کە تێیدا دوو هاونیشتیمانی ڕۆژنامەوان بەناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین کرانە ئامانج و تیرۆر کران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرەی گەل ڕوونیکردەوە، بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردوولایان لە لووتکەی بێ‌باکی و بێ‌خەمیدان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان.

دەشڵێت، ئەوەی ڕوودەدات و هەر رۆژە و درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە، دووبارە بوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنیانە شکستی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وایکردوە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات.

بەرەی گەل دەڵێت، ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبوونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنوورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت.

بەرەی گەل، لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەگەینێتە کەس و کاری ئەو دوو شەهیدە رۆژنامەوانە، بەرپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق.

لای بەرەی گەل ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سوورە و دەبێ ئەو بە ئامانجگرتن و تیرۆر و تۆقاندنە سنوری بۆ دابنرێ نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێ.

News Code 223987

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha