بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند، "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو" و وتووشیەتی: "وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەمان بەوەدا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وتووشیەتی، لە کۆبوونەوەکەدا "جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت."
مەسروور بارزانی وتووشیەتی: "هاوڕابووین لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لەپێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
Your Comment