بەشێک لەسەرکردەی حزبە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێرەوە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵات هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای ستاندەر لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی هۆکاری دروست نەبوونی یەک لیستیی لایەنە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاپۆرتەکەی دەزگای ستاندەر بەمشێوەیە

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و  میهره‌بان

ڕاپۆرتی کۆتایی سه‌باره‌ت به‌  چارەنووسی هەوڵی دەزگای ستاندەر بۆ دامه‌زراندنی به‌ره‌ی لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان..

بۆ ڕۆشنبیران و ڕای گشتی...

وەک لای هەمووان ڕوون بووە، ده‌زگای ستانده‌ر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەردەوام په‌رۆش بووه‌ بۆ دامه‌زراندنی "به‌ره"‌ یان "هاوپه‌یمان"یه‌کی گشت لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌مه‌به‌ستی ڕاستکردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی چه‌وتی حوکمڕانی و به‌رپاکردنی حکوومه‌تێکی دادوه‌ر که ‌ژیانێکی خۆشگوزه‌ران و شکۆمه‌ندانه‌ بۆ گشت هاونیشتمانیانی هه‌رێم فه‌راهه‌م بکات. ئەویش لە دەرەنجامی شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی هێنانەدی بەدیلێکی ڕاستەقینە.

هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، ده‌زگای ستانده‌ر گشت هه‌وڵ و ماندبوونه‌کانی له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیه‌ دڵسۆز و خه‌مخۆره‌کانی گه‌له‌که‌مان گرێ داوه‌ بۆ ئه‌و ‌مه‌به‌سته‌.

له‌ ‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی  ڕابردووی هه‌رێم و عێراق (۲۰۱۸ ، ۲۰۲۱ ، ۲۰۲۳)  لەسەر یەک رێڕەو هەوڵی بۆ ئەم مەبەستە دا بەڵام سه‌رکه‌ووتوو نه‌بووه‌، له‌هه‌مان کاتیشدا فۆڕمی بەشداریی حزبه‌ ناڕازیه‌کانیش بۆ گۆڕانکاری شکستیان هێناوه‌، لە دەرەنجامدا میللەت و بەرەی ناڕازی زه‌ره‌ر مه‌ندبووه‌.

له‌ئێستادا بارودۆخ زۆر گونجاوتره‌ و یه‌که‌م جاره‌ هه‌ڵبژاردنێکی ڕاسته‌قینه‌ لە هەرێم ده‌کرێت.  ئه‌و بانگەشانەی دەکرا کە حزبی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ چینیش هه‌ڵبژاردن بکات هه‌ر ده‌یباته‌وه ‌و یان یه‌ک کورسیش بێنین هه‌ر حوکمڕانین، ئه‌وانه‌ کاتیان بەسەر چووە و تێپەڕیوون؛ بۆیە هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌  کاریگه‌ریی ڕاستەقینەی خۆی ده‌بێت، وه‌ک  چۆن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کاریگه‌ریی بوو له‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان. هەڵبژاردنی هەرێمیش کاریگه‌ری له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ده‌بێت، چوونکە دەبێتە ئامرازێکی ڕاستەقینەی مه‌ده‌نی بۆ گۆڕانکاری.

بۆیه‌ سەرەڕای دوو دڵیمان لە ئاستی تێگەیشتنی لایەنەکان لەم دەرفەتە زێڕینە، هەروەها تێبینیمان لەسەر سیاسەتی بەشێک لە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە ڕابردوو بەهۆی دوورکەوتنەوەیان لە خەڵک، بەڵام  جارێکی تر به‌ گوڕ و تینیکی زۆرەوە ویستمان دڕ به ‌شه‌وه‌زه‌نگی بێئومێدبوونی خەڵک بهێنین و ڕوو ‌ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته بکه‌ینه‌وه‌ بۆ‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م ساڵی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ۲۰۲۴.

هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵه‌کانمان چڕ کرده‌وه‌ له ‌مانگه‌کانی پێنج وشه‌ش و حەوتی ئه‌م ساڵ، به‌مه‌بەستی پێکهێنانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ی کە ئومێدی خەڵکی ناڕازییە.

له‌خواره‌وه‌ش‌ به‌کورتی هه‌وڵه‌کانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان و وه‌ڵامی ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشکرا ده‌که‌ین:

یه‌که‌م: یه‌کگرتووی ئیسلامی ڕایانگەیاند له‌ ‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌   له‌گه‌ڵ یه‌ک لیستی لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان نین،  به‌ڵام له‌دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ یه‌ک چوارچێوه‌ین بۆ فراکسیۆنه‌کانی لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان.

دووه‌م: کۆمه‌ڵی دادگه‌ری ڕایانگەیاند له ‌بنه‌ڕتدا باوه‌ڕمان به‌یه‌ک لیستی لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کانه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا کاته‌که‌ دره‌نگه‌ بۆ دروست کردنی یه‌ک لیست بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌.

سێیه‌م: به‌ره‌ی گه‌ل ڕایانگەیاند ئاماده‌ین بۆ دامه‌زراندنی لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ  لایه‌نه‌کان به‌تایبه‌ت گفتوگۆ کرا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی دادگه‌ری و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکی تایبه‌ت به‌خۆیان ئەو دوو لایەنە ئاماده ‌نه‌بوون بۆ لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵیان.

چواره‌م: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆ لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌زگای ستانده‌ر و لایه‌نه‌کانی تریش، به‌ڵام ساردیی لایه‌نه‌کانی تر و دواکەوتنی کشانه‌وه‌یان  له ‌حکوومه‌ت  و پرسی به‌شداری نه‌کردن له‌ کابینه‌ی داهاتوو، بووه‌ گرفت بۆ دامه‌زراندنی لیستی هاوبه‌ش.

پێنجه‌م: بزووتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئیسلامی ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ دوو لایه‌ن و زیاتر، به‌ڵام له‌به‌ر که‌میی ده‌رفه‌تی ماوه‌ی تۆمارکردنی هاوپه‌یمانیه‌کان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه‌ نه‌گه‌یشته‌ هیچ ئه‌نجامێک.

شه‌شه‌م: نه‌وه‌ی نوێ وه‌کوو یه‌کگرتووی ئیسلامی باوه‌ڕیان به‌یه‌ک لیستی ناو هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵام ئاماده‌یی خۆیان نیشاداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای هه‌لبژاردن له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کانی ئۆپۆزسیۆن حکوومه‌تیکی هاوبەش پێکبهێنن.

له‌ کۆی گشتی، هه‌ندێ خاڵمان زیاتر لا ڕوون بۆیه‌وه‌، کە پێویستە لای خەڵکیش ڕوون بێت بۆ بە فیڕۆنەچوونی دەنگەکان. لێرەدا بەشێکی ڕاشکاوانە دەخەینە رڕوو، بەشێکیش بۆ کاتی خۆی هەڵدەگرین:

۱- زۆربه‌ی لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان زۆر به‌په‌رۆش وگەرم نین بۆ دروست کردنی هاوپەیمانی، به‌ڵام شاره‌زایانە پاساوی بۆ دەبیننەوە بۆ شەرعیەت پێدانی پەرتەوازەییەکە.

۲- ده‌ستی په‌رت کردن و (تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ ) زۆر به‌هێزتره‌ له‌ده‌ستی کۆکردنه‌وه ‌و (وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ).

۳- ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتیش ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ که‌وتۆته‌ نێو به‌شیک له‌لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان.

۴- هەندێک لەوانه‌ی به‌پیل بانگه‌وازی (حه‌ق له‌دژی باتیڵ) نایه‌ن، له‌ژێره‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیێکیان له‌ (باتیل دژبه‌ حه‌ق) بۆ دروست بوه‌ .

۵- زۆربه‌ی سه‌رۆک حزبه‌ ناڕازیه‌کان ئه‌و سه‌رۆکایه‌تیه‌یان به‌ شکست و لاوازییەوە  پێباش تره‌ له‌ (نه‌بوونیان به ‌سه‌رۆک) له‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌تر و سه‌رکه‌وتوو .

۶- به‌شی زۆری خودی سه‌رکرده‌ و سەرکردایەتیەکان بارودۆخی خۆیان و خێزانیان باشه‌، که‌متر هه‌ست به‌ئێش و ژانی خه‌ڵکی و تەنانەت ئه‌ندام و لایه‌نگرانیشیان ده‌که‌ن.

۷- به‌شێک لە سەرکردەکان خۆیان به‌ته‌واوی له‌ ژێره‌وه‌ به‌ حزبی ده‌سه‌ڵات گرێداوە، بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەوان ئه‌وان نایه‌نه‌ هیچ ڕێکه‌وتنێک، بۆیە به‌گشتی به‌رژه‌وه‌ندی زۆر زاڵە به‌سه‌ر  پڕەنسیپ.

۸- ئەم خاڵانەی سەرەوە وای کردوه‌ ئامانجه‌کانیان زۆر گه‌وره‌ نه‌بێت و که‌متر هه‌ست به‌ به‌رپرسیارتی نیشتمانی وئایینی بکه‌ن ، ته‌نانه‌ت زانیاری وتێگه‌یشتنیشیان بۆ بارودۆخ وهاوکێشە ئیقلیمی ونێودەوڵەتیەکان زۆر لاواز بووه‌ .

له‌کۆتایدا به‌شێکی  زۆری خەڵکی دڵسۆزیش به‌په‌رۆشن بۆ ڕێکەوتن و یەکخستنی بەرەی خەڵک؛ بۆیە ئێمە مکوڕین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە و درێژه‌ش به‌و گفتوگۆیانه‌ دەدەین.

ئێستا، ده‌زگای ستانده‌ر پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر بوار بۆ یه‌ک لیستیش نه‌مابێت، ئه‌وا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر حزبه‌ناڕازیه‌کانی هه‌رێمه‌ هه‌وڵی دروست کردنی چوارچێوه‌یه‌کی هه‌ماهه‌نگی بده‌ن له‌دوای ده‌رچونی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن، پێکه‌وه‌ بتوانن حکوومه‌تێکی خه‌مخۆری گه‌ل ونیشتمان پێکبهێنن.

له‌ کۆتاییدا ده‌زگای ستانده‌ر ڕایده‌گه‌یه‌نێت: هیچ لایه‌نێکی ناڕازی ناتوانێ به‌ته‌نها ئه‌و گۆڕانکاریه‌ ئه‌نجامدات ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان له‌ژێر چه‌ترێکی هاوبه‌ش کۆ نه‌بنه‌وه‌، چوونه‌ ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵیش به‌لیستی جیاواز له‌لایه‌ن حزبه‌ ناڕازیه‌کانی هه‌رێم، هه‌مان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵانی رابردوو چه‌ند باره‌ ده‌کاته‌وه‌. دیسان خه‌ڵک نائومید ده‌بنه‌وه ‌و که‌متر به‌پیل هه‌لبژاردنه‌وه‌ ده‌چن، دیسان گه‌نده‌ڵی و باتیڵ و وڵات فرۆش زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر چاکساز و هه‌قخواز و نیشتمانپه‌ره‌وه‌ر.

سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گۆڕانکاری بەرەی خەڵکی کوردستان.

لیژنه‌ دانوستانی ده‌زگای ستانده‌ر

News Code 223830

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha