مامۆستایانی ناڕازی هەرێمی کوردستان نامەیەک ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بکاتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانە داراییەکان و کێشەی خەڵک و هاوڵاتییەکانی بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە، سەرەڕای نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، خزمەتگوزاریی سەرەتایی، شکاندنی شکۆی تاک و تاکڕەوی لەبڕیاردان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ۱۴۰ ڕۆژ لە خۆپیشاندان و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن تا ئێستا وەڵامی داواکاریی مامۆستایانی نەداوەتەوە، کە ئەویش دابینکردنی مووچەیەکی شایستەیە لە کاتی خۆیدا و کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بۆ دابینبکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتێکدا جاڕنامەی نێودەوڵەتیی بۆ مافەکانی مرۆڤی ساڵی ۱۹۴۸ هەموو حکوومەتێکی پابەندکردووە، کە بژێوییەکی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانی دەستەبەر بکات، تاوەکوو ئازادبن لە بیرکردنەوە و بڕیاردان، تەنانەت ئەگەر بێکاریش بن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم قەیرانە نزیکەی ۱۰ ساڵە بەردەوامە و لەو ماوەیەدا حکوومەت ۱۵ مانگ مووچەی تەواوی پاشەکەوت کردووە و ۴۴ مووچەشی بە لێبڕینەوە دابەش کردووە، واتە بە کۆی گشتی هەر مووچەخۆرێکی شارستانی نزیکەی ۳۶ مووچەی تەواوی فەوتاوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوەش کراوە، هەروەها لە ساڵی ۲۰۱۶ ەوە پلەبەرزکردنەوەشیان ڕاگرتوە، هەروەها ۳۵ هەزار مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراو هەن، کە بە موچیەکی زۆر کەم کاردەکەن کە بەشی دابینکردنی لانی کەمی بژێوییەکی شایستە ناکات، بۆیە لە ئێستادا هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابووریی سەختدا دەژین.

ئاماژە بەوەش کراوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو ستەمکارییانە، مامۆستایان و فەرمانبەران، لەگەڵ چینوتوێژە جیاجیاکاندا، بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانییان، پەنایان بۆ چەندین رێگەی شارستانیی ناتوندوتیژ بردوە، بۆ نموونە ڕێکخستنی چەندین چالاکیی وەک گردبونەوە، ڕێپێوان و خۆپیشاندان.

ئەوەش  خراوەتەڕوو، لە هەمان کاتدا پێشکەش کردنی دەیەها داواکاری بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییە حکوومییەکان، بەڵام نەک هیچ گوێگرتنێک و وەڵامدانەوەیەک نەبووە، بەڵکوو دەسەڵات بەشێوەیەکی زۆر توند وەڵامی خۆپیشاندەرانی داوەتەوە، چەندین چالاکوانیان دەستگیر کردووە و ئازاریان داون.

باس لەوەشکراوە، پاش ئەو هەمو ساڵە ناچار بوون لە سەرەتای ساڵی خوێندنی ۲۰۲۳ – ۲۰۲۴ەوە بایکۆتی دەوام بکەن. لە ئێستادا دەرگای قوتابخانەکان و هەندێک لە فەرمانگە حکومییەکانی هەر دو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەردو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر داخراون و چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵی ئەو ناوچانە مەترسیی لەناوچونی لەسەرە.

لە ڕاگەیەنراوی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەبری چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم قەیرانە، هەوڵ دەدەن بە فشار و هەڕەشە و سزادان دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر ناچار بکەن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیش، کارپێکردنی زۆرەملێ جۆرێکە لە کۆیلایەتی مۆدێرن. ئەمەش زەوتکردنی بە بەرنامەی ئازادیی مرۆڤە و بە تاوان دادەنرێت.

بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ۲ی کانوونی دوەمی وەک ڕۆژی جیهانیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لە سەرانسەری جیهان دیاری کردووە. لە هەمان کاتدا ماددەی چوارەمی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، هەموو جۆرەکانی کۆیلایەتیی قەدەغە کردووە.

News Code 223009

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha