بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەومیدیا بڵاوی کردەوە دادگای فیدراڵی رۆژی ۲۷ی ئەم مانگە بڕیاری کۆتایی خۆی لەمبارەیەوە دەردەکات، هەندێک لە لایەنە تورکمانو مەسیحییەکان هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەنو دواکەوتنی هەڵبژاردنی شوباتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو ئەگەرێکی بەهێزە، وردەکاری لەم راپۆرتەدا.
نامەکەی مەسروور بارزانی
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نامەیەکی بۆ هەریەکە لە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقو عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناردووە.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم، لەم نامەیەدا، مەسروور بارزانی پشتیوانی تەواوی حکومەتی هەرێمی بۆ مافی پێکهاتەکانی کوردستان راگەیاندووەو نیگەرانیو ناڕەزایی نیشانداوە لەبەرانبەر هەوڵەکانی گۆڕینو دەستکاریکردنی کورسیو مافی پێکهاتەکانی کوردستان.
مەسروور بارزانی داوایکردووە، ڕێگری لەم هەوڵانە بکرێتو مافەکانی پێکهاتەکان دەستکاری نەکرێن و پارێزراو بن.
نامەکەی مەسروور بارزانی بۆ بەرپرسانی عێراقو نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، سەرەتای ئەم هەفتەیە ژمارەیەک لە لایەنە تورکمانو مەسیحییەکان لە هەولێر کۆبونەوەو هەڕەشەی ئەوەیان کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەگەر بێتو هەڵبژاردن فرەبازنە بێتو ۱۱ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشبکرێت، ئەم لایەنانە کۆنگرەی رۆژنامەوانییان کرد، هاواریان لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کرد بەدەم خواستەکانیانەوە بچێت، دوێنێ مەسعود بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند" پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت".
نیگەرانییەکانی پارتی و سکاڵاکەی یەکێتیی
هەموو ئەم نیگەرانییانە سەرچاوەکەی بۆ سکاڵایەک دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر ۵ ماددەی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە، سکاڵایەکە کە بڕیارە رۆژی ۲۷ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەوە دەربکات.
رۆژی ۳ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی دواین دانیشتنی دادبینی لەسەر سکاڵاکەی یەکێتیی بەڕێوەبرد، لەم دانیشتنەدا دادگای فیدراڵی داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد، بۆچونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، کورسییەکانی پەرلەمان چۆن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشدەبن؟
کۆمسیۆن کە سەرۆکەکەی دادوەرێکی سنوری پارێزگای سلێمانییە، وەڵامی داوەتەوەو دەڵێ: لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانو ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارەی ۱۲ی ساڵی ۲۰۱۸ی هەموارکراو، هەرێمی کوردستان دەکرێت بە سێ ناوچەی هەڵبژاردنو ۱۱۱ کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا:
• پارێزگای هەولێر: ۳۸ کورسی بەردەکەوێت
• پارێزگای سلێمانی ۴۵ کورسی
• پارێزگای دهۆک ۲۸ کورسی
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ۱۱ کورسییەکەی "کۆتا"ی پێکهاتەکانیشی بەمشێوەیە دابەشکردووە بەسەر بازنەکاندا:
• پارێزگای سلێمانی: ۴ کورسی "کۆتا"ی بەردەکەوێت، ۲ کورسی تورکمانو ۲ کورسی مەسیحی
• پارێزگای هەولێر: ۴ کورسی "کۆتا"ی بەردەکەوێت، ۲ کورسی تورکمانو ۲ کورسی مەسیحی
• پارێزگای دهۆک: ۳ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکانی بەردەکەوێت، ۱ کورسی تورکمانو ۱ کورسی ئەرمەنو ۱ کورسی مەسیحی
پرسیاری دادگای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، پێشوەختە ئاماژەی ئەوەی بە لایەنە تورکانو مەسیحییەکان دا کە دادگای فیدراڵی تانەکەی یەکێتیی لەبارەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرەبازنەیی پەسەند کردووە، بۆیە ئەو لایەنانە هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ گۆڕینی بڕیارەکە بەر لە راگەیاندنی لەلایەن دادگاوە.
مشتومڕەکان لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، پێشبینی ئەوە لێدەکرێت بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ۲۵ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەوادەی دیاریکراوی خۆی دوابکەوێتو بکەوێتە مانگی ۵ی ساڵی داهاتوو.
یەکێتیی و کورسی پێکهاتەکان !
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبوو لە رۆژی ۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۲دا بەڕێوەبچێت، بەهۆی ناکۆکی پارتیو یەکێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنو کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم، ئەم هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا نەکرا.
دواکەواتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی ناچارکرد، بۆ جاری دووەم مەرسوم دەربکاتو وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، کۆتاییەکانی ئازاری ئەمساڵ سەرۆکی هەرێم مەرسومی دووەمی دەرکردو رۆژی ۹ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲ی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریکرد، لەماوەی مانگی ئازار بۆ تشرینی یەکەم، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم چوونە ناو زنجیرەیەک کۆبونەوە بۆ رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن، بەتایبەتیش پارتیو یەکێتیی.
لە پرسی دواکەوتنی هەڵبژاردندا، یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی لەنێوان پارتیو یەکێتیی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بوو، ئەم ناکۆکییە تاوەکو ئێستاش بەردەوامەو رەنگە دواجار سەربکێشێت بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردن لە کوردستان دوابکەوێت، کە بڕیارە ۲۵ی شوباتی ۲۰۲۴ بەڕێوەبچێت.
"کۆتا" بەواتای تەرخانکردنی رێژە یان ژمارەیەک کورسی دێت بۆ پێکهاتەیەکی رەگەزیی یان نەتەوەییو ئاینیی لە پەرلەمانو ئەنجومەنە لۆکاڵییەکان، رێوشوێنێکی کاتییەو ئامانج لێی ئەوەیە گرەنتی بەشداری پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی بکرێت لە بەشداریکردن لە بڕیاردا لەناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو.
لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتیی داوای دەکرد هەڵبژاردنی کوردستان هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ۲۰۲۱ بەڕێوەچوو، بکرێت بەشێوازی "فرە بازنەیی"، چونکە یەکێتییو هەندێک لەلایەنەکانی تر پێیانوایە شێوازی یەک بازنەیی ئەوەی بۆ پارتی فەراهەمکردووە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێتو لەشێوازی فرە بازنەییدا دەنگەکان دابەشدەبنو پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بە قەبارەی پێشتر دروستبکات، ئەوکات لە گفتوگۆکاندا پارتی لەسەر ئەم داواکارییە قایل بوو، بەڵام هاوکات لەگەڵ فرە بازنەییدا، یەکێتیی داوای دەکرد کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت، بۆ ئەمە یەکێتیی داوای دەکرد ۲ بۆ ۴ کورسی لە کۆی ۱۱ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بخرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەمە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێککەوتنو بەوهۆیەشەوە هەڵبژاردن دواکەوت.
نیسانی ئەمساڵ کاتێک دانوستانی پارتیو یەکێتیی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن چڕبووەوە، بەتایبەتیش لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی ۱۱ کورسییەکەی "کۆتا"ی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا ئەوکات پارتیو یەکێتیی رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرێم بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکییە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری لە دانوستانەکانی پارتیو یەکێتیدا دەکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی ئەوەی کرد کورسییەکی پێکهاتەی تورکمان بدرێت بە پارێزگای سلێمانی کفری، بەڵام نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان ئەم پێشنیازەیان رەتکردەوە.
ئێستا ئەگەر دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکێتییو وەڵامەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند بکات، سنوری پارێزگای سلێمانی کە یەکێتیی تێیدا باڵادەستە، لەبری ۲ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان ۴ کورسی بەردەکەوێت، بۆ یەکێتیی ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە لەرابردوودا پێیوا بووە ۱۱ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان کاندیدەکانی لەلایەن پارتییەوە دیاریکراوەو بەردەوام پێکهاتەکانی لە خزمەتی پرۆژە سیاسییەکانی خۆی لە پەرلەمان بەکارهێناوە.
تورکمان و مەسیحی لە کوردستان
بەپێی قسەی هەندێک لە بەرپرسانی تورکمان، ژمارەی ئەم پێکهاتەیە لە هەرێمی کوردستان ۳۵۰ بۆ ۴۰۰ هەزار کەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە ۳ ملیۆن کەس.
ئەگەر ئەم ژمارانە دروست بن، وەکو بەرپرسانی تورکمانی دەڵێن، مافی پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە ۵ کورسی "کۆتا"، رەنگە ئەمە هۆکارەکە بێت کە هەندێک کە کارەکتەرە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان خۆشیان دژی کورسی "کۆتا"نو پێیانوایە ئەگەر لە دەرەوەی "کۆتا" بەشداری هەڵبژاردن بکەنو ریزەکانی خۆیان یەکبخەن، ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان زیاتر دەبێتو سەرباری ئەمەش لەژێر هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەکان دێنە دەرەوە.
ئێستا کە یەکێتیی لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەیەوێت لەکۆی ۵ کورسی "کۆتا"ی تورکمان، ۲ کورسی بدات بە قەزای کفری کە لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ۵۸ هەزار کەس لە قەزای کفریدا نیشتەجێن، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە کە ژمارەی تورکمانەکان لە قەزای کفری دەستنیشان بکات، بەڵام بەپێی ئامارێکی بەرەی تورکمانی ۸۰۰ خێزانی تورکمان لە کفریدا هەن، سەرباری ئەمە، لەدواین هەڵبژاردندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ کاندیدی تورکمانەکان لەم قەزایە کە خاتونێک بوو بەناوی بسن جیهاد محەمەد لە بەرەی تورکمانیی، تەنیا ۳۳۴ دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە هۆکارەکەیە کە لایەنە تورکمانەکانی هەولێر دژی دابەشکردنی کورسی تورکمانن بەسەر بازنەکانداو دەڵێن زۆرینەی تورکمانی هەرێمی کوردستان لەناو سەنتەری شاری هەولێردا نیشتەجێنو کفری ژمارەیەکی کەمتر تورکمانی تێدایە.
بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی تر کە درەو بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئێستا ژمارەی تورکمانەکان لە قەزای کفری نزیکەی ۲ هەزار کەس دەبێت کە دابەشبوون بەسەر نزیکەی ۴۵۰ خێزاندا.
ئەوە هەر لایەنە تورکمانییەکان نین کە دژی دابەشکردنی کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکانن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، هەندێک لە لایەنە مەسیحییەکانیش دژی ئەم دابەشکردنەن.
رۆژی ۲۴ی مانگی رابردوو، جینان جەبار بۆیا کە ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا کردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سکاڵاکەی یەکێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو.
ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان وەکو پێکهاتەی مەسیحی شێوازی فرە بازنەیی هەڵبژاردنیان قبوڵ نییەو وتی:" یەکێتیی داوایکردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت، وایان دابەشکردووە پێنج کورسیی مەسیحییەکان بەشێوەیەک دابەش بکرێت کە دوو کورسی بۆ سلێمانی، دوو کورسی بۆ دهۆکو یەک کورسی بۆ هەولێر بێت".
"لە سلێمانی ۱۲۰ خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە ۶۰ خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیکە ئاوارەن، بەڵام لە عەنکاوە هەولێر چوار هەزار خێزانی کلدانی هەیە، ناکرێت بۆ ۱۲۰ خێزان دوو کورسی تەرخان بکرێتو لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنکاوە یەک کورسی تەرخان بکرێت، جگە لە قەزاکانی شەقڵاوەو کۆیە کە ژمارەیەکی زۆر مەسیحی لەوێش هەن" پەرلەمانتارە مەسیحییەکە وا دەڵێ.
بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێستا لە عێراق کەمتر لە ۲۵۰ هەزار مەسیحیی هەن، نزیکەی ۲۰۰ هەزار کەسیان لەناوچەکانی دەشتی نەینەواو هەرێمی کوردستاندا دەژین.
مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان جگە لە ۵ کورسی "کۆتا"ی پێکهاتەکان، پۆستێکی وزاریشیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا پێدراوە کە پۆستی وەزری گواستنەوەو گەیاندنەوە ئانۆ جەوهەر لە پۆستەکەدا دانراوە.
Your Comment