بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاڵدار خەلیل ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، لەبارەی ساڵێک لە دەسەڵاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، له چاوپێكهتنێكدا لهگهڵ ئاژانسی هەواڵیی فورات ڕایگهیاند: "ساڵێک تێپەڕی کە تێیدا ڕژێمی بەعسی سووریا ڕووخێنرا و هەتەشە لە دیمەشق هاتە سەر دەسەڵات، هەتەشە خۆی نەهاتە سەر دەسەڵات و هێنایانە سەر دەسەڵات".
ئاماژهی بهوهشكرد، ئهو هێزانە بەیەکەوە مامەڵەیان کرد. بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی غەززە و شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، هاوسەنگییەکان لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەرداهات، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر بڕیاری گۆڕینی ڕژێم هەبوو. بەڵام هەتەشە کە لە دیمەشق دەسەڵاتدارە، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی گەلی سووریا ناکات.
ئاڵدار خەلیل دهشڵێت: "هەتەشە نە نوێنەری شۆڕشە و نە هەڵگری ئیرادەی گەلانە، بەپێچەوانەوە، ئەو حکوومەتەی کە دامەزراوە، لە ناوەڕۆکدا ڕووییەکی تری ڕژێمی بەعسە، تاکە شت کە گۆڕاوە، مەیلی ئایدۆلۆژییە، پارتی بەعس لە ڕابردوودا خۆی لەسەر هێڵێکی چەپ پێناسە دەکرد، ئەمڕۆ هەتەشە پشت بە هێڵێکی ئایدۆلۆژیی ڕاستڕەو و ڕادیکاڵ دەبەستێت، لەبری ئەوە لە بواری ئابووری، سیستەمی دادوەری، تێگەیشتنی پەرلەمان، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و شێوازی کارکردندا ئەو وێنەیەی هاتوەتە ئاراوە، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سووریا نیشان نادات".
لهبارهی پرسی چارهسهری له سووریا، ئاڵدار خەلیل ڕوونیكردهوه: "ئەو ڕێبازانەی کە لەمڕۆدا پەیڕەو دەکرێن، نیشانی نادەن کە چارەسەرییەک بۆ شۆڕش بەرهەمهێنراوە، دیمەشق خۆی وەکوو پایتەختی سووریا پێناسەدەکات، بەڵام لە کرداردا پەیوەندیی ئەو لەگەڵ بەشێکی گەورەی وڵاتەکە دابڕاوە. لەو ناوچانە دەسەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی ناکرێت، بۆ نموونە ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تورکیا، کاریگەریی دیمەشق لەو ناوچانە چەندە؟ ئەو حکوومەتە ڕاگوزەرەی دامەزراوە، لە ماوەی ساڵێکدا لەو ناوچانە تا چەند توانی بوونی خۆی نیشان بدات، دامەزراوەکانی دابمەزرێنێت و بەڕاستی بڵێت "ئێرە خاکی سووریایە"؟ نەیتوانی".
ئهوهشی خستهڕوو، "دۆخی ناوچە کەناراوەکانیش بە هەمان شێوەیە، مەگەر لازقیە و تەرتوس بەشێک نین لە سووریا؟ لەو ناوچانەش دەسەڵاتی دیمەشق نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەکی کاریگەری هەبێت، لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان لە باشووری سووریا، دیمەنێکی هاوشێوەی دوو دەوڵەتی دراوسێ هاتووەتە ئاراوە، کە لە تەنیشتی یەکن، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بەڕێوەبەری و ڕێکخراوکردنێک هەیه، تاوەکوو ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەت لێرە کار ناکات. وێڕای ئەوەش ڕێککەوتننامە و هاوپەیمانیی جۆراوجۆر هەن".
ئاڵدار خەلیل لە بارەی بەردەوامیی کوشتنی خەڵکانی مەدەنی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و ڕەشبگیری و کۆچبەرکردنی زۆرەملێوە لە سووریا ڕایگەیاند: "پێکهاتەیەک کە دیموکراتیک نەبێت، خاوەنی کەلتورێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نەبێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی شۆڕشێک بکات، هەرخۆی ئەو شتانەی کە لە ساڵێکدا ڕوویاندا ئەمەیان بە ڕوونی نیشاندا، کۆمەڵکوژیی زۆر ڕوویاندا، ستەمی زۆر لە خەڵک کرا. لە سووریا خەڵکی تەنها لەسەر ناسنامەی خۆیان دەکوژرێن، لە کەسێک دەپرسن "ئایا تۆ عەلەویت؟"، تەنها گوتنی "من عەلەویم" بەسە بۆ سەربڕینی یان کوشتنی".
ڕوونیشیكردهوه، "لە ناوچە کەناراوەکان لە سەرەتای ساڵەوە دەستیان بە هێرش کرد، بەهەزاران مرۆڤ کوژران، هەزاران ژن ڕفێنران. هێشتا ئەم کردەوانە بەردەوامن، لە سوەیداش هێرشی لەم شێوەیە ئەنجامدران، لەوێ خەڵک بەرخۆدانی کرد و ئەم کردەوانەی قبووڵ نەکرد، بەڵام دەرفەتیان کەم بوو. ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە، مامەڵەیەکی زۆر توند لەگەڵ کۆمەڵگەی سووریادا دەکەن، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەش هەمان ڕێبازیان بەکارهێنا. هێرشیان کردە سەر ئەم گەڕەکانە، ویستیان داگیری بکەن، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو، بریتیبوو لە بەرخۆدانی گەل. ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبوایە، ئەوەی لە ناوچە کەناراوەکان کردیان، لەوێش دەیانکرد".
پهیوهست به ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی ههسهده، ئاڵدار خهلیل وتی: "باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە، دەگوترێت با سیستەمی بەرگریتان نەبێت، "با هەسەدە کۆتایی پێ بێت. بە بیانووی ئەنتێگراسیۆنەوە دەیانەوێت خەڵک بێ پاراستن بهێڵنەوە. ئامانجیان ئەوەیە کە سیاسەتەکانی خۆیان بەئاسانی پەیڕەو بکەن" .
پهیوهست به پرسی كورد له سووریا، ئهو بهرپرسهی رۆژاڤا وتی: "پرسی کورد لە سووریا چۆن چارەسەر دەبێت؟ دەبێت ئەوە لە بیرنەکرێت کاتێک باسی پرسی گشتی سووریا و دیموکراتیزەبوون دەکەین، نابێت پرسی کورد لە دەرەوەی کارنامە بمێنێتەوە، پرسی کورد لە سووریا پرسێکی بنەڕەتییە، چی دەڵێین؟ چارەسەری پرسی کورد لە کوێ بەدی دێت؟ لە سووریایەکی دیموکراتیکدا بەدیدێت، کاتێک سووریایەکی دیموکراتیک دامەزرا، پرسی کوردیش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر دەبێت، ئەوەش بە دیالۆگ و ئاشتەوایی دەکرێت، دوو شاندمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراندوە".
Your Comment