لە ئەمڕۆوە بۆ سێ ڕۆژ لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر پرسە بەڕێوەدەچێت

بەشی ئێران- کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت لە ئەمڕۆ ۲۱ی ۵ی ۲۰۲۴ەوە بۆ سێ رۆژ پرسەی سەرۆک کۆمار و یاوەرانی لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەسروڵڵا ڕەشنودی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆمەڵێک پەیامی سەرەخۆشییان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و جیهان پێگەیشتووە.

نەسروڵڵا ڕەشنوودی وتیشی: "ئەمە ڕووداوێکی گەورە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام لەسەر بنەمای دەستووری ئێران و ڕەزامەندی ڕێبەری ئێران، دەستبەجێ محەممەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار، وەکوو بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبەرایەتی وڵات دەستبەکاربوو و ئێستا حکوومەت لەسەر سکەی خۆی دەڕوات".

سەبارەت بە رێوڕەسمی پرسەی قوربانییانی ڕووداوەکە، نەسروڵڵا ڕەشنوودی وتی: "رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەیامێکدا پێنج رۆژی وەکوو ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندووە و هەر بەم پێیەش ئێمە ئاڵاکەمان نیوە شەکاوە دەبێت و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، هاوکات لە ڕۆژی ۲۱ی ۵ی ۲۰۲۴ەوە دەفتەری یادەوەری بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە کاژێر ۰۹:۰۰ـی بەیانی تاوەکوو ۰۴:۰۰ـی ئێوارە دادەنێین و پێشوازی لە میوانە ئازیزەکان، کەسایەتییەکان، نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێم و حیزب و لایەنەکان و ئێرانییەکانی دانیشتووی ئێرە دەکەین".

کۆنسوڵی ئێران وتیشی: "هەموو لایەنەکانی ئەو رووداوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام وەکوو دیارە ڕووداوەکە بە کارەساتێکی سرووشتی و بەهۆی نالەباربوونی کەشوهەوا ڕوویداوە، بەڵام ئەگەر دەپرسن ئێران گومانی لە هیچ وڵاتێک هەبێت لەوەی دەستی لە ڕووداوەکە هەبێت، من ئاگاداری ئەمە نیم".

News Code 223538

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha