بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم ڕاگەیاند، تورکیا بە پشت بەستن بە بڕیارێکى پەرلەمانى وڵاتەکەى هێرش دەکاتە سەر خاکى هەرێم و هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیادا نییە بۆ هاتنى هێز بۆ ناو خاکى هەرێم و ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن لە خاکى هەرێم.
هەروەها وتیشى: تورکیا نزیکەى ٨٠ سەربازگە و بنکەى لە خاکى عێراق لە هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بە دڕیژى ٢٠٠ کیلۆمەتر و بە قووڵایی ٤٠ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکى هەرێمەوە و عێراقیش ئاگادارى ئەم وردەکارییانەیە.
ناوبراو دەشڵێت: فڕۆکەى جەنگى و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئاسمانى هەرێمى کوردستان و عێراقەوەن، هەموو دامودەزگاکانى عێراق بە سەرۆک وەزیرانیشەوە دەزانن ئەمە هەیە و ئەم بێ دەنگییەش ماناى ڕەزامەندى عێراقە بە هێرشەکانى تورکیا لە خاکى عێراق.
جەبار یاوەر ئاشکرایشی کرد، لە شەش مانگى ڕابردوودا، تورکیا ١٩٨ پرۆسەى سەرباز زەمینى و ئاسمانیی لە خاکى عێراق و هەرێمدا ئەنجام داوە و بەگشتی لە دوو ساڵدا زیاتر لە ٧٠٠ پرۆسەى سەربازیی لە خاکى عێراق و هەرێم ئەنجام داوە.
Your Comment