بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی دووشەممە ۱۸ـی مارسی ۲۰۲۴، کریستییانەکان کە لە ۱۰ حیزب و لایەن پێکهاتوون، ڕایانگەیاند: "وەک نوێنەرانی کریستیانەکان لە کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن لە هاوپەیمانی حەموورابی و هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی و دەستەی باڵای سیاسی کلدانی، بە چاوی رێزەوە لە بەیاننامەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڕوانین و پشتیگری لە بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین، کە لە ژێر واقعێکی نادەستووری و نایاسایی و سیستمێکی نادادپەروەرانەی سەپێنراو ئەگەری بەڕێوەچوونی هەیە".
وەکو لە راگەیەنراوی کریستیانەکاندا ئاماژەی پێدراوە، "بڕیاری کریستیانەکان و تورکمان و دواتر بڕیاری یەکلاکەرەوەی پارتی دیموکراتی کردستان، وەک یەکەمین و گەورەترین هێزی جەماوەری و سیاسی کوردستان، هەنگاوێکی چارەنووسسازە لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی، دەستوور، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سروشتی فیدراڵی عێراقە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوپاسی جەنابی سەرۆک، کاک مەسعود بارزانی دەکەین، جارێکی دیکە ئەوەیان سەلماند جەنابیان لە گشت قۆناخە ئەستەم و چارەنووسسازەکان یەکەمین و بەهێزترین داکۆکیکاری راستەقینەن لە بەهاکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و قەوارەی فیدراڵی و دەستووری کوردستان و عێراق".
ئەو ۱۰ لایەنەی کریستیانەکان دووپات لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و دەڵێن، "جەخت لە هەڵبژاردنێک دەکەینەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دامەزراوە یاسایی و دەستووری و دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و لەژێر یاسایەکی کوردستانی و بە رێکخستنی کۆمسیۆنێکی بێلایەنی کوردستانی، بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی، کە هەڵبژاردنێکی کوردستانی بێت و بۆ گشت کوردستانییەکان بێت، بە یاسایەکی کوردستان نەک یاسایەکی سەپێندراوی هاوردەکراوی دەرەکی".
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا جارێکی دیکە پشتگیری لە بەیاننامەی پارتی کراوە و دەڵێت، "پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین لە پێناو پاراستنی دیموکراسی و بێلایەنی دامەزراوەکانی یاسایی و پاراستنی دەستووری عێراقی فیدراڵە و دژی هەر بڕیارێک دەوەستینەوە کە دەبێتە ئەگەری تێکدانی سیستمی فیدراڵی و دیموکراسی عێراق" و وەکو ئاماژەشی پێدراوە، "ئەمەی ئەمڕۆ وەک واقیع و دەستوور بەرقەرارە، بەرهەمی خوێنی پیرۆزی سەدان هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم نیشتمانەیە.
لەژێر راگەیێندراوەکەدا ناوی حیزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان، حیزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان، لیژنەی ئیدارەی تائیفەی ئەرمەن، رەوتی شلاما بۆ کاروباری کریستیانەکان " کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن"، حیزبی یەکێتی دیموکراتی کلدان، هاوبەندی جیهانی کلدان، کۆمەڵەی ئەرمەن، هاوپەیمانیی حەمورابی – عێراق، هاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی - هەرێمی کوردستان و دەستەی باڵای سیاسی کلدانی هاتووە.
Your Comment