پۆستی پارێزگار دەکەینە ئامرازێک بۆ پتەو کردنی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک

پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک دەڵێت، "لە ئەمڕۆ بەدواوە قۆناخێکی نوێ لە کەرکووک دەستپێدەکات، ئەویش قۆناخی هێنانەکایەی ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەت کردنی هەموو هاووڵاتییانە بێ جیاوازی".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبوار تەها، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک رایگەیاند: "هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە کەرتە جیاجیاکان و بەگەڕخستنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کەرکووک بۆ باشترکردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان".

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە، ۱۰-۰۸-۲۰۲۴ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کرا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

ڕێبوار تەها لەبارەی پۆستەکەی دەڵێت: "ئەم پێگەیە دەکەینە ئامرازێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بێ جیاکاری".

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی رێبوار تەها، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک:

هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکووک، هێز و لایەنە سیاسییەکان..

هەموو لایەک دڵنیا دەکەینه‌وه‌ لە ئەمڕۆ بە دواوە قۆناخێکی نوێ لە کەرکووک دەستپێدەکات، کە ئەویش قۆناخی هێنانەکایەی ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانە بێ جیاوازی.

هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە کەرتە جیاجیاکان و بەگرخستنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کەرکووک بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری کەرکووک.

هاوکات دووپاتی دەکەینەوە ئەم پێگەیە دەکەینە ئامرازێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بێ جیاکاری.

هەروەها جەخت دەکەینەوە پارێزگاری داهاتووی کەرکووک، پارێزگاری کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحییەکان، هەموو چین و توێژەکانی کەرکووک دەبێت بەبێ جیاوازی.

زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگری خەڵکی بەئەمەکی کەرکووک، سوپاس بۆ متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، سوپاس و رێز بۆ پشتیوانی و پشتگیری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپاس بۆ ئەو تیمەی پێکەوەکارمان کرد و پێکەوە سەرکەوتین.

پشتیوان بەخوای گەورە جێی ئەو متمانە گەورەیە دەبین، هەروەها لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەش دەبین.

News Code 223924

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha