جێنین  پلاسخارت ماڵئاوایی لە عێراق کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ماڵئاوایی لەو وڵاتە کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له ‌په‌یامى ماڵئاوایى جێنین هێنیس-پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات، لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێک کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بەیارمەتییە دانەبڕاون.

دەقی پەیامەکەی جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق

لەکاتێکدا ماوەی کارکردنم وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە؛ ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێک کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژووی خۆیان روون دەکردەوە.

هەرچەندە زۆرێک لەوانە رووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەک بۆ رۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێک یان بۆنەیەک و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسک هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە.

بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم. هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ پیشەگەرانەکان بەرز دەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆک عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و رێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێک لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی رۆژانەیان وەلا دەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووە و بێگومان هەرچەند سوپاسگوزاری دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق بم هێشتا کەمە، کە لە رێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان پاراستووە.

هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوور بووە لە ڕەخنەکان - هەندێکیان ڕەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی رێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو رێکخراوە چی دەگەیەنێت، تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین.

وەک زۆر جار وتوومە، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە، لە کۆتاییدا هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەک کاری لەپێشینەی سەرەکیی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە. دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە. هەربژی عێراق.

News Code 223583

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha