بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانی نابێت بچنە سەنگەری ناحەزانی کوردستانەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسیە و نەحەزانی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە، هەر لایەنێکیش بە بڕیارەکە خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت و چۆتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مافی پێکهاتەکان پێشێل کراوە، جگە لەوەی هیچ حسابێک بۆ سەروەریی هەرێمی کوردستان نەکراوە، هەر لایەنێکی سیاسی بەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت و چۆتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە".

ناوبراو وتیشی: "ئەمە بڕیارێکی سیاسیە ناحەزانی خەڵکی کوردستان ئەم بڕیارەیان داوە، نابێت گۆڕان و یەکێتی بچنە سەنگەری ناحەزانی خەڵکی کوردستانەوە، چوونکە هەموومان بەرپرسیارێتیەکی قورسی ئەخلاقی و نیشتیمانیمان لەسەرە".

ڕۆژی چوارشەممە، ۲۱ ی مانگی ۲ ی ۲۰۲۴، دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕێگەی یەکلایی کردنەوەی دوو سکاڵاوە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستانی بەتەواوەتی شەڵەقاند و پەرتەوازەیی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان دروستکرد.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە ۱۱۱ کورسییەوە بۆ ۱۰۰ کورسی کەم دەکرێتەوە و کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.

یەکێتی و گۆڕان و بەشێک لەلایەنەکانی تر پاڵپشتی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەن، هەرچی پارتی و پێکهاتەکانە نیگەرانن لە بڕیارەکە، بە پێیەی کە ۱۱ کورسی پێکهاتەکان کە بە نزیک لە پارتی دادەنرێن لابراون.

ڕۆژی ۱۱ی مانگی ۲ی ۲۰۲۴، چۆمان محەمەد، ڕێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەنها خواستی یەکێتی نییە، بەڵکوو زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ گۆڕانکارین لە یاساکەدا و ئێمە بەر لە حزبەکانی تر لە پەرلەمانی کوردستان داوای گۆڕانکاریمان کردبوو".

هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، داواکەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان تۆمار کردبوو، بڕیارەکە بە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان دەزانن.

پێشتر لە ۲۲ی ئەم مانگە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "هەوڵەکەی یەکێتی دەستکەوتێک نییە بۆ بەرژەوەندی یەکێتی، بەڵکوو دەستکەوتە بۆ سیستەمی دیموکراسی، خەڵکی کوردستان، دەنگدەران، پارێزگاکان و بۆ هەموو حزبەکانیش. وەک یەکێتی نەک هەرپشتگیری دەکەین بەڵکوو هەوڵێکی زۆرمان لەو پێناوەدا داوە".

ئاری هەرسین دەڵێت: "پاڵپشتی یەکێتی و لایەنەکان بۆ بڕیارەکە خۆ جیاکردنەوەیە، هەم خوشک و برایان لە یەکێتی هەم لە گۆڕان ئەوان بیریان دەچێتەوە کە بابەتەکە بەرژەوەندی پارتی نییە، بەرژەوەندی خەڵک و سەروەری و پێگەی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئەوان خۆیان بە بەشێک لەوە نابینن ئەوە شتێکی ترە".

ئاری هەرسین وتیشی: "ئێمە لە هەرێم حکوومەتمان هەیە، حکوومەتی هەرێم بە تاکید هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە چەوتە ڕاستبکاتەوە. وەک پارتیش لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەبێت هەڵوێستێکی چوونیەکمان هەبێت، چوونکە ئەمە شتێک نییە تەنها بەرامبەر پارتی کرابێت، دژی یەکێتی و برا ئۆپۆزسیۆنەکانیش کراوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی حکوومەتی هەرێم بکەین بۆئەوەی ئەم پێشێلکاریەی بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە بەری پێبگرین".

News Code 223107

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha